د شەش ههيڤان دا 274 پانزینخانە ل ههرێما كوردستانێ هاتينه سزادان
رووداو – هەولێر
بەهۆی فرۆشتنی بەنزینی کوالیتیی نزمەوە، لە شەش مانگی رابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان 274 بەنزینخانەی سزاداون، بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، بڕی ئەو پێبژاردنەی لێیان وەرگیراوە، 300 ملیۆن دیناربووە و گەڕاوەتەوە بۆ گەنجینەی حکومەت و ژمارەیەک لە بەنزینخانەکانیش بە داخراوی دەمێننەوە.
رۆژی چوارشەممە، 6-7-2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی سزادانی ئەو بەنزینخانانەی لە نرخ و کوالیتیی بەنزین سەرپێچییان کردووە، بڵاوکردەوە. بەپێی راگەیێندراوەکە، بەهۆی فرۆشتنی بەنزینی کوالیتیی نزم لە بەنزینخانەکانیان، لە شەش مانگی رابردوودا 274 بەنزینخانە لە هەرێمی کوردستان سزادراون و سزای هەر بەنزینخانەیەکیش لەنێوان 500 هەزار دینار بۆ دوو ملیۆن دینار بووە.
سەبارەت بە دابەشبوونی ئەو بەنزینخانانە بەسەر پارێزگاکاندا روونکراوەتەوە، 167 بەنزینخانەیان لە پارێزگای هەولێر و لە پارێزگای دهۆک 49 بەنزینخانە و لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەش 58 بەنزینخانە سزا دروان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ بڕی سزای ئەو بەنزیخانە سەرپێچیکارانەش کردووە و لە راگەیێندراوەکەیدا هاتووە “کۆی گشتیی سزای بەنزینخانەکانیش 300 ملیۆن دینار بووە و تەواوی ئەو پارەیە گەڕاوەتەوە خەزێنەی حکومەت و ئەو بەنزینخانانەش بە داخراوی دەمێننەوە تاوەکو کوالیتیی بەنزینەکەیان چاک دەکەن و بەردەوامیش لە ژێر چاودێریدا دەبن.”
رۆژی چوارشەممە، 6-7-2022، عیماد رەفعەت، جێگری سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، لەبارەی رێوشوێنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: “بەدواچوونمان بۆ رێوشوێنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە بەنزین و کوالیتی و نرخەکان کردووە، کاریگەرییان هەبووە، بەڵام هێشتا ماویەتی، رێژەی کاریگەریی ئەو رێوشوێنانە نزیکەی 40٪ بووە، بەڵام دەبێت و داواشمان کردووە رێوشوێن و سزاکان تووندتربکرێنەوە، چونکە خەڵکانێک هەن لەکاتی بەرزبوونەوەی نرخەکاندا کاتەکان دەقۆزنەوە بۆ زیادکردنی نرخ و خراپکردنی کوالیتیی بەنزین بە تێکەڵکردنی ماددەی دیکە.”
عیماد رەفعەت گوتیشی: “ئێمەش لەلای خۆمانەوە لە لیژنەکەمان بەدواداچوونمان بۆ کوالیتیی و نرخی بەنزین کردووە، داواشمان کردووە دەسەڵاتی لێپرسینەوەی زیاتر بدرێت بە قایمقامەکان بۆ ئەوەی خۆیان پێش دادگە لێپرسینەوە بکەن و ئەو کەسانە سزا بدەن کە نرخ و کوالیتیی بەنزین تێکدەدەن و دەستگیریان بکەن.”
ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێک لەو بەنزینخانانەی کە چەند جارێک سەرپێچییەکانیان دووبارە دەکەنەوە، مۆڵەتەکانیان لێوەردەگیرێتەوە و پێیان نادرێتەوە.
دوای بەرزبوونەوەی زۆری نرخی بەنزین بەتایبەت لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد، لەوانە دابەشکردنی بەنزینی 800 دیناری لە ژمارەیەک لە بەنزینخانەکانی هەرێمی کوردستان.
رۆژی چوارشەممە، 15-6-2022، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “دوای بڕیارەکەی ئەمڕۆی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەستی بە دابینکردنی بەنزین کرد بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە کێشەی بەنزین، جگە لە بەردەوامبوونی دابەشکردنی بەنزینی 690 دیناری لە 14 بەنزینخانە، لە 17 بەنزینخانەش بەنزینی 800 دیناری دابەش دەکرێت. لەو 17 بەنزینخانەیەی بۆ دابەشکردنی بەنزین زیاددەکرێن چوار بەنزینخانەیان تایبەت دەبن بە تەکسییەکان.”
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی