شێخ شامۆ: پەکەکە و حەشدا شەعبی ئالۆزيێن شنگال بۆ ئەجندايێن سیاسی بکاردئينت
باسنيوز:
ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئێزدیان، ئاشکرای کرد، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و پەکەکە پێکەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای سیاسیی ناوچەیی هاتوونەتە سنووری شنگال و دەیانهەوێ لەڕێگەی ئیدارەی شنگالەوە بگەنە ئامانجە سیاسییەکانی خۆیان.
شێخ شامۆ، لەمبارەوە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “کەسێکی هاتووەتە لای من و باسی ئەوەی کرد کە چووەتە سەر چیای شنگال و کەسانی عەرەب چاودێری و پاسەوانی تۆنێلەکانی پەکەکەیان کردووە و ئاشکرای کردووە کە ئەو ناوچەیە قەدەغەیە، هەر بۆیە ئەو کەسە بە عەرەبەکەی گوتووە “ئەو کەسانەی کە بە زۆرداری کچ و ژن و منداڵی ئێمەیان لە ساڵی ٢٠١٤ ڕفاندووە، ئێستا لە سنووری شنگال ڕێگری لە ئێمە دەکەن و ناهێڵن ئێمە بچینە چیای شنگال و بە ئێزدییەکان دەڵێن قەدەغەیە” بۆیە ئەم پرسە ئەوە دەگەیەنێت هەموو ئەو کەسانەی کە دەستدرێژییان کردووەتە سەر ئیزدییان چوونەتە ناو پەکەکە”.
ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئێزدیان گوتیشی: “ئێمە لە بەرپرسی دۆسیەی ئەمنیی شنگال لە حکوومەتی عێراقمان پرسیوە و ئەوانیش ڕایان گەیاندووە لایەنی نافەرمی لە سنووری شنگال و بەتایبەتی چیای شنگال چەندین تۆنێلیان ساز کردووە و بنکەی سەربازی و هەواڵگرییان هەیە و ناهێڵن لە شنگال ئارامی و سەقامگیری هەبێت”.
شێخ شامۆ ڕاشی گەیاند: “ئەو بەرپرسە عێراقییە گوتی لە ئاست شنگالدا خەمساردی و کەمتەرخەمی هەیە و ئەو گرووپانە (پەکەکە و حەشدی شەعبی) لەگەڵ دەوڵەتە دەرەکییەکان دژی ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگالن”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی