ساخلهمى ئامادەکارییان بۆ بەرههنگاربوونا کۆلێرايێ دكت
رووداو- سلێمانی
کۆلێرا ناونیشانی چەندین هەواڵی هەفتەی رابردووی عێراق و کوردستان بوو، لەوانە: “دەنگۆی بڵاوبوونەوەی کۆلێرا لە ناوچەکانی مووسڵ کە لەژێر دەسەڵاتی داعشدان.. “وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ئامادەسازی بۆ رووبەڕووبوونەوی کۆلێرا دەکات”.. “سعودیە 10 تۆن دەرمان و پێداویستی ناردە بەغدا بۆ جەنگی دژە کۆلێرا”.. “تەندروستی بەغدا رەتیکردەوە ئەمساڵ هیچ حاڵەتێکی کۆلێرا لە عێراق تۆمارکرابێ”.
کۆلێرا سکچوونێکی ئاویی توندە، بەهۆی خواردن و خواردنەوەی پیسبوو بە بەکتریای (ڤیبریۆ کۆلێرا) روودەدات. کاتێک بەکتریاکە دەگاتە ریخۆڵە، ماددەگەلی ژەهرین دەڕژێنێ کە رەنگە ببنە هۆی سەرهەڵدانی سکچوونێکی توند. پیسایی کەسەکە وەک ئاو شل دەبێتەوە و بەوەش شلە و خوێیەکی زۆر لە جەستەی کەسەکە دەردەچن. هەندێک توێژینەوە دەڵێن ئەوانەی گرووپی خوێنیان لە جۆری (O+)بێت، توندتر نەخۆشییەکە دەگرن، چونکە ریخۆڵەیان ژینگەیەکی لەبارتر دەڕەخسێنێ بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە نزیکەی چوار ملیۆن کەس تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن و هەزارانیان بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە دەمرن.
جگە لە کەشوهەوا، کۆلێرا پەیوەندییەکی بەهێزی هەیە بە خزمەتگوزارییە بنچینەییەکانەوە. زیاتر لە ناوچە پەراوێزخراو و دواکەوتووەکان روودەدات کە ئاوی خاوێن و ئاوەڕۆی مۆدێرنیان نییە.
د.عەبدولفەتاح هەورامی، بەڕێوەبەری سەنتەری هۆشیاریی تەندروستی لە سلێمانی دەڵێت، کوردستانیش لەو دەڤەرانەی جیهانە کە مەترسی کۆلێرایان لەسەرە “کوردستان لە زۆنی بەربڵاوی کۆلێرادا هەڵکەوتووە، چونکە لانیکەم لە هەندێک ناوچەیدا بارودۆخ و ژینگە لەبارە بۆ گەشە و زۆربوونی بەکتریای ڤیبریۆ کۆلێرا”.
دەشڵێ هەندێک هۆکار هەن وادەکەن ئەمساڵ ساڵێکی دڵخوازتر بێ بۆ دەرکەوتنەوەی بەکتریای کۆلێرا لە کوردستان: “لەلایەکەوە چەندین کەمپی ئاوارەمان هەن کە بە شێوەی جیاواز رێگە خۆشدەکەن بۆ سەرهەڵدانەوەی کۆلێرا، لەلایەکی دیکەوە قەیرانی دارایی هۆکارە بۆئەوەی پزیشک و کارمەندان کەمتر لە جاران لە یەکە تەندروستییەکان بمێننەوە و لێژنەکانی چاودێری و خۆپاراستنی تەندروستیش وەکوو جاران بە کارایی بەدواداچوون و چارەسەری ئەو سەرچاوانە ناکەن کە دەبنە ماڵی دڵخوازی زیندەوەرە نەخۆشخەرەکان”.
د.عەبدولفەتاح کە پسپۆڕییەکەی لەبواری پزیشکیی کۆمەڵ و خۆپاراستنی تەندروستیدایە، دەڵێ هەم بۆ خەڵک و هەم بۆ دەزگا پەیوەندیدارەکان رێگەی هەرە کارا لە جەنگی دژە کۆلێرادا پێشگیرییە لە دەرکەوتنی نەخۆشییەکە، یان هیچ نەبێ زوو دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە و رێگرتن لە تەشەنەسەندنی “بەداخەوە لەم ناوچەیە، کاتێک بە نەخۆشییە بڵاوبووەکان دەزانرێ کە ئیتر گەیشتووەتە لوتکەی بەربڵاوی و ژمارەیەکی زۆری خەڵکیی پەرێشان کردووە”.
سکچوون و کۆلێرا
سکچوون بە گشتی ساڵانە 1.7 ملیار مرۆڤ نەخۆش دەخات، دووەم هۆکاری مردنی منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵانە و هۆکارێکی بەرچاوی بەدخۆراکی و وشکبوونەوەیانە. بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە 760 هەزار منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵان بەهۆی سکچوون دەمرن.
کۆلێراش هەر جۆرێکە لە سکچوون، بەڵام بەشێوەیەکی توندتر “کۆلێرا بەهۆی هەوکردنێکی توندی ریخۆڵەکان روودەدات، ئەویش دوای ئەوەی بەکتریاکە لە رێگەی خواردن و خواردنەوەی پیسبوو بە بەکتریای (ڤیبریۆ کۆلێرا) دەگاتە ناو گەدە و سکچوونێکی توندی ئەوتۆ دروست دەکات کە لە چەند کاژێرێکدا کەسەکە وشک دەکاتەوە و دوور نییە لە کەمتر لە شەو و رۆژێکدا بیکوژێت، ئەگەر چارەسەر نەکرێ”. ئەمە لە ماڵپەڕی فەرمیی رێکخراوی تەندروستی جیهانیدا نووسراوە.
پزیشکێکی پسپۆڕ دەڵێ ئەگەر نەخۆشییەکە زوو دەستنیشان بکرێ و بگاتە لای پزیشک، چارەسەری کۆلێرا ئەستەم نییە.
د.سەربەست فەخرەدین کە دکتۆرای لە نەخۆشییەکانی هەناو هەیە، بە (رووداو)ی گوت “ئەوانەی تووشی کۆلێرا دەبن زۆرینەیان تەنیا بە وەرگرتنی ژیناو (موغەزی) لە رێگەی دەمەوە لە وشکبوونەوە و لێکەوتە ترسناکەکانی دەرباز دەبن، بەڵام ئەوانەی زۆر بە توندی نەخۆشییەکەیان گرتووە و وشکبوونەتەوە، پێویستە شلەمەنی لە رێگەی کانیۆلاوە وەربگرن. هەندێکجار دەرمانی دژە زیندەشیان پێدەدرێ بۆ کورتکردنەوەی کۆرسی نەخۆشییەکە”.
پزیشکە پسپۆڕەکە هۆشداری دەدات، بەشێک لەوانەی بەکتریاکە دەگاتە ریخۆڵەیان نیشانەیان نییە، یان بە هێواشی دەیگرن. ئەمانە هەرچەندە مەترسییەکی ئەوتۆی نەخۆشییەکەیان لەسەر نییە، بەڵام لەڕێگەی پیساییەوە بەکتریاکە دەگوازنەوە بۆ ژینگە و مەترسی لەسەر خەڵکی دروست دەکەن، بەتایبەت لەو ناوچانەی سیستمی ئاوەڕۆیان مۆدێرن نییە.
چۆن رێی لێ دەگرن؟
وەزارەتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان کە رەخنەی ئەوەیان لێدەگیرێ زۆرتر بیریان لەلای چارەسەری نەخۆشیەکانە نەک رێگری لە روودانیان، دەڵێ سەبارەت بە کۆلێرا لە ئێستاوە دەستیان بە ئامادەسازیی کردووە بۆ بەرگرتن بەو نەخۆشییە، هەرچەندە لە ساڵی 2015ەوە کۆلێرا لە کوردستان تۆمار نەکراوە.
دکتۆر خاڵس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە (رووداو)ی گوت “هەرچەندە ئەمساڵ هیچ حاڵەتێکی کۆلێرا لە کوردستان تۆمار نەکراوە، بەڵام مەترسی هەیە دەربکەوێتەوە، بۆیە ئامادەکاریمان کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی”.
د.خاڵس دەڵێ لێژنەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆلێرا کارا دەکرێنەوە و پێداویستییە لۆجستیەکان ئامادە دەکرێن، بەڵام گوتی “بەهۆی قەیرانی داراییەوە بودجەی تایبەت بۆ پێکهێنانی ئەو لێژنانە تەرخان ناکرێ، دەبێ پزیشک و کارمەندانی تەندروستی لە چوارچێوەی ئەرکەکانی خۆیان کاری لێژنەکانیش راپەڕێنن”.
نیشانەکانی کۆلێرا
– سکچوون
– رشانەوە
– خێرابوونی لێدانی دڵ
– وشکبوونەوەی پێست
– دابەزینی گوشاری خوێن
– تینوێتی
– ئازاری ماسولکەکان
کێ زۆرتر مەترسی لەسەرە؟
– دانیشتووانی کەمپەکان
– ئەوانەی بەدخۆراکییان هەیە
– ئەوانەی سیستمی بەرگریی جەستەیان لاوازە
– منداڵانی تەمەن 2-4 ساڵان
– ئەوانەی ترشیی گەدەیان لاوازە
– ئەوانەی گرووپی خوێنیان لە جۆری O یە
رێگرتن لە تووشبوون
– شووشتنی دەستەکان بە ئاو و سابوون:
– ئاوی خواردنەوەی ماڵەوە بکوڵێنە.
– خواردنەکانت بەباشی بکوڵێنە بەر لە خواردنیان
– لە خواردنی سووشی و هاوشێوەکانیان دوور بە
– زۆرتر سەوزە و میوە توێکڵدارەکان بخۆ
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی