حوزه‌یران 22, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

كەنەدا هنارتنا چەكی بۆ پێشمەرگەى سه‌كنانديه‌

كەنەدا هنارتنا چەكی بۆ پێشمەرگەى سه‌كنانديه‌

رووداو- هەولێر

ماوەی زیاتر لە سێ مانگە حكومەتی كەنەدا ناردنی چەكی بۆ پیشمەرگە راگرتووە، وەزارەتی بەرگریی كەنەداش دەڵێت هیچ پلانێكی دیاریكراویان نییە بۆ ئەوەی دەست بە ناردنەوەی چەك و تەقەمەنی بۆ پێشمەرگە بكەنەوە. هاوكات بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت “حكومەتی عێراق رێگرە لە ناردنی چەكەكان”.

حكومەتی كەنەدا لە سەرەتای 2016 بەڵێنی دابوو لە رێگەی هێزە تایبەتەكانی خۆی لە كوردستان چەك بگەیەننە دەستی پێشمەرگە. پێشتریش وەزارەتی بەرگریی كەنەدا رایگەیاندبوو “هیچ پێوەرێكی پێشوەخت یان وادەیەك بۆ وەرگرتنی ئەو تفاقە سەربازییە دانەنراوە”. بەڵام هەر ئەو كاتیش كۆمپانیای بازرگانیی كەنەدی رایگەیاندبوو چەكەكان لە چوارچێوەی داوایەكی بەپەلە دەنێردرێن.

دانیەل لێبوسیلیەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی نیشتمانیی كەنەدا، بە ماڵپەڕی (ڤایس نیوز)ی راگەیاندووە وڵاتەكەی هیچ پلانێكی نییە بۆ ئەوەی هاوكارییە هەڵپەسێردراوەكانی بۆ پێشمەرگە دەستپێبكاتەوە. لێدوانی گوتەبێژەكەی وەزارەتی بەرگری لە كاتێكدایە كە هەفتەی رابردوو هارجیت ساجان، وەزیری بەرگریی كەنەدا، لە بروكسڵ بوو بۆ ئەوەی لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ باسی داهاتووی عێراقی دوای داعش و هاوكارییەكان بۆ عێراق بكەن.

بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی (نەشناڵ پۆست)ی كەنەدی، ئەو چەكانە 50 پارچە چەك و گوللە و چەكی بێدەنگی نیشانشكێن، ژمارەیەك هاوەنی 60 میلیمەتری، سیستەمی دژەتانكی كارڵ گۆستاڤ، نارنجۆك، دەمانچە، كامێرا و كەرەستەی پزیشكی لەخۆدەگرێت. بەگوێرەی راپۆرتەكەی (پۆست)ی كەنەدی، وەزیری بەرگریی كەنەدا رایگەیاندووە هۆكاری دواكەوتنی ناردنی ئەو چەكانە بۆ كۆمەڵێك “بەربەستی ئیداری” دەگەڕێتەوە، نەك ئەوەی حكومەتی عێراق یان توركیا رێگرییان كردبێ.

عەمید هەژار ئیسماعیل، بەرپرسی هەماهەنگی و پەیوەندییەكانی دەرەوەی وەزارەتی پیشمەرگە، لەوبارەیەوە بە (رووداو)ی راگەیاند: “بەگوێرەی رێككەوتنێكی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری كە بە هاوئاهەنگیی بەغدا كراوە، بڕیارە كەنەدا لیوایەكی پێشمەرگە بە هەموو پێداویستییەكانەوە پڕچەك بكات”. سەبارەت بە قەبارەی چەك و پێداویستییە سەربازییەكانیش گوتی “بۆ ئەم مەبەستەش كەندا بە بەهای 9.5 ملیۆن دۆلار چەك و پێداویستیی سەربازیی ئامادە كردووە بۆ ئەوەی بینێرێت بۆ هەولێر”.

پێشتر جەی جانزن، گوتەبێژی هێزەكانی كەنەدا، رایگەیاندبوو كە “حكومەتی كەنەدا هەموو رێوشوێنێكی گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیایی بدەنێ كە ئەم چەكانە بە شێوازێكی گونجاو بەكاردەهێنرێن”. لێدوانەكەی جانزن مانگێك دوای راگەیاندنی بڕیاری سازدانی گشتپرسیی سەربەخۆیی كوردستان بوو.

بە گوێرەی راپۆرتەكەی (ڤایس نیوز) لەدوای پێكدادانەكانی 16ی ئۆكتۆبەر لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان، كەنەدا هاوكارییە سەربازییەكانی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق هەڵپەساردووە. بەڵام عەمید هەژار ئیسماعیل جەخت لەوە دەكاتەوە كە “ماوەی زیاتر لە شەش مانگە بەغدا بووەتە رێگر لەبەردەم ناردنی ئەو هاوكارییانە”.

هەروەها سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری مەخموور- گوێڕی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ (رووداو)ی ئاشكراكرد ساڵێك و چوار مانگە 75 قەناسی بە بەهای 2 ملیۆن دۆلار لەسەر حیسابی خۆی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە لە كۆمپانیاكانی كەنەدا كڕیوە، بەڵام حكومەتی عێراق رێگرە لە هێنانەوەی ئەو چەكانە بۆ كوردستان.

كەنەدا لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتی ئەمریكادا بووە. لە سەردەمی حكومەتەكەی پێشوودا كەنەدا بە 69 سەربازی هێزە تایبەتەكان و فڕۆكەی جەنگی بەشداری هەڵمەتی دژی داعش بوو. بەڵام لەدوای هاتنە سەركاری حكومەتەكەی جاستین ترودو، سەرۆكوەزیرانی كەنەدا، هێزی ئاسمانی ئەو وڵاتە لە شەڕی داعش كشایەوە و ژمارەی راوێژكار و راهێنەری سەربازیی وڵاتەكەی لە كوردستان بۆ زیاتر لە 200 كەس بەرزكرایەوە.

هەفتەیەك دوای هێرشەكانی كەركوك، وەزارەتی بەرگریی كەنەدا بە كەناڵی (CBC)ی كەنەدی راگەیاند كە بە هۆی ئاڵۆزی و ناڕوونی رەوشەكە “هێزە تایبەتەكانی كەنەدا بەشێوەیەكی كاتی هاوكارییەكانیان بۆ هێزە ئەمنییە جیاجیاكانی عێراقیان راگرتووە”.

بەڵام عەمید هەژار ئیسماعیل لەبارەی ئاستی هاوكارییەكانی كەنەدا بۆ پێشمەرگە بە (رووداو)ی راگەیاند “تاوەكو ئێستاش كەنەدا یەكێكە لە هاوپەیمانە بەهێزەكانی دژ بە داعش، بەردەوامیش هاوكاریی پێشمەرگەی كردووە و دەیكات، ئێستا راوێژكاری سەربازییان لە هەولێر هەیە و لە هیچ لایەنێكی فەرمییەوە كۆتایی هاتنی هاوكارییەكانیان بۆ پێشمەرگەیان رانەگەیاندووە”.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi