فازل نەبی: كێشا مووچەى نامينت
هەولێر-KDP.info-
بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق گوتی، دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان بەرەو باشتر چووە و، ئەگەر دەستەی وەبەرهێنان بەئەلیكترۆنی بكرێت، ئەوكات كۆمپانیایەكی زۆری بیانی ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن.
ئەو هەنگاوانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ باشتركردنی دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان گرتوونیەتە بەر، رۆژ بەرۆژ دۆخەكە بەرەو باشتر دەبەن و هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمیش بەو ئاڕاستەیەیە، كە دۆخی ئابووری بۆ پێش قەیرانی دارایی و باشتریش، بگەڕێتەوە.
بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق، د. فازڵ نەبی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: “فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان با دڵنیا بن ئیدی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێ بەردەوام و لە وادەی خۆیدا مووچە دابەش بكات لەبەر دوو هۆكار، ئەوانیش بریتین لەوەی كە بەغدا بەردەوام 317ملیار دینار رەوانە دەكات و هۆكاری دووەمیش ئەوەیە كە نرخی نەوت بەرز بووەتەوە، هەروەها بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمیش زیادی كردووە و داهاتی ناوخۆیشی هەیە، بۆیە ئیدی كێشەی مووچە نامێنێت”.
لەباری هێنانی كۆمپانیای زیاتری بیانی بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە هەرێم بكەن، نەبی گوتی: “پێویستە حكوومەتی هەرێم دوو هەنگاو بنێت، هاوكاریی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ بكات و هانی وەبەرهێنەرانی جیهانییش بدات بێنە هەرێم كاری وەبەرهێنان بكەن، ئەمەیش لە رێگەی چەند هەنگاوێكەوە دەكرێت، وەكو دەستەی وەبەرهێنان بەئەلیكترۆنی بكرێت، بۆ ئەوەی كۆمپانیاكان بتوانن بە ئاسانی مۆڵەت وەرگرن، چونكە بە هۆی رێكاری زۆرەوە كاتی زۆری دەوێت تاوەكو مۆڵەت وەردەگرن، بەڵام ئەگەر بەئەلیكترۆنی بكرێت، ئەوكات كۆمپانیاكان بە ئاسانی مۆڵەت وەردەگرن، جگە لەوەش زەوییان پێ بدات و پڕۆژەیان بۆ پێشنیاز بكات”.
ئەو هەروەها باسی لەوەش كرد، لە هەموو دنیادا حكوومەت گەر تووشی قەیران بێت، ناتوانێ خۆی بە تەنیا چارەی بكات و پێویستە لە رێگەی وەبەرهێنەرانەوە ئەو كارە بكات، ئەمەش پێویستی بە ئاسانكاری و هاوكاریكردنی وەبەرهێنەران هەیە، بێگومان ئەگەر حكوومەتی هەرێمیش ئەو كارە بكات، وەبەرهێنەران خۆیان ڕوو لە هەرێم دەكەن، چونكە هەرێمی كوردستان لە ڕووی ئەمنییەوە كێشەی نییە كە ئەمە گرینگە، بۆیە پێویستە لە رێگەی دیكەشەوە ئاسانكارییان بۆ بكرێت، بۆ ئەوەی كۆمپانیا ناوخۆی و بیانییەكان سەرمایەی خۆیان لە هەرێم بخەنە گەڕ.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی