“وەزیرێ دەرڤهيێ فەرەنسا ههيڤا داهاتى دێ سەرهدانا هەولێر و بەغدا کت”
فەرەنسا-KDP.info-
نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا دەڵێ، فەرەنسا پێشوازی لە دەستپێکردنی گفتوگۆی نێوان ھەرێم و بەغدا دەکات و داواش دەکاتو کێشەکان لە چوارچێوەی دەستور و ڕێزگرتن لە ئۆتۆنۆمیی کوردستان چارەسەر بکرێن، ھاوکات بڕیارە لە مانگی داھاتوو سەردانی ھەرێم و بەغداش بکات.
لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، فەرەنسا بەردەوام لەسەر خەت بووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا و دەستپێکردنی گفتوگۆ لە نێوان ھەردوولا، بۆ ئەو مەبەستەش لە ماوەی ڕابردوودا بانگھێشتی ھەردوو سەرۆکوەزیرانی ھەرێم و عێراقی کرد بۆ فەرەنسا و لەگەڵیان کۆبوونەوەی ساز کرد و دواتریش بەردەوام بوو تا گفتوگۆ لە نێوان ھەردوولا دەستی پێ کرد و ئێستا گفتوگۆکانی نێوان ھەرێم و بەغداش بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوانیان بەردەوامە و تا ئێستاش دوو جار سەرۆکوەزیرانی ھەرێم و عێراق کۆ بوونەتەوە، جارێکیان لە بەغدا و جاری دووەمیش لە کۆنگرەی داڤووس و بڕیارە کۆبوونەوەی دیکەش ئەنجام بدەن تاوەکو دەگەنە ڕێککەوتن.
لەم بارەیەوە، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، عەلی دۆڵەمەڕی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە بەیاننامەیەکدا پێشوازی دەکات لە دەستپێکردنی گفتوگۆ و کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، کە لە ٢٠ی کانوونی دووەم کۆ بوونەوە.”
عەلی دۆڵەمەڕی گوتی: “فەرەنسا ھیوادارە کە ئەو جۆرە کۆبوونەوانە ببنە ھۆی کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ و دیالۆگ لە نێوان ھەردوو لا و بەیەکەوە ڕێگەچارەیەکی ھەمیشەیی بدۆزنەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق و ڕێزگرتن لە ئۆتۆنۆمیی کوردستان.”
دۆڵەمەڕی ئەوەیشی خستە ڕوو: “لە چەند مانگی ڕابردووشدا فەرەنسا بە بەشداری و چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانیی خۆی بۆ دیالۆگی نێوان دەسەڵاتدارانی حکوومەتی عێراق و ناوچەی ئۆتۆنۆمیی کوردەکان دەربڕێ و لەو چوارچێوەیەشدا لە ڕۆژی ٥ی تشرینی یەکەم سەرۆککۆمار لە پاریس پێشوازیی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و لە ڕۆژی ٢ی کانوونی یەکەمیش پێشوازیی لە سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان کرد و فەرەنسا ھانی ھەردوو لا دەدات بۆ دیالۆگ و گفتوگۆ و دۆزینەوەی ڕێگەچارە لە پێناو عێراقێکی یەکگرتوودا و ئاشتەوایی نیشتمانی و ڕێزگرتن لە فرەپێکھاتەکان.”
نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرنسا، عەلی دۆلەمەری زیاتر گوتی: “بڕیارە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، جۆن ئێف لۆدریان بەشداری لە کۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوەی عێراقدا لە کوێت بکات و پێش بەشداریکردن لەو کۆنفرانسەدا سەردانی ھەرێم و بەغداش بکات.”
کۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە ١٢ بۆ ١٤ی مانگی داھاتوو لە کوێت بەڕێوە دەچێت لەبارەی ئاوەدانکردنەوەی عێراق دوای شەڕی داعش و لەو کۆنفرانسەدا باس لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانبووەکان دەکرێت بۆ ئەوەی خەڵکەکەی بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی