رێڤهبهرێ ناحيا سنوونێ:ژبهر پەکەکێ خەلکێ سڤیل دبنە قوربانی
باسنيوز:
بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێی سەر بە قەزای شنگال، ڕای گەیاند بوونی چەكدارانی پەكەكە لە سنوورەکە وای كردووە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا سنوورەكە بۆردومان بكەن و ئەمەش بە زیانی ناوچەکەیە و تەنیا خەڵکی سڤیل دەبنە قوربانی.
ئەمڕۆ دووشەممە 9/11/2020، نایف سەیدۆ، بەڕێوەبەری شەرعیی ناحیەی سنوونێی سەر بە شنگال، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە ساڵی 2014وە هاتوونەتە سنووری شنگال و ئەو دۆخە ناجێگیرەی كە لەلایەن داعشەوە بەسەر خەڵكی شنگال و دەوروبەری هێنرا، پەكەكە بە هەل قۆستییەوە و شوێنپێی خۆیان قایم كرد، هەندێك لە خەڵكی ناوچەكەش كە ژمارەیان زۆر كەمە پەیوەندییان پێیانەوە كردووە، بەتایبەت ئەوانەی كە تەمەنیان زۆر کەمە، یاخود لە خوار 18 ساڵییەوەن، لەلایەن پەکەکەوە مێشکیان شۆراوەتەوە”.
روونیشی كردووە: “داخوازیی ئێمە لە پەكەكە ئەوەیە، کە ئەگەر خۆیان بە كورد دەزانن، ناوچەكە چۆڵ بكەن و ئەوان خاكی خۆیان بەجێ هێشتووە و و هاتوونەتە شنگال و سەراقاڵی بازرگانین و موزایەدەی سیاسی دەكەن و لە جموجۆڵەكانیان خەڵك دڵگرانە و هەندێ کەسی دیکەش لە پارچەكانی تریشەوە هاتوون كە چەكداری پەكەكەن، لەو كاتەوە كە پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی شنگالیان لە دەستی داعش رزگار كرد و پاشان ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر هاتنە پێشەوە، ئیتر پەكەكە دیسان ئەوەی بە هەل زانی بۆ مانەوەی لە سنووری شنگال”.
نایف سەیدۆ ئاماژەی بەوەش دا: “ئەگەر پەكەكە سنووری شنگال چۆڵ نەكات، ئەوا بەردەوام توركیا ناوچەكە بۆرودمان دەكات و لەو نێوەندەدا خەڵكی سڤیل زیانی پێ دەگات و دەبنە قوربانی، بۆیە داواكاری %80 شنگالییەكان ئەوەیە پەكەكە شنگال چۆڵ بكات، چونكە بیانووی توركیا ئێستا پەكەكەیە بۆ بۆردومانكردن”.
شەوی ڕابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا جارێكی تر سنووری شنگالیان بۆردومان كردووە و بە دیاریكراوی لە ناوچەی “بارە”ی سەر بە ناحیەی سنوونێی سەر بە شنگال ئۆتۆمبێلێكی پەكەكەیان كردووەتە ئامانج كە زیانی گیانیشی بەدواداوە بووە و ئەوەش ترس و دڵەڕاوكێی لای دانیشتوانی ناوچەكە دروست كرد و ناوە ناوە توركیا هەر بەهۆی بوونی چەکدارانی پەكەكەوە سنووری شنگال و چەند ناوچەیەکی پارێزگای دهۆک و هەولێریش بۆردومان دەكات و داوا دەكرێت پەكەكە ناوچەكە چۆڵ بكات.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی