ڤهكۆلينهك: جگاره هۆکارێ ئێك ژ 10حالەتێن مرنێ يه
رووداو-سلێمانی
جگەرە هۆکاری یەک لە دەی کۆی حاڵەتەکانی مردنە و نیوەی سەرجەم قوربانییانیش لە چوار وڵاتی چین، هیندستان، ئەمریکا و روسیان، ئەوەش بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ.
لە توێژینەوەکەدا هاتووە سەرەڕای چەندین دەیە لە رێوشوێنی رووبەڕووبوونەوەی جگەرە، زۆربوون و گەشەی دانیشتووانی وڵاتان وایکردووە ژمارەی جگەرەکێشەکان روو لە زیادی بێت.
توێژەران پێشبینی زیادبونی ژمارەی قوربانییان دەکەن، بە تایبەت کە کۆمپانیاکانی دروستکردنی جگەرە بە چڕی کار لەسەر بازاڕی وڵاتانی روو لە گەشە دەکەن.
“سەرەڕای زۆرتر لە نیو سەدە لە دەستکەوتنی بەڵگەی حاشاهەڵنەگر دەربارەی زیانەکانی جگەرەکێشان، ئێستا چواریەکی پیاوان جگەرە دەکێشن”، ئەوە گوتەی د.ئیمانوێلا گاکیدۆ سەرۆکی تیمی توێژینەوەکەیە.
دکتۆر گاکیدۆ هەروەها دەڵێ “ئێستاشی لەگەڵ بێ جگەرە دووەم هۆکاری مردنی پێشوەختە و پەککەوەتنی مرۆڤە، بۆیە دەبێ رێوشوێنەکانی کۆنترۆڵکردنی جگەرە توندتر بکرێنەوە”.
راپۆرتەکە سەرنجی داوەتە ئاستی جگەرەکێشان لە 195 وڵاتدا لەنێوان ساڵانی 1990-2015 و بۆی دەرکەوتووە تاکو ساڵی 2015 نزیکەی ملیارێک کەس رۆژانە جگەرەدەکێشن، چواریەکی پیاوان و یەک لە بیستی خانمان لەنێو لیستی جگەرەکیشەکاندان.
ساڵی 1990 رێژەی جگەرەکێشان زیاتر بووە، بەوەی سێیەکی پیاوان و یەک لە 12ی خانمانی ئەوکات جگەرەکێش بوون.
بەڵام لەگەڵ کەمبوونەوەی رێژەی جگەرەکێشەکان، بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی وڵاتانەوە ژمارەی جگەرەکێشەکان زیادیکردووە، لە 870ملیۆن لە 1990 بۆ نزیکەی ملیارێک کەس لە 2015.
هەر لەو ماوەیەدا ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی جگەرە دەمرن بە راددەی 4.7%زیادیکردووە و ساڵی 2015 گەیشتووتە 6.4 ملیۆن کەس.
چیرۆکی سەرکەوتن و شکست لە جەنگی دژە جگەرە
لە توێژینەوەکەدا ئاماژە بە هەندێک وڵات کراوە کە سەرکەوتووانە توانیویانە هاریکاریی هاووڵاتییەکانیان بکەن لە جگەرەکێشان دووربکەونەوە، ئەویش لە رێگای: زیادکردنی باج، نووسینی هۆشداریی توند لەسەر پاکەتەکان و پەرەپێدانی پرۆگرامە پەروەردەییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشان.
بەرازیل توانیویەتی لەو 25 ساڵەی توێژینەوەکە سەرنجی لەسەر بووە جگەرەکێشان بە راددەیەکی بەرچاو کەمبکاتەوە، بەجۆرێک لە پیاواندا ژمارەی کەسانی جگەرەکێشی رۆژانەی کەمکردووەتەوە لە 29% بۆ 12%، لە خانمانیشدا کەمیکردووەتەوە لە 19% بۆ 8%.
هەرچی وڵاتانی بەنگلادیش، ئەندۆنیسیا و فلیپینن ئەوە بەپێی توێژینەوەکە کەمبوونەوەیان نەبینیوە لە رێژەی جگەرەکێشانی هاووڵاتییانیان.
لە روسیا و لەو ماوەیەدا لەنێو خانمان رێژەی جگەرەکێشان بە راددەی 4% زیادیکردووە و لە هەندێک ناوچەی ئەفریقاش هەمان دیاردە تێبینیکراوە.
توێژینەوە نوێیەکە لە جۆرناڵی زانستی (لانسێت) بڵاوبووەتەوە و ماڵپەڕی بی بی سی ئینگلیزی ئاماژەیپێکردووە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی