حوزه‌یران 18, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

نیڤ ملیار كەس ل 100 وه‌لاتان ته‌ماشه‌ى دراما توركی دكن

نیڤ ملیار كەس ل 100 وه‌لاتان ته‌ماشه‌ى دراما توركی دكن
رووداو- هەولێر

خەریكە درامای توركی دەبێتە ئیمپراتۆرییەكی مەزن و پەل بۆ هەموو لایەك دەهاوێت. جگە لە چواردەوری خۆی، كیشوەری ئەوروپای بڕیوە و گەیشتووەتە ئەمریكای لاتین. سەرەڕای ئەو تێبینیانەی لەسەر ناوەڕۆكی دراماكان هەن، بەڵام رۆژ بە رۆژ بینەریان زیاتر دەبێ‌.

ماوەی چەند ساڵێكە دراما توركییەكان بەشێوەیەكی بەرفراوان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بگرە وڵاتانی ئەمریكای لاتینیش بڵاوبوونەتەوە. دراما توركییەكان ساڵانە داهاتێكی زۆریان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا لەڕێی دراماوە كولتوور و فەرهەنگی خۆی بڵاودەكاتەوە و گەشتیارێكی زۆریش بۆ توركیا رادەكێشێ.

لە سفرەوە بۆ لووتكە

توركیا بووەتە دووەم گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری زنجیرەی تەلەڤیزیۆنی لە جیهاندا. بەپێی ئامارێكی گۆڤاری فۆربس كە بۆ پڕداهاتترین درامای توركی كراوە، تەنیا لە ساڵی 2015دا زیاتر لە 25 دراما بەرهەمهاتوون كە نزیكەی 140 ملیۆن دۆلار داهاتیان هەبووە، لە كاتێكدا ساڵی 1990 هیچ درامایەك لە توركیا بەرهەم نەهاتووە. پشتگیریی حكومەت لە بەرهەمهێنەرانی دراما، ئەم كەرتەی بووژاندەوە و توركیا لەم رێیەوە توانی كێبڕكێی هۆڵیوود و وڵاتانی ئەوروپا بكات، تەنانەت میسر كە بە وڵاتی دراما ناسراوە، ئێستا كەناڵەكانیان درامای توركی پەخش دەكەن.

بەپێی ئامارەكان 500 ملیۆن كەس لە 100 وڵاتی سەرانسەری جیهانەوە سەیری دراما توركییەكان دەكەن.

درامای كوردی بەرەو كوێ؟

بە سەیركردنی كەناڵە تەلەڤزیۆنیە كوردییەكان بۆت دەردەكەوێ‌ كە كوردستان هەژارترین هەرێمە لە بەرهەمهێنانی درامادا. كەم كەناڵی لۆكاڵی هەیە لە كوردستان شەوانە 1-2 درامای توركی پەخش نەكات.

دەرهێنەر ناسر حەسەن كە سەردەمانێك بە دراما كوردییەكانی هەمووانی لەبەردەم شاشەی تیڤی كۆدەكردەوە، ئێستا پێیوایە درامای كوردی لە خراپترین دۆخدایە.

ناسر حەسەن بە (رووداو)ی گوت “درامای توركی بە تەنیا كاریگەری لەسەر كورد دانەناوە، بگرە لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپاش باڵادەستیی خۆی نیشانداوە”.

ناسر حەسەن، هۆكارەكانی پشت سەركەوتنی درامای توركی باس دەكات و دەڵێت “درامای توركی كاری لەسەر هەندێ بابەتی هەستیار كردووە كە ئێمە لەبەر كولتوور نەمانكردووە. كارەكانیان بەكواڵیتی و ناوەڕۆكێكی دەوڵەمەند پیشانی بینەری خۆیان دەدەن، هەمیشە جوانییەكانی وڵاتی خۆیان وەك سروشت و دابونەریت و چۆنیەتی ژیان نیشاندەدەن”. بەبڕوای ناسر حەسەن، ئەو دیمەنانە رۆڵیان هەبووە لە راكێشانی گەشتیارێكی زۆر بۆ توركیا.

ناسر حەسەن زوو زوو سەردانی میسر دەكات و پەیوەندیشی لەگەڵ هونەرمەندانی ئەوێ‌ خۆشە. سەبارەت بە پەخشكردنی درامای توركی لە كەناڵەكانی میسر، دەڵێت “ئەوانیش چەند سانسۆرێكیان لەسەرە، سانسۆری حكومەتە، كۆمەڵگایە، ئیسلامی سیاسییە، ناتوانن وەك توركەكان كار لەسەر هەموو بابەتەكان بكەن”.

توركیا لە ساڵانی نەوەدەكان ستراتیژیەتی خۆی بۆ دراما و هونەر گۆڕی، بەمەش توانی زۆرترین بینەر لە نێوخۆ و دەرەوی توركیا بەدیار دراما توركییەكان بهێڵێتەوە.

كارۆخ ئیبراهیم كە شانۆكارێكی چالاكی كوردە، دەڵێت “توركیا بە پلەی یەكەم پشتی بە كەرتی تایبەت بەست، هەروەها كاری لەسەر ئەو ئەستێرانە كرد كە لە توركیا زۆر ناودار بوون، پاشان ئەو بابەتانەی ئەوان هەڵیانبژارد بابەتی هەستیار و گرنگی نێو كۆمەڵگا بوون، بۆیە درامای توركی وا بە زوویی جێی خۆی كردەوە”.

كارۆخ ئیبراهیم پێیوایە دەكرێ درامای كوردییش كار لەسەر ئەو رێگە و رێچكانەی توركیا بكات “دەیان هونەرمەندی گۆرانیبێژ و خاوەن جەماوەرمان هەیە، دەكرێت بەشداری لە دراما بكەن، كۆمپانیا و خەڵكانی دەوڵەمەندیش بەشداریی بكەن”.

كارۆخ هێشتا باوەڕی بەوە هەیە كە كوردستان لە زۆر رووەوە دەتوانێت پێگەی خۆی لە درامادا بەهێز بكات، بۆیە دەڵێت “بابەتی زۆر گرنگ و داستانی زۆر باشمان هەیە كاریان لەسەر بكرێت و ببنە جێی بایەخی خەڵكی، لەگەڵ ئەوەشدا ژینگە و سروشتی كوردستان زۆر گونجاوە بۆ وێنەگرن و بەرهەمهێنانی دراما، بەڵام دواجار دەبێت لایەنێكی خەمخۆر هەبێت بۆ سەرپەرشتیكردن و پلاندانان و بەرجەستەكردنی ئەو كارانە”.

خاوەنی كەناڵێكی لۆكاڵیی كوردی دەڵێت ئەوان لەبەر نەبوونی درامای كوردی پەنا بۆ پەخشكردنی درامای بیانی دەبەن.

بەهجەت نەجات، خاوەنی كەناڵێكی لۆكاڵییە بەناوی بێست، بەشێكی زۆری كاتەكانی كەناڵەكەی بە درامای توركی پڕدەكاتەوە، بەهجەت دەڵێت “لە كوردستان هەر تەنیا دراما دۆبلاژ ناكرێت، بگرە دەیان بەرنامەو فیلم و كاری هونەریی وڵاتانی دیكەش دۆبلاژ و بڵاودەكرێنەوە، ئێستا تەلەفزیۆنە كوردییەكان وەكو پلەیەرێكیان لێهاتووە”.

بەهجەت پێیوایە هێشتا خەڵكی كوردستان حەزیان لە درامای كوردییە، ئەو دەڵێت “هەست دەكەین هێشتا خەڵكی كوردستان تامەزرۆی درامای كوردین. ئەگەر درامای باشی كوردی هەبێت بێگومان بینەری باشیشی دەبێت”.

ئەو ئامانجانەی توركیا لەڕێی دراماوە پێكاونی:

– كولتووری توركیای بە جیهاندا بڵاوكردووەتەوە
– 100 هەزار كەس كاریان دەستكەوتووە
– بازاڕێكی باشی بۆ كەلوپەلی نێوماڵی توركی دۆزیوەتەوە.
– رەواجی بە جلوبەرگی توركی داوە
– ناساندنی شوێنەوارەكان و راكێشانی گەشتیارێكی زۆر بۆ توركیا

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi