10 ئافرەت ب توهمەتا ئەندامبوونا داعش د گرتيخانێن كوردستانێ دانه
رووداو – هەولێر
10 ئافرەت بە تۆمەتی پەیوەندییان بە رێكخراوە چەکدارە تووندڕەوەكانەوە، لەوانەش داعش و ئەلقاعیدە، لە بەندیخانەكانی چاكسازیی هەرێمی كوردستاندا دەستبەسەرن. ژمارەیەك لەو ئافرەتانە دانیان بەوەدا ناوە كە بۆ كردەوەی خۆكوژی هاتبوونە كوردستان، بەڵام ژمارەیەكیان دەڵێن ئەوان تەنیا بەهۆی پەیوەندیی كەسوكاریان لەگەڵ داعش، دەستگیركراون.
گۆڤاری (فۆرێن ئەفەیرز)ی ئەمریكی لە راپۆرتێكدا باس لە بارودۆخی ژمارەیەك ئافرەت لە بەندیخانەكانی كوردستان دەكات، كە تۆمەتبارن بەوەی پەیوەندییان بە رێكخراوە تووندئاژۆ ئیسلامییەكانەوە هەبووە. یەكێك لەو ئافرەتانەی لە راپۆرتەكەدا ئاماژەی بۆ دەكرێ، ژنێكی عێراقیی خەڵكی پارێزگای سەلاحەدینە كە لە راپۆرتەكەدا بە ناوی خوازراوی “نادیە” ناوی دەهێنرێ و تۆمەتبارە بەوەی پەیوەندی بە داعشەوە هەبووە. بەڵام نادیە ئەو تۆمەتە رەتدەكاتەوە و باس لە بەسەرهاتێكی جیاواز دەكات.
نادیە، تەمەن 22 ساڵ، لە ساڵی 2012ەوە زەماوەندی كردووە و خاوەنی كچێكە، بەڵام ماوەی یەك ساڵ دەبێ لە دەست هاوژینەكەی كە ئەندامی داعش بووە، رایكردووە و لەو كاتەشەوە چاوی بە كچەكەی نەكەوتووە. وەكوو خۆی باسی كردووە، دوو ساڵی یەكەمی ژیانیان زۆر ئاسایی بووە، بەڵام لەگەڵ هێرشەكانی داعش و گیرانی گوندەكەیان لەلایەن ئەو رێكخراوەوە، شتەكان لە نێوان خۆی و هاوژینەكەی تێكچوون.
بەگوێرەی راپۆرتەكە، لە كاتی هێرشەكانی داعشدا لە 2014 ، هاوژینەكەی نادیە، بە پێچەوانەی زۆربەی دانیشتووانی گوندەكەیان، بڕیاری داوە بۆ پاراستنی مەڕ و ماڵاتەكەی گوندەكە جێنەهێڵێت، بەڵام چەند مانگ دواتر سوپای عێراق جارێكی دیكە گوندەكەیانی گرتەوە، خەڵكی گوندیش لە كاتی گەڕانەوەیان نادیە و هاوژینەكەیان دەركرد، بە گوتەی خۆی، خەڵكی گوند تۆمەتباریان كردوون بەوەی ئەندامی داعشن.
پاش ئەمە، نادیە و هاوژینەكەی و كچە ساواكەیان رێگەی مووسڵ دەگرنەبەر. بە گوتەی نادیە هاوژینەكەی لە مووسڵ كاری دەست نەدەكەوت، بۆیە چووبووە نێو داعش و لەوێ كردبوویان بە پاسەوانی خاڵێكی پشكنین. وەكوو نادیە باسی دەكات، هاوژینەكەی سەرەتا تەنیا بۆ بەخێوكردنی خێزانەكەی چووبووە نێو داعش، بەڵام پاش ماوەیەكی كەم “داعش مێشكی شۆردەوە و كردی بە كەسێكی گرژ و مەزاجی”.
نادیە سەبارەت بەو گۆڕانكارییەی داعش لە هاوژینەكەیدا دروستی كردبوو، بە (فۆرێن ئەفەیرز)ی راگەیاندووە “هەتا نەچووبووە نێو داعش، قەت لێی نەدەدام، بەڵام ئەوان گۆڕییان، ئەوان عەقڵیان تێكدا”.
بەپێی راپۆرتی گۆڤارەكە، پاش ماوەیەك داعش داوای لە هاوژینەكەی كردبوو بچێتە بەرەكانی جەنگ، بەڵام هاوژینەكەی بەمە رازی نەبووە، بۆیە داعش هاوژینەكەیان گرتووە و ئەشكەنجەیان داوە. داعش لە تشرینی دووەمی 2015 هاوژینەكەی نادیەی ئازاد كردبوو، ئەویش رۆژی دواتر رایكردبوو بۆ توركیا. كاتێك داعش بەمەی زانیبوو، تفەنگیان لەسەر سەری نادیە دانابوو بۆ ئەوەی شوێنی هاوژینەكەی ئاشكرا بكات.
بە گوتەی نادیە، خزمەكانی هاوژینەكەی بڕیار دەدەن ئەویش رەوانەی توركیا بكەن. بۆیە بە قاچاخ و لە رێگەی سووریاوە ئاودیوی توركیای دەكەن. بە گوتەی خۆی، پاش چەند هەفتە دەگاتە لای هاوژینەكەی، بەڵام لەوێ بە بەردەوام بە دەست هاوژینەكەیەوە لێدانی خواردووە. بۆیە بڕیاری دابوو بگەڕێتەوە عێراق، بەڵام كاتێك هاوژینەكەی پێی زانیبوو لە شوققەكە دەریكردبوو بەبێ ئەوەی كچەكەی بداتەوە. نادیە رێگەی گەڕانەوە بۆ عێراق دەگرێتەبەر.
وەك لە راپۆرتەكەدا هاتووە، لەسەر سنووری هەرێمی كوردستان و توركیا لە لایەن هێزەكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە دەستگیر دەكرێ. چونكە لەناو مۆبایلەكەیدا وێنەیەكی نادیە دەدۆزنەوە كە تێیدا كڵاوێكی بە لۆگۆی داعشەوە لەسەر كردووە. نادیە خۆی وێنەكە بە “گاڵتەكردن” بە داعش ناوزەد دەكات. بەگوێرەی راپۆرتەكە، لە وێنەكەدا قژی رووتە و ئارایشتێكی خەستی كردووە. نادیە دەڵێت “ئەم وێنەیە بۆ سووكایەتیكردن بە داعش بووە، ئەگەر داعش ئەم وێنەیەی بینیبایە بێگومان سەریان دەبڕیم”.
لە وێنەیەكی دیكەشدا هاوژینەكەی نادیە بە خۆی و ریشێكی درێژ و چەكێكەوە دەركەوتووە. نادیە بە گۆڤارە ئەمریكییەكەی راگەیاندووە كە ئەو خۆی ئاسایشی ئاگادار كردووەتەوە لەوەی هاوژینەكەی داعشە.
نادیە نزیكەی یەك ساڵە لە بەندیخانەیەكی هەرێمی كوردستانە و تۆمەتەكەشی ئەندامێتییە لە گرووپێكی تیرۆریستی كە حوكمەكەی هەتا 15 ساڵ دەچێت.
دیندار زێباری، سەرۆكی لیژنەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە ئەنجوومەنی وەزیران، بە گۆڤارە ئەمریكییەكەی راگەیاندووە كە “وێنەكانی سەر مۆبایلی نادیە ئاماژەیەكن بۆ پشتگیریی ئەو ئافرەتە لە داعش”.
نادیە یەكێكە لەو دە ئافرەتەی كە بە تۆمەتی پەیوەندی بە دۆسیەی تیرۆرەوە دەستگیركراوە، دوو لە ئافرەتەكان دانیان بەوەدا ناوە كە هەوڵی كاری خۆكوژییان داوە. بەڵام هەشتەكەی دیكەیان لای گۆڤارە ئەمریكییەكە بانگەشەی ئەوەیان كردووە كە تاكە تاوانیان ئەوەیە بەهۆی هاوسەگیری یان پەیوەندیی خوێنییەوە دەبەسترێنەوە بە یەكێك لە ئەندامانی داعش یان قاعیدە. ژمارەیەك لەو ئافرەتانە گازندەی ئەوە دەكەن كە ماوەیەكی زۆرە لە گرتووخانەدان، بەبێ ئەوەی هیچ پارێزەرێكیان بۆ گیرابێت یان دادگایی كرابن.
لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بە كەیسی ئافرەتێكی ئێزدیش دەكرێ بەناوی باسمە دەروێش كە دایكی سێ منداڵە و دەزگای ئاسایشی كوردستان تۆمەتباری كردووە بەوەی لە كوشتنی سێ پێشمەرگەدا دەستی لەگەڵ داعشدا تێكەڵ كردووە.
لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە دەكرێ كە دادگای هەولێر، سكاڵاكەی ئاسایشی رەتكردووەتەوە و لە راپۆرتەكەدا ئەمە بە “هەنگاوێكی باش بۆ دادپەروەری” ناوبراوە. بە گوێرەی راپۆرتەكەی (فۆرێن ئەفەیرز)، باسمە ئێستا چاوەڕێ دەكات مانگێك تێپەڕێت، بۆ ئەوەی دەركەوێ ئاخۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای تێهەڵچوونەوە لە دۆسیەكەی دەكات یان نا.
دینداری زێباری لەبارەی ماوەی پرۆسە یاساییەكانی كەیسەكانی تیرۆر بە (فۆرێن ئەفەیرز)ی راگەیاند “پڕۆسە یاساییەكانی پەیوەندیدار بە دۆسیەی تیرۆر ئاڵۆزترن لە كەیسە ئاساییەكان، بۆیەش كاتی زیاتریان دەوێ”.
سەبارەت بە پارێزەری یاساییش، زێباری جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەگەر نادیە و هەموو ئەوانی دیكە خۆیان نەیانتوانی پارێزەر بگرن، ئەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان پارێزەریان بۆ دەگرێ.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی