حوزه‌یران 19, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

“کەرکووک هاتيه‌ داگیرکرن و ب هێزا سەربازی چارەنڤسێ وێ نائێته‌ ئێكلاكرن”

“کەرکووک هاتيه‌ داگیرکرن و ب هێزا سەربازی چارەنڤسێ وێ نائێته‌ ئێكلاكرن”
بەغدا-KDP.info-

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیێنێ، ڕاستە عەرەب و تورکمانەکانی کەرکووک پڕۆژەیەکیان لەبارەی ئەو شارەوە ھێناوە بۆ پەرلەمان، بەڵام ھەر پڕۆژەیەک لەبارەی کەرکووکەوە بێتە پەرلەمان، پێویستە بە سازان پەسەند بکرێت. لای خۆیشیەوە سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، کەرکووک داگیر کراوە و بەغدا خەون بەوەوە ببینێت، دەتوانێت بە ھێزی سەربازی چارەنووسی کەرکووک یەکلایی بکاتەوە، ئەوا خەونێکی ترسناکی بێمانایە.

لە کەرکووک کورد زۆرینەیە و عەرەب و تورکمانەکانیش بۆ ئەوەی دەسەڵاتی کورد لەو شارەدا لاواز بکەن، پڕۆژەیەکیان ئامادە کردووە، کە بە پێی ناوەڕۆکی پڕۆژەکە، دەسەڵات لە ئەنجومەنی پارێزگاکان وەردەگیرێتەوە و ھەر بڕیارێک لەبارەی ئەو شارەوە لە پەرلەمان بدرێت، بە زۆرینە تێپەڕێندرێت و پۆستەکانیش بە ڕێژەی ٣٢% بەسەر پێکھاتەکاندا دابەش بکرێن.

لەو بارەیەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، دکتۆر عەرەفات کەرەم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “ڕاستە ئەو پڕۆژەیەی عەرەب و تورکمانەکانی کەرکووک بۆ پەرلەمانی عێراق ڕەوانە کراوە، بەڵام تا ئێستا نەخراوەتە بەرنامەی کارەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت و، ھەر کاتێک خرایە بەرنامەی کارەوە، ئێمەیش ئەوکات ھەڵوێستی خۆمان لەبارەی ئەو پڕۆژەیەوە دەردەبڕین.”

لەبارەی مەترسیی تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژەیەشەوە، کەرەم گوتی: “کەرکووک ناوچەیەکی کێشەلەسەرە بە پێی ماددەی ١٤٠ و، ھەر پڕۆژەیەک لەبارەی ئەو ناوچەیەوە بێتە پەرلەمان، ناتوانن بە زۆرینە تێیپەڕێنن و پێویستە بە سازان بێت لە نێوان کوتلەکانی ناو پەرلەمان، بەتایبەت پێویستە ڕەزامەندیی کوردی لەسەر بێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ئەو پڕۆژەیە مەترسیدارە و زیانی زۆری بۆ کورد ھەیە.”

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەشڵێ: “تا ئێستا دیار نییە کە پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ لەبارەی ئەو پڕۆژەیەوە دەکات، یان نا، بۆیە ئێمەش جارێ چاوەڕێ دەبین و ھەڵوێستمان نەبووە.”

دکتۆر موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیش لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “ھەرکەسێک سەرەتاییترین ئەلف و بێی دەستووری عێراق و ماددەی ١٤٠ بزانێت، دەزانێت ماددەی ١٤٠ بە ھۆی کەرکووکەوە دیاری کراوە و بە بڕوای ئێمە کەرکووک کوردستانییە و داگیر کراوە، ئێمە لەبەر خاتری پێکەوەژیان لەگەڵ عێراقییەکان و دروستنەبوونی شەڕ قبووڵی ئەوەمان کرد دیاریکردنی چارەنووسی کەرکووک بسپێردرێت بە دەستوور، تا بە پێی میکانیزمی ئەو ماددەیەی بۆی دیاری کراوە چارەسەر بکرێت، کۆتا وادەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠یش ساڵی ٢٠٠٧ بوو، کە دەستوور جێبەجێ نەکراوە، ئەوە بەلای ئێمەوە کەرکووک ھەر کوردستانییە و بە لایەنی کەم جێی ناکۆکییە.”

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “ئەگەر بەغدا خەون بەوەوە ببینێت دەتوانێت بە ھێزی سەربازی چارەنووسی کەرکووک یەکلایی بکاتەوە، ئەوە خەونێکی ترسناکی بێمانایە، چونکە عێراقییەکان جارێکی دیکە بەرەو شەڕ و ئاڵۆزی و ھەڵدێر دەبات، دیارە ئەم سیاسییانەی عێراق پەند وەرناگرن لە ڕابردوو و ئەو ئەزموونە سیاسیە تاڵانەی عێراق پێیاندا دەرباز بووە، تا چارەنووسی کەرکووک یەکلا نەکرێتەوە، عێراق سەقامگیری بە خۆیەوە نابینێ، ھەتا ئەو حاڵەتەی بە سەربازگەکردنی کەرکووک بەردەوام بێت ئەوە بێگومان گەلی کوردستان ھەست بە ناڕەزایی و بە داگیرکردنی کەرکووک دەکات، ھەست بە سەپاندنی ھێز دەکات، کە بە درێژاییی مێژووی کورد ئەوەی قبووڵ نەبووە، دەرئەنجامیش کاردانەوەی لێ دروست دەبێت.”

دکتۆر موسەننا ئەمین، ھاتە سەر چارەسەری گونجاو بۆ ڕەوشی داگیرکراوی کەرکووک و پێی وایە، پێویستە ڕەوشی کەرکووک بگەڕێتەوە سروشتی خۆی بەر لە داگیرکردن و دەڵێ: “باشترین چارەسەر ئەوەیە ڕێککەوتن بکرێت و کەرکووک بگەڕێتەوە ڕەوشی ئاساییی بەر لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، بە لایەنی کەم ئەگەر ئیدارەیەکی کوردستانی بۆ کەرکووک نەبێت، ئیدارەیەکی ھاوبەشی ھەبێت، لە ھەموو پێکھاتەکانی خەڵکی نێو شاری کەرکووک پێک بێت، نەک لە لایەن خەڵکی ھاوردەی حەشدی شەعبی و ھەر تائیفە و جەماعەتێکی دیکەوە بێن لە کەرکووک واقیعێکی سیاسی و دیمۆگرافی بسەپێنن.”

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi