جگاركێش پتر پێتڤى نەشتەرگەريا پشتێ دبن
رووداو-سلێمانی
جگەرەکێشان ئەگەری تووشبوون بە پشتئێشەیەکی ئەوتۆ زیاددەکات کە پێویستی بە نەشتەرگەریی دەبێت بۆ چارەسەرکردنی، توێژینەوەیەکی سوێدی وادەڵێ.
توێژەرە سوێدییەکان بە تایبەت سەرنجیان لەسەر یەکێک لە هۆکارە بەربڵاوەکانی ئازاری خوارووی پشت هەبووە کە تێیدا بەهۆی تەسکبوونەوەی رێڕەوی نێو بڕبڕەی پشت، گوشار دەکەوێتە سەر دڕکەپەتک و لقە دەمارەکانی.
هەرچەندە لەگەڵ بەرەوپێشچوونی تەمەندا رێڕەوی نێو بڕبڕەکانی پشت تەسکدەبێتەوە، توێژەرەکان وایدەبینن نیکۆتین بەهۆی گرژکردنی بۆڕییەکانی خوێن و برەودان بە پرۆسەی هەوکردن لە خەستەدا، دەبێتەهۆی زیادکردنی ئەگەری تووشبوون و خراپترکردنی دۆخی ئەوانەی تووشدەبن بە نەخۆشییەکە.
توێژینەوەکە پشتی بە داتای تەندروستی 331,941 کرێکاری بیناسازیی سوێدی بەستووە کە لە سییەکانی تەمەنیانەوە بۆ ماوەی 30 ساڵ بەدواداچوونیان بۆ کراوە، لە کۆتاییشدا 1,623 کەسیان پێویستیان بە نەشتەرگەری بووە بۆ چارەسەری تەسکبوونەوەی رێڕەوی بڕبڕەی پشت.
توێژەران بۆیان دەرکەوت ئەو کەسانەی لانیکەم رۆژانە 15 جگەرە دەکێشن، بە راددەی 46% ئەگەری زۆرترە نەشتەرگەرییەکەیان بۆ ئەنجامدرابێ! ئەوانەش کە 14 جگەرە و کەمتریان کێساوە ئەگەرەکە تێیاندا 31% بووە، هەرچی ئەوانەشن کە پێشووتر جگەرەکێش بوون و وازیان هێناوە، ئەگەری ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە تێیاندا 13% بووە.
ئەنجامی توێژینەوەکە لە جۆرناڵی زانستی (The Spine Journal) بڵاوبووەتەوە و ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەیپێکردووە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی