25% ئافرەتێن کوردستانێ ل کەرتێ تایبەت کار دکن
باسنيوز:
بەپێی بەشێک لە ئامارێکی دەستەی ئاماری حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە دەست (باس) کەوتووە، زیاتر لە 40٪ی دانیشتووانی تەمەن 15 بۆ 64ی هەرێمی کوردستان، بەشێک لە هێزی کار پێکدەهێنن، بەڵام جیاوازیی گەورەی رەگەزی لە هێزی کاردا بەدی دەکرێ. بەپێی راپۆرتەکە تەنیا 15٪ی ئەو ئافرەتانەی تەمەنیان گەیشتووەتە تەمەنی کار، لەناو هێزی کاری کوردستاندان.
ئەم رێژەیە بۆ پیاوان 70٪یە. نزیکەی نیوەی هێزی کاری کوردستان لە کەرتی گشتیدان، 11٪ لە کەرتی تایبەتدان، 35٪یان کاری ئازاد دەکەن، کە 17٪یان خاوەنی کاری خۆیانن، 18%یان بە هەقدەستی رۆژانە کار دەکەن.
بەپێی ئامارەکەی دەستەی ئامار، کە بە هاوکاریی دوو رێکخراوی بیانی ئەنجام دراوە، دەردەکەوێت هێزی کاری ئافرەتان لە کەرتی تایبەتی کوردستاندا پێگەیەکی لاوازیان هەیە، 75٪یان لە کەرتی حکوومی کار دەکەن و 25%یان لە کەرتی تایبەتدان، بەڵام وەک لە ژمارەکانی رووپێوەکەدا دەردەکەوێ، پیاوان هەلی کاری جۆراوجۆریان زیاترە. 44٪ی هێزی کاری پیاوان لە کەرتی گشتی و 12٪ لە کەرتی تایبەتدان، خاوەنکار: 4٪ و دامەزراو: 8٪، 21٪ی هێزی کاری پیاوان خاوەنی کاری خۆیانن و 21٪یش بە مووچە یان هەقدەستی رۆژانە کار دەکەن.
بەپێی راپۆرتەکە، رەگەز و تەمەن دوو هۆکاری سەرەکیی کارنەکردنن، دەرکەوتووە کە 78% بۆ 93٪ی ئافرەتانی تەمەن 25 بۆ 64 ساڵ خەریکی ماڵدارین. لەکاتێکدا بێکاریی رەگەزی نێرینە زیاتر لە تەمەنی خوار 25 ساڵدا، کە دەکرێ هێشتا خەریکی خوێندن بن، چڕ بووەتەوە. هەرچەند 65٪ی گەنجە بێکارەکانی رەگەزی نێرینە (واتە لە تەمەنی 34 بۆ 35) هیوای دۆزینەوەی کاریان لەدەستداوە.
دەستەی ئامار ئاشکرای کردووە 36%ی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان داهاتی مانگەیان لە 500 هەزار دینار کەمترە (ئەم گرووپە لە سلێمانی زیاترن: 40٪ی دانیشتووانی پارێزگاکەن)، 51٪ی خێزانەکانیش مانگانە نیو ملیۆن بۆ 1 ملیۆن دینار داهاتیانە (لە پارێزگای دهۆک زیاترین رێژەیان هەیە: 56٪)ە. 13٪ش لە مانگێکدا زیاتر لە 1 ملیۆن دیناریان دەست دەکەوێ (ئەم گرووپە لە هەولێر زیاترن لە 16٪). راپۆرتەکە ئەوەش دەخاتە ڕوو کە 70٪ی ئەو خێزانانەی کە یەک ئەندامیان لە کەرتی گشتیدا کار دەکات، داهاتی مانگانەیان لە 1 ملیۆن بۆ سەرەوەیە.
راپۆرتەکە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، کە دوو لەسەر سێی خێزانەکان لەسەر مووچەی کەرتی گشتین، کە 47٪یان فەرمانبەر و 18٪شیان خانەنشینن. نزیک 30٪ی خێزانەکان ئەندامیان هەیە کە لە کەرتی تایبەتدا کار دەکەن، کە 12٪یان فەرمانبەرن و 16٪یان خاوەن بزنسن. کشتوکاڵ سەرچاوەی داهاتی تەنیا 6٪ی خێزانەکانی کوردستانە، لەکاتێکدا 25٪ی دانیشتووان بە کاری رۆژانە دەژین (واتە هەقدەستی رۆژانە 21٪ لەبەرامبەر بازرگانیی نافەرمی 3٪).
سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری دەستی ئاماری هەرێمی کوردستان، ئامارەکەی بۆ (باس) پشتڕاست کردەوە و رای گەیاند، لە رووپێوییەکەیاندا بۆیان دەرکەوتووە، هێزی کار لەنێو ئافرەتاندا پێگەیەکی باشی نییە، گوتی: “زۆرینەی ئەو ئافرەتانەی کار دەکەن ئەوە فەرمانبەر و دەوامیان هەیە، بەڵام رێژەیەکی کەمتر لە کەرتی تایبەت کار دەکەن”.
پێی وایە قەیرانی دارایی هۆکار بووە بۆ کەمبوونەوەی هەلی کار بۆ پیاوان و ئافرەتان، گوتیشی: “لەنێوان ساڵانی 2014 و 2015 زیاتر لە 45 هەزار هەلی کارمان لە کەرتی تایبەت لەدەست چووە، بێ گومان ئەوەش دەرفەتی کاری بۆ ئافرەتان زۆر کەمتر کردووەتەوە”.
بەپێی ئاماری وەزارەتی پلادانان، 13%ی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێکارن.
زاگرۆس فەتاح، بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی پلاندانان، پێی وایە لە ئاماری بێکاریدا زۆربەی ئەو کەسانەی دەکەونە ئەو خانەیەوە ئافرەتن، گوتی: “هۆکارەکەی بەشێکی لایەنی کۆمەڵایەتییە، کە بەربەستە لەبەردەم کارکردنی ئافرەتاندا لە هەرێمی کوردستان، بەشێکی دیکەیشی ژینگەی کارکردنە لە هەرێمی کوردستان کە بۆ ئافرەتان گونجاو نییە”.
جەخت دەکاتەوە، کۆمەڵێک یاسا و رێنمایی لە هەرێمی کوردستاندا گرفتی بۆ کارکردنی ئافرەت دروست کردووە، بەتایبەتی لە کەرتی تایبەت، چونکە ئاسانکاریی کەمتری تێدایە بۆ ئافرەتان، “بۆ نموونە ئەو ئافرەتانەی منداڵیان هەیە یان دەیانەوێت مۆڵەتی دایکایەتی وەربگرن لە کەرتی تایبەت کەمتر ئاسانکارییان بۆ دەکرێت، ئەمەش وای کردووە ئافرەت زۆر روو لە کەرتی تایبەت نەکات”.
تریسکە ئەسعەدی، سەرۆکی کۆمەڵەی کارسازی خانمانی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند، ئێستا ئافرەتێکی زۆر نەخۆشخانە و نووسینگەی پارێزەری و دەرمانخانە و ساڵۆن و قوتابخانە و بەرگدروویان هەیە، هەندێکی تریش پڕۆژەی گەشتیاریان هەیە، گوتیشی: ”پێشووتر تەنیا پیاو ئیشی دەکرد، بەڵام ئێستا دۆخەکە پێویستی بە کارکردنی پیاو و ژن هەیە و بەراورد بە پێشوو ئافرەت زیاتر کار دەکات“.
ئەو دەشڵێت: “ھەلی کار یەکسانە بۆ ئافرەتان و پیاوان لە ھەندێک بواردا، بەڵام لە زۆر بواریش ئەو یەکسانییە نییە، دەشبێت لەپێشترێتی بدرێت بە ئافرەت، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ئافرەتان ئەوەیە کە رۆتینی لەبەردەم کارکردنیاندا زۆر ھەیە”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی