حوزه‌یران 18, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

ئيران مه‌زنترين مەترسییە بۆسەر ژینگەها كوردستانێ

ئيران مه‌زنترين مەترسییە بۆسەر ژینگەها كوردستانێ

وشه‌
لە رۆژی ژینگەی كوردستاندا چالاكوانان و بەرپرسانی ژینگە دەڵێن كە ئێران بەگرتنەوەی سەرچاوە ئاوییەكانی هەرێمی كوردستان، مەترسی لەسەر ژینگەی كوردستان دروست كردووە و پەرلەمانتارێكیش بەپێویستی دەزانێ كە بەغدا بەدەنگ بێت.

چالاك نەجم بەرپرسی راگەیاندنی ژینگەی گەرمیان، بە “وشە”ی راگەیاند، ساڵانە پلان دادەنرێت بۆ گەشەدان بە ژینگەی كوردستان، بەڵام مەترسییەكانی سەر ژینگە لە پلانەكان گەورترن كە خۆیان لە پیسكردنی ژینگە و گرتنەوەی سەرچاوەكانی ئاوی رووبارەكانی كوردستان دەبینێتەوە لەلایەن ئێرانەوە، ئەوەش بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو كە ئاوی رووباری سیروان بەتەواوەتی رووی لە كەمبوونەوە كرد.

ئازاد محەمەد وەك چالاكوانێكی بواری ژینگە بۆ “وشە” ئاماژەی دا كە گرتنەوە و كەمكردنەوەی ئاوی سیروان بووەتە هۆكاری دروستبوونی مەترسی لەسەر سامانی ماسی و كەمبوونەوەی رێژەی سەوزایی، باسی لەوەش كرد كە ئێران بە ئاشكرا باس لە گرتنەوەی ئاوی رووباری سیروان دەكا و هەرێمی كوردستانیش ناتوانێ كارتی گەورە لە بەرامبەر وڵاتانی دراوسێ بەكاربێنێت.

لای خۆیەوە بێگەرد تاڵەبانی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە”وشە”ی راگەیاند،گرتنەوەی سەرچاوە ئاوییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن ئێرانەوە كێشەیەكی ژینگەیی گەورەیە كە رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە، بۆیە پێویستە بەپلەی یەكەم حكوومەتی ناوەندی رۆڵی كاریگەر بگێڕێت بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە، چونكە كوردستان تا ئێستە بەشێكە لە عێراق.

زیاتر گوتی، بەشێكی زۆری ئاوە سەرەكییەكان دێنە خاكی كوردستانەوە، بۆیە گرتنەوەی لەلایەن ئێرانەوە مەترسیی ژینگەیی و بەبیابانبوون دروست دەكا و دروستیشی كردووە، راشی گەیاند، پێشنیاز دەكەم كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات و شاندێك پێكەوە دروست بكەن بۆ سەردانیكردنی ئێران و یەكلاكردنەوەی ئەو كێشەیە و دانوستانی رژدی لەسەر بكرێت.

پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2008 وە بە بڕیارێك رۆژی 16ی نیسانی وەك رۆژی ژینگەی كوردستان دیاری كرد و دیاریكردنی ئەو رۆژەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بۆیەكەمجار لە ساڵی 1987 و لە رۆژی 16 /4 دا فرۆكە جەنگییەكانی رژێمی رووخاوی بەعس بەچەكی كیمیابی دۆڵی بالیسان و شێخ وەسانیان بۆمباران كرد.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi