سوپايێ سووریا دچتە عەفرینێ
هەولێر-KDP.info-
گەورەبەرپرسێکی کوردی سووریا دەڵێ، لە نێوان ئەو هێزە کوردانەی سووریا کە لە عەفرین دژ بە هێزەکانی تورکیا شەڕ دەکەن، لەگەڵ حکوومەتی سووریادا ڕێکـکەوتوون، سوپای سووریا بچێتە سەر سنوور و شارەکەشەوە. میدیای حکوومەتی سووریایش دەڵێ، لە چەند سەعاتی دابێ، هێزەکانیان دەچنە نێو عەفرینەوە.
دوێنێ یەکشەممە، بەدران چیا کورد بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، لە دوو ڕۆژی دابێ، سوپای سووریا لە هەندێ ناوچەی سنووری و عەفرین جێگیر دەکرێن. ئەمڕۆ دووشەممەش، مێدیای فەرمیی سووریا بلاوی کردووەتەوە، کە هێزەکانی سەر بە حکوومەتی وڵاتەکەی لە چەند سەعاتی دابێ دەچنە نێو عەفرینەوە.
بەگوێرەی لێدوانی ئەو راوێژکارەی ئیدارەی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بێ، ئەم ڕێککەوتنە، سنوورێک بۆ ئاڵۆزییەکان و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی تورکیا و هێزگەلی نێو سوپای سوریای ئازاد و هێزە چەکدارە کوردەکانی-یەپەگە- لەلایەک و، ململانێی نێوان وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ڕوسیا هاوپەیمانەتییەکان دادەنێت.
لە مانگی ڕابردووەوە، تورکیا لە ئاسمان و زەوییەوە هێرشی فراوانی بۆ سەر شاری عەفرین و دەوروبەری بەرپا کردووە، کە یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگە- بەرگریی تێدا دەکەن و، تورکیا بە مەتسیی بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانیی خۆی ناویان دەبات.
ئەمەریکا کە هاوپەیمانی ئانکارایە، لە شەڕی داعشدا بە چەک و تفاقی سەربازی هاوکاریی هێزە چەکدارە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی کردووە و، بۆ شەرعیەتدان بەو هاوکارییەشی، ناوی هێزەکانی لە یەکینەکانی پاراستنی گەلەوە بۆ سوپای سووریای دیموکرات گۆڕی. بەڵام لە شەڕی عەفریندا، ئەمەریکا هیچ پشتیوانی و هاوکاریی ئەو هێزانەی عەفرینی نەکردووە کە دژ بە هێزەکانی تورکیا و هاوپەیمانەکانی لە نێو سووپای سووریای ئازاددا دەجەنگن.
چیا کورد هەروەها دەڵێ، “چونکە ڕای گشتی لە بەرانبەر بەو کوشتار و تاوانانەی لە عەفرین و دەوروبەری ئەنجام دەدرێن بێدەنگە، دەشێ ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنێک بکەین.”
ئەو گوتووشیەتی، “ئەوەی کە پیوەدنی بە بابەتی سیاسی و ئیدارییەوە هەبێ لە ناوچەکەدا، دواتر لەگەڵ دیمەشق ڕێککەوتنی لەبارەوە دەکەین و، دانوستان لەوبارانەوە دەکەین. خۆی عەفرین بەشێکە لە سووریا و سنوورەکەی سنووری سووریایە و سەروەرییەکەشی پێوەندی بە کۆی سووریاییەکانەوە هەیە.”
ئاشکرایشی دەکات کە هەندێ لایەن دژ بەو ڕێککەوتنەن و “لەبەر ئەوە نازانین ئەم ڕێککەتنەمان لەگەڵ حکوومەتی سووریا تا چ ئاستێک پتەو و سەرکەوتو دەبێ.. چونکە لایەن هەن بەو ڕیککەوتنە ڕازی نین و دەیانەوێ شکستی پێ بێنن.. بەڵام ئێمە لەگەڵ کۆی لایەنەکاندا کراوەین کە بیەوێ قەیرانەکان بە ێگەی سیاسی چارە ببن.”
لەو ماوەی پێکدادانانەی نێوان هێزەکانی تورکیا و یەپەگەدا، حکوومەتی سووریا پێشتر ڕێی داوە، چەندان بەرپرس و چەکدارگەلی کورد بە نێو خاکەکەیدا بچنە عەفرینەوە. هەردوو لایش ئەمەیان پشتڕاست کردووەتەوە.
لەوەتەی ساڵی ٢٠٠١ـەوە سووریا بەرەوڕووی قەیران بووەتەوە، یەپەگە کە هێزی چەکداری پارتی یەکێتیی دیموکراتی نزیک لە پەکەکەیە، حوکم لە سێ ناوچەی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و، عەفرین کە دراوسێی تورکیایە یەکێک لەو کانتۆنانەیە. بەڵام بە هیچ جۆر نەیهێشتووە هێزە کوردستانییەکانی دیکەی نێو ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد-سووریا، لە ئیدارەدانی ئەو بەشەی کوردستاندا ڕۆڵیان هەبێ.
هێرشەکەی تورکیا بۆ ئەوەیە نەهێڵی عەفرین بە ناوجەکانی دیکەی ڕۆژئاوای وکردستانەوە گرێ بدرێ و هەمیشە دەڵێ، ئەو دژ بە بنیاتنانی دەستەڵاتێکی کوردییە لەو پارچەیەی کوردستاندا.
بە باوەڕی بەرپرسێکی دیکەی کوردی سووریا، ڕووسیا ڕەنگە یەکێک لەو وڵاتانە بێ کە نەیەوێ ئەم ڕێککەوتنەی نێوان ئیدارەی عەفرین و حکوومەتی سووریا سەر بگرێ، چونکە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ تورکیا ئاڵۆز دەکات.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی