حوزه‌یران 22, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

سالانە 400 هەزار موبەلایدە دئێنه‌ كوردستانێ

سالانە 400 هەزار موبەلایدە دئێنه‌ كوردستانێ
رووداو-هەولێر

بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و كەمیی كارەبای نیشتمانی، بازاڕی هاوردەكردنی موبەڕیدەی لە هەرێمی كوردستان گەرم كردووە، بازرگانانی كوردستان ساڵانە نزیكەی 400 هەزار موبەڕیدەی ئاسن و پلاستیك بەهەموو قەبارەكانی لە ئێران و چینەوە هاوردە دەكەن.

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان، خاوەنی ئامارێك نییە لەبارەی ژمارەی ئەو موبەڕیدانەی كە ساڵانە لە ئێران و چینەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن، بەڵام بە گوتەی بازرگانان، ساڵانە نزیكەی 200 تاوەكو 250 هەزار موبەڕیدەی ئاسن و 200 هەزار موبەڕیدەی پلاستیك لە ئێران و چینەوە دەهێنرێن.

كەریم رەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای ئەلینا بۆ بازرگانیی گشتی و هاوردەكردنی موبەڕیدە كە بریكاری 5 ماركەی موبەڕیدەی ئاسنی ئێرانییە، بە (رووداو)ی گوت: “بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە وەرزی هاوین و كەمیی كارەبای نیشتمانی، خواستێكی زۆر لەسەر موبەڕیدە هەیە، بۆیە بازرگانان ساڵانە 200 تاوەكو 250 هەزار موبەڕیدەی ئاسن و نزیكەی 150 تاوەكو 200 هەزار موبەڕیدەی پلاستیك لە هەرێمی كوردستان ساغ دەكەنەوە”.

كەریم رەسوڵ، پێیوایە هۆكاری بەردەوامیی فرۆشی ئەم ژمارە زۆرەی موبەڕیدە لە هەرێمی كوردستان جگە لە زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، بۆ خراپیی جۆری بەشێك لەو موبەڕیدانەش دەگەڕێتەوە كە بازرگانان بەگوێرەی خواستی بازاڕ هاوردەی دەكەن. كەریم رەسوڵ گوتی: “موبەڕیدە هەیە بەهۆی خراپیی جۆری پلێت و ماتۆڕی زیاتر لەساڵێك كار ناكات، بۆیە بۆ ساڵی داهاتوو خاوەنەكەی ناچارە موبەڕیدەیەكی دیكە بكڕێت، ئەمەش زیان بە ئابووریی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت، چونكە پارەیەكی زۆر بۆ موبەڕیدەی خراپ دەچێتە دەرەوە”.

كەریم رەسوڵ، نزیكەی 18 ساڵە موبەڕیدە دەفرۆشێ‌، پێشتر ساڵانە 150 تاوەكو 180 هەزار موبەڕیدەی ئاسنی لە ئێران هاوردە دەكرد و لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان و هەندێ شاری عێراق بە تاك و كۆ دەفرۆشت، بەڵام ئەمساڵ كەمتر لەم بڕەی هاوردە كردووە. كەریم دەڵێت: “لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەك بازرگان و كۆمپانیای دیكە بریكاری هەندێ ماركەیان وەرگرتووە و خەریكی ئەم كارەن. عێراقیش بۆ هاوردەكردنی هەر موبەڕیدەیەك لە بازگەی سەفرە 27 دۆلار گومرگ وەردەگرێت، بۆیە وەك جاران ئەو ژمارەیەمان بۆ ساغ نابێتەوە، ئەمساڵ تا ئێستا تەنیا 60 هەزار موبەڕیدەی ئاسنمان لە ئێرانەوە هاوردە كردووە”.

بە گوتەی كەریم، بازاڕی موبەڕیدە ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو باشترە، هۆكارەكەشی بۆ دانیشتووانی شاری مووسڵ دەگێڕێتەوە و دەڵێت: “بەهۆی مووسڵەوە ئەمساڵ بازاڕی فرۆشتنی موبەڕیدە باشتر بوو لەساڵی رابردوو، چونكە بەبێ‌ وەرگرتنی گومرگ موبەڕیدە لە هەرێمی كوردستانەوە دەچێت بۆ مووسڵ. بەپێچەوانەوە حكومەتی عێراق بۆ هەناردەكردنی هەر موبەڕیدەیەك لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ شارەكانی دیكەی عێراق 27 دۆلار وەردەگرێت”.

نزیكەی 50 ماركەی موبەڕیدەی ئاسن بە هەموو قەبارەكانییەوە لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا هەن، نزیكەی 99%یان ماركەی ئێرانین، بەگوێرەی كواڵیتی و قەبارەیان نرخیان جیاوازە، بۆ نموونە نرخی موبەڕیدەیەكی 2.5ی ئاسن بەگوێرەی كواڵیتی نرخی لە 70 دۆلارەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە 175 دۆلار.

نووری كەریم، خاوەنی پێشانگایەكی فرۆشتنی موبەڕیدەی ئێرانی لە شاری هەولێر كە بریكاری ماركەی گوڵدنی ئێرانییە، موبەڕیدە بە قەبارەی 2 تاوەكو 6.5 هاوردە دەكات، دەڵێت “لە هەرێمی كوردستان بەگشتی و شاری هەولێر بەتایبەت خواستێكی زۆر لەسەر موبەڕیدە هەیە، بۆ نموونە تەنیا من لە هەردوو پێشانگاكەم ئەمساڵ نزیكەی 10 هەزار موبەڕیدەم بەجوملە و تاك فرۆشتووە، بەدەیان پێشەنگا و بازرگانی هاوشێوەی منیش لە هەولێر هەن، بۆیە پێشبینی دەكەم ئەمساڵ تەنیا لە هەولێر نزیكەی 100 هەزار موبەڕیدە بەتایبەت لە هەردوو قەبارەی 2.5 و 4.5 فرۆشرابێت”.

نوری كەریم هەروەها گوتی :”ئەمساڵ خواستێكی زۆریش لەسەر موبەڕیدەی پلاستیك هەبوو، پێشبینی دەكەم كۆمپانیا و پێشەنگاكان بە تەنیا لە هەولێر ئەمساڵ نزیكەی 75 هەزار موبەڕیدەی پلاستیكیان فرۆشتبێت”.

نووری دەڵێت خەڵكی كوردستان بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی زیاتر خواستیان لەسەر موبەڕیدەی كواڵیتی بەرزە، بۆیە زۆربەی ئەو موبەڕیدە كواڵیتی نزمانەی بازرگانان هاوردەیان كردوون بۆ شاری مووسڵ هەناردە كراون، ئەوانە نرخیان بە جوملە لە نێوان 60 تاوەكو 70 دۆلاردایە”.

جگە لە موبەڕیدەی ئاسن، ماوەی چەند ساڵێكە لە هەرێمی كوردستان خواست لەسەر موبەڕیدەی پلاستیكیش زیاد بووە كە بەشێكیان لە چین و ئێرانەوە هاوردە دەكرێن، چەند كارگەیەكیش لە هەرێمی كوردستان بۆ پێكەوانانی ئەو جۆرە موبەڕیدانە دامەزراون.

كەریم رەسول، كارگەیەكی بۆ دروستكردنی موبەڕیدەی پلاستیك لە هەولێر دامەزراندووە، ئەمساڵ 21 هەزار موبەڕیدەی بە سێ ناو و ماركەی جیا خستووەتە بازاڕەوە. ئەو دەڵێت: “ماوەی دوو ساڵە خواستێكی زۆر لەسەر موبەڕیدەی پلاستیك زۆر بووە، ساڵانە لە هەرێمی كوردستان 150 تاوەكو 200 هەزار موبەڕیدەی پلاستیك دەفرۆشرێت كە نرخی جوملەیان بەگوێرەی قەبارە و كواڵیتی لە 100 دۆلارەوە دەگاتە 250 دۆلار”.

لە هەرێمی كوردستان تەنیا یەك كارگەی بەرهەمهێنانی موبەڕیدەی ئاسن هەیە، ئەویش بەهۆی لێشاوی موبەڕیدەی ئێرانی و دابەزینی بەهای تومەن، خەریكە دابخرێ‌. كارگەكە جگە لە ژمارەیەك موبەڕیدەی ساڵی رابردوو، هیچ موبەڕیدەیەكی تازەی دروست نەكردووە، ئەمە لەكاتێكدایە پێش شەڕی داعش ساڵانە 7 هەزار موبەڕیدەی دەخستە بازاڕەوە.

عادل محەممەد، خاوەنی كارگەی سوپەر ئەلیكترۆنیك بۆ دروستكردنی موبەڕیدەی ئاسن لە ناوچەی چیمەنی نزیك شاری كەركووك، دەڵێت: “ئەمساڵ بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی پلێت و هەرزانیی نرخی موبەڕیدەی ئێرانی كە هۆیەكەی دابەزینی نرخی تومەنە، هیچ موبەڕیدەیەكمان دروست نەكرد، تەنیا 250 موبەڕیدەی ساڵی رابردوومان مابوو خستمانە بازاڕ”.

عادل موبەڕیدەكانی بە جوملە بە 155 دۆلار لە بازاڕ دەفرۆشت، بەڵام هەمان موبەڕیدە كە ئێران دروستی دەكات، بەهۆی دابەزینی بەهای تومەنەوە لە كوردستان بە 65 دۆلار دەفرۆشرێ‌، بۆیە عادل ناچار بوو بەرهەمهێنان لە كارگەكەی رابگرێ‌.

سووریا موبەڕیدە لە كوردستان دەكڕێ‌

خاوەنی كارگەیەكی دروستكردنی موبەڕیدەی پلاستیكی لە هەولێر دەڵێت: “بەشێك لە بەرهەمی كارگەكەمان هەناردەی سووریا كردووە، لە بەغداش خواست لەسەر ماركەكانی ئێمە هەیە، بەڵام بەهۆی وەرگرتنی گومرگ، تێچووەكەی زۆر دەبێ‌ و ناتوانین لە نرخدا كێبڕكێ ماركەی چینی و ئێرانی بكەین”.

گوتیشی :”بیرمان لە دروستكردنی موبەڕیدەی ئاسنیش كردووەتەوە، بەڵام لە نرخدا ناتوانین كێبڕكێ لەگەڵ كارگەكانی ئێران بكەین، بۆیە وازمان لە بیرۆكەی دروستكردنی هێنا”.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi