سوپاسالارێ بهرێ يێ عێراقێ: بەغدا ل هەر روودانهكێ ل شنگال بەرپرسیارە
شنگال-KDP.info-
سوپاسالاری پێشووی عێراق دەڵێ، بەغدا لە لایەك هاوكاریی پەكەكە دەكات و لە لایەكیش رێككەوتن لەگەڵ توركیا دەكات، ئەمەش تەنیا بۆ ئەوەی زیان بە خەڵكی شنگال بگات. دەشڵێ، هەموو هێزە عێراقییەكان لە بن دەستەڵاتی حەشدی شەعبیدان لە ناوچەكەدا.
پەكەكە لە ساڵی 2014وە تاوەكو ئێستا لە شنگالە و بەردەوام كێشە بۆ خەڵك دروست دەكات، حكوومەتی عێراقیش هاوكاریی پەكەكە دەكات و تاوەكو ئێستاش توركیا دوو جار شنگالی بە هۆی پەكەكەوە بۆردوومان كردووە و خەڵكی شنگالیش چەندین جارە داوای دەركردنی پەكەكە لە ناوچەكە دەكەن و ئەوانیش رەتی دەكەنەوە.
سوپاسالاری پێشووی عێراق، بابەكر زێباری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: “لە ئێستادا شنگال لەژێر دەستەڵاتی حكوومەتی عێراقدایە و لەگەڵ چوونی سەرۆكوەزیراندا بۆ توركیا، رێككەوتن كراوە، كە دژایەتیی پەكەكە بكرێت و سنوورەكان دابخرێن، بەڵام زەحمەتە هێرشی زەمینی بكەن، چونكە بە بێ رەزامەندیی هەرێمی كوردستان، ناتوانن هێرشی سەر شنگال بكەن”.
لەبارەی كاریگەرییەكانی هێرشە ئاسمانییەكەی توركیا بۆ سەر شنگال، زێباری گوتی: “پەكەكە بۆتە بەڵایەك بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە دوای هێرشەكە نەك نەكشاونەتەوە، بەڵكوو لە ترسی گیانی خۆیان لەناو گوند و كۆمەڵگاكانی شنگال خۆیان حەشار داوە، بۆ ئەوەی ئەگەر هێرشی دیكە كرا ئەو خەڵكە بكرێتە ئامانج، چونكە پەكەكە جگە لە خۆی، خەمی هیچ شوێنێكی نییە خاپوور بكرێت، بینییشمان بە هۆی هەبوونی ئەوانەوە شەڕنەح و ئامێدی و ناوچەكانی دیكە هەموو خاپوور كران”.
سوپاسالاری پێشووی عێراق، ڕوونیشی كردەوە، حكوومەتی عێراق راست ناكات، لەبەر ئەوەی خۆیان پەكەكەیان كردووەتە هێزێكی چەكداری و بەشێك لە حەشدی شەعبی و، هەر خۆیشیان مووچەیان پێ دەدەن و لە لایەكیش رێككەوتنیان لەگەڵ دەكەن بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بكرێتە ئامانج، چونكە توركیا باسی لەوە كردووە كە شنگال و قەندیل و مەخموور بۆردوومان دەكات، لە كاتێكدا مەخموور و شنگال هەردووكیان لە دەست حكوومەتی عێراقیدان.
بابەكر زێباری راشیگەیاند: “هەر زیانێك بەو ناوچانە بگات، حكوومەتی عێراق لێی بەرپرسیارە، چونكە پێویست بە هێرشكردن ناكات و حكوومەتی عێراق دەتوانێ بە ئاسانی پەكەكە لەناوچەكە دەربكات، بەڵام خۆی دەیەوێت دۆخەكە تێك بدات و ژیانی خەڵك ناخۆش بكات، لە كاتێكدا خەڵك خۆی دۆخی خراپە و نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان”.
لەبارەی كشانەوەی حەشدی شەعبی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، سوپاسالاری پێشووی عێراق ئاشكرای كرد، حەشدی شەعبی راستە بەشێكیان كشاونەتەوە، بەڵام هەر خۆیان دەستەڵاتدارن و سوپای عێراقیش لە ژێر دەستی ئەواندایە و راست ناكەن كە حەشدی شەعبی لەو ناوچانە نەمابێت، هەر بۆیەش تاوەكو ئێستا ئیدارەی شەرعیی شنگال نەگەڕاونەتەوە سەر كاری خۆی، چونكە حەشدی شەعبی یاسا ناناسن.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی