ڤهكۆلينهك: شێرپەنجا زارۆكان زێدهبوويه
رووداو-سلێمانی
تووشبوون بە شێرپەنجەی منداڵان لە سەرتاسەری جیهان بە راددەی 13% زیادیکردووە، ئەوەش بەپێی داتاکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی کە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ئاماژەیپێکردووە.
شێرپەنجەکانی منداڵان وەک ئەوەی کەسانی پێگەیشتوو بەربڵاو نین و کاتێک روودەدەن، زۆرتر پەیوەندییان بە پێکهاتە و لایەنی بۆماوەیی جەستە هەیە تاوەکوو شێوازی ژیان و بابەتە ژینگەییەکان.
بەشێک لە هۆکارەکانی زیادبوون لەوانەیە پەیوەندی بە باشبوونی رێوشوێنەکانی دەستنیشانکردن هەبێ، بەڵام پسپۆڕان داوا دەکەن بەدواداچوونی ورد بکرێ بۆ هۆکارەکانی دیکەی وەک نەخۆشییە گوازراوەکان و پیسبوونی هەوا.
ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوە لە شێرپەنجە، بە سوودوەرگرتن لە داتاکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە بەربڵاویی شێرپەنجەکانی منداڵانی کۆڵیوەتەوە لەنێوان 1980-2010 و ئەنجامەکەی لە جۆرناڵی زانستی (لانسێت ئۆنکۆلۆجی) بڵاوکردووەتەوە.
بەپێی ئەو توێژینەوەیە لەنێوان2001-2010 دا لە هەر ملیۆنێک منداڵ 140 کەسیان تووشی شێرپەنجە بوون، ئەوەش دەریدەخات تووشبوونی منداڵان بە جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە بە راددەی 13% زیادیکردووە.
بەپێناسەی توێژەران منداڵ کەسێکە کە تەمەنی لە 14 ساڵ کەمترە.
لە هەمان توێژینەوەدا دەرکەوتووە لە هەر ملیۆنێک نەوجەوان 185 کەسیان تووشی شێرپەنجە دەبن.
کریستۆڤەر وایڵد، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوە لە شێرپەنجە، دەڵێ “شێرپەنجە هۆکارێکی بەرچاوی مردنی منداڵ و نەوجەوانانە، هەرچەندە بەراورد بە تەمەنەکانی دیکە شێرپەنجە لە کەسانی خوار تەمەنی 20 ساڵ کەمتر بڵاوە”.
بەپێی هەمان توێژینەوە، لەگەڵ زیادبوونی شێرپەنجەی منداڵاندا، تووشبووان زۆرتر لە جاران دەژین، ئەویش بەهۆی پێشکەوتنی رێوشوێنەکانی دەستنیشان و چارەسەری شێرپەنجە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی