80 کۆمپانی گرۆپێن گەشتیارى دئيننە هەرێما کوردستانێ
رووداو –
له‌گه‌ڵ کردنەوەی رێگای پردێی نێوان هه‌ولێر و كه‌ركووك، ژماره‌ی گه‌شتیاران له ناوچه گه‌شتیارییه‌كانی باشووری كوردستان زیاد بووە، به‌جۆرێك ناوچەیێکی وه‌كو ده‌ڤه‌ری سۆران، رۆژانه نزیكەی 15 هه‌زار گه‌شتیاری عه‌ره‌بی بۆ ده‌چێت.
ئێستا گه‌شتیاران له كه‌ركووكه‌وه به كه‌متر له سێ كاژێر دەگەنە هاونیهەواری بێخاڵ، بەڵام هێشتا گەشتیاران گلەییان هەیە.
سارا کەریم یەکێکە لەو گەشتیارانەی بۆ جەژنی قوربان رووی لە ناوچە گەشتیارییەکانی سۆران کردووە و دەڵێ “ئێستا رێگا زۆر باشه و بازگه‌كان كاری گه‌شتیاران دواناخه‌ن، به‌ڵام بۆ هەر کەسێک 10 هەزار دیناری ئیقامە وەردەگرن، ئەگەر ئەوەش نهمایە گه‌شتیارێكی زیاتر له به‌غداوه روویان له كوردستان دەکرد”.
ئه‌مساڵ 80 كۆمپانیای گه‌شتیاری عێراقی گرێبه‌ستی هێنانی گه‌شتیاریان بۆ هەرێمی کوردستان هه‌یه و، رۆژانه له رێگه‌ی كه‌ركووكه‌وه نزیكەی 25 هه‌زار گه‌شتیار دەهێننە سنووری پارێزگای هه‌ولێر.
عه‌بدوڵا محەممەد، كارمه‌ندی كۆمپانیای گهشتیارییە و دەڵێ “ئێستا جیاوازی رێگا له‌گه‌ڵ پێشوودا چوار كاژێره، پێشتر ئێمه به حه‌وت كاژێر دهگهیشتینە ئێرە، بەڵام ئه‌مڕۆ سێ كاژێرمان پێویست نه‌بوو بۆ گواستنه‌وه‌ی گه‌شتیاران له كه‌ركووكه‌وه بۆ گەلی عەلی بەگ”.
له شه‌ش مانگی ئه‌مساڵدا ژماره‌ی گه‌شتیاران ئاستی پێوانه‌یی له باشووری كوردستان تۆماركردووه، به‌جۆرێك له یه‌ك ملیۆن گه‌شتیار تێپه‌ڕی كردووه.
مه‌وله‌وی جه‌بار، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار دەڵێ “شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2013 ژماره‌ی گه‌شتیاران له ملیۆنێك تێپه‌ڕی كرد، به‌ڵام شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ ژماره‌ی گه‌شتیاران له هه‌رێمی كوردستان بوو به یەک ملیۆن و 310 هه‌زار كه‌س، كه ئه‌مه‌ش دڵخۆشكه‌ره”.
له پاڵ وه‌به‌رهێنان له ناوچه گه‌شتیارییه‌كاندا، تائێستا پاڵنه‌ری سه‌ره‌كی بنه‌مای گه‌شتیاری خۆڕسكه؛ ئه‌و ژماره زۆره‌ی گه‌شتیاره‌ی له‌و ده‌ڤه‌ره كۆكردووەته‌وه.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی