حوزه‌یران 20, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

جيێ زارۆكێن گرتيێن ئێزدی ل بەغدا دئێته‌ ئاشکه‌را كرن

جيێ زارۆكێن گرتيێن ئێزدی ل بەغدا دئێته‌ ئاشکه‌را كرن
باسنيوز:
لە سەرەتای هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شنگال و دەوروبەری، جگە لە کوشتنی سەدان کەس و وێرانکردنی ئاواییەکانیان، بە هەزاران ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتەی کوردانی ئێزدیان لەگەڵ خۆیاندا برد. لە کاتی هەڵمەتەکانی پێشمەرگە بۆ سەر داعش و ئازادکردنی ناوچەکان، ژمارەیەکی بەرچاو لەو کەسانەیان ئازاد کرد، هەروەها بە ڕیگای جیاوازیش کار بۆ ئازادکردنی ژمارەیەکی دیکە کرا. لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵیش، دەیان منداڵی ئێزدی ڕزگار کران، بەڵام حکوومەتی عێراقی تا ئیستا ئەو منداڵانەی نەداوەتە دەست کەسوکارەکانیان. لە بەدواداچوونێکیدا، هەفتەنامەی (باس) چارەنووس و شوێنی ئەو منداڵە ڕزگارکراوانە ئاشکرا دەکات.

خەلیل خدر، باوکی یەکێک لەو منداڵە ئێزدییە ڕفێندراوانەیە، کە لە مووسڵەوە بردراوەتە بەغدا بە(باس)ی ڕاگەیاند: ”منداڵەکەم ناوی غەواسە، تەمەنی حەفت ساڵە، دوای ئەوەی لە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ لە دەستی تیرۆریستانی داعش ڕزگار کراوە، سەرەتا بردوویانەتە خانەی بێسەرپەرشتان و هەنووکەش گواستوویانەتەوە بەغدا“.

باوکی غەواس دەشڵێ: ”زۆرجار سەردانی منداڵەکەی خۆمانمان کردووە، بەڵام حکوومەتی عێراق نامانداتەوە و داوای پشکنینی دی ئێن ئەیی دایکی دەکەن، کەچی دایکی تا ئێستا لە دەستی داعشدایە و ڕزگار نەکراوە“.

خەلیل ئاماژە بە شوێنی هێشتنەوەی منداڵەکەی لە بەغدا دەکات و داوا دەکات لایەنە بەرپرسەکان هاوکاریی بکەن بۆ گەڕاندنەوەی منداڵەکەی: ” ئێستا منداڵەکەم لەگەڵ دەیان منداڵی دیکە لە – خانەی نوێی ئەلحەنان بۆ پەککەوتەکانە – کە دەکەوێتە بەرانبەر مزگەوتی براسا لە نزیک نەخۆشخانەی کەرخ. داوا لە لایەنە بەرپرس و پەیوەندیدارەکان دەکەم هاوکاریمان بکەن ئەو منداڵانەمان بۆ بگەڕێننەوە“.

خەلیل بە تاسە و پەرۆشەوە چاوەڕێی گەڕاندنەوەی منداڵەکەی دەکەن، هەرنا بۆ ئەوەی کەمێک لە ژانی خەم و ئازاری برینی ڕفاندنی ئەندامانی خێزانەکەی لە لایەن داعش کەم ببێتەوە: ”٢٢ کەس لە خێزانەکەم لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە ڕفێندراون و هێشتا لە دەستی ئەواندان، دوای ڕزگارکردنی منداڵەکەم لە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ، یەکەم جار کە بینیم، هێندە ترسابوو هیچ قسەی نەدەکرد، تەنیا ئەوە نەبێ بەرەو ڕووی من هات و توند باوەشی بە مندا کرد. هەر ئەو کاتە ویستم لەگەڵ خۆمی بهێنمەوە، زۆریش هەوڵم دا، بەڵام منداڵەکەمیان لێ سەندم و دوای ماوەیەک هێشتنەوەیان لە مووسڵ، بردیاننە بەغدا“.

خەیری بۆزانی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، کە تاکو ئیستا زیاتر لە 1700 منداڵی کچ و کوڕی ئێزدی لە لایەن نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوە ئێزدییەکان ئازاد کراون و دەڵێ: ”کاری ئێمە تەنیا ڕزگارکردنی ئەو منداڵانە بووە، وەکوتر ئەوە ئەرکی حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤە خۆیان لەو منداڵانە بکەنە خاوەن و ئاسانکاری لەو ڕێوشوێنە یاساییانەی حکوومەتی عێراق بکرێ، کە تایبەتن بە گەڕاندنەوەی ئەو منداڵانە بۆ ناو کەسوکارەکانیان“.

بۆزانی بە (باس)ی ڕاگەیاند: ”هێشتا هەندێک حاڵەت ماون، لەوەی منداڵەکان نەدراونەتەوە خێزانەکانیان و لە خانەی چاودێریی منداڵان لە مووسل و بەغدا هێڵدراونەتەوە“.

لای خۆیەوە بەرەکات شەمۆ، نوێنەری شنگال لە ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ گوتی: “ئەو منداڵە ئێزدییانەی تیرۆریستانی داعش ڕفاندنیان، تەمەنیان لەنێوان یەک مانگ بۆ ساڵێک و زیاتر بوو، ژمارەیەکی زۆر لەو منداڵانە کە لە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ ڕزگار کراون، هەندێکیان کەسوکاری خۆیان ناناسنەوە، بۆیە لە خانەی بێسەرپەرشتانی مووسڵ هێلدراونەتەوە و هەندیکیشیان گواستراونەتەوە بەغدا“.

شەمۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە: “کێشەی سەرەکیی ئەو منداڵانە ئەوەیە، کە دایک و باوک و خوشک و براکانیانیشیان لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە ڕفێندراون و هێشتا لە دەستی ئەوان ڕزگاریان نەبووە، یان هەر بەتەواوی بێسەروشوێن کراون، حکوومەتی عێراقیش بۆ گەڕاندنەوەی منداڵەکان داوای پشکنینی دی ئین ئەیی دایکیان دەکات، بۆ ئەوەی دڵنیا بن کە ئەو منداڵە هی کێیە و بدرێتەوە دەست خێزانە ڕاستەقینەکەی“.

نوێنەری شنگال لە ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ جەختی لەوە کردەوە کە هەوڵی گەڕاندنەوەی منداڵەکان دەدەن و گوتی: ”بەشێک لەو منداڵانە گواستراونەتەوە بەغدا، بۆیە هەوڵی جدی دەدەین، بۆ ئەوەی ئەو منداڵانە بگەڕیندرێنەوە مووسڵ و لەوێش ئاسانکاری بۆ کەسوکارەکانیان بکرێ، تاکوو لە زووترین کاتدا بگەڕێنەوە ناو خیزانەکانیان و پێیان شاد ببنەوە“.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi