حوزه‌یران 21, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

 ل دوو سالێن بۆرى 367 ژنان داوى ب ژيانا خۆ ئينايه‌ 

 ل دوو سالێن بۆرى 367 ژنان داوى ب ژيانا خۆ ئينايه‌ 

رووداو- هەولێر

سۆنیای تەمەن 16 ساڵان، دانیشتووی ناحیەی ئاغجەلەری سەر بە شارۆچكەی چەمچەماڵ بوو، برا و بووكە تازەكەیان خەریكی خۆئامادەكردن بوون بۆ ئێوارە خوانێك لە ماڵی ناسیاوێكیان، لەوكاتەدا سۆنیا لە ژوورێكی ماڵەكەیاندا بە چەكی كلاشینكۆف گوللەیەكی لە سینگی خۆی دا و كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

(ك.س) كە خزمی سۆنیایە دەڵێت: “هیچ نەخۆشی و كێشەیەكی نەبوو، تەنیا چەند رۆژێك بوو بێتاقەت بوو”. رۆژ نییە سۆنیاكان بە گوللە، پەت، ئاگر و..هتد خۆیان نەكەنە قوربانی. بۆ هەر حاڵەتێكی خۆكوشتنیش پاساوێك هەیە، كە دیارترینیان ئەم رستە چەندبارەیەیە: “نەخۆشیی دەروونی هەبوو”. دوای چەند رۆژێكیش لە راپۆرتی دادپزیشكی دەنووسرێ‌: “نەخۆشیی دەروونی هەبوو”.

شیلان كچێكی تەمەن بیست و یەك ساڵی خەڵكی شاری هەولێرە، تەنیا دوو ڕۆژی مابوو بۆ ئەوەی لەگەڵ ئارام بچنە نێو قەفەزی زێڕین، بەڵام بەبێدەنگی و بێ ئەوەی هیچ بڵێت لە ماڵەكەی خۆیدا بە لەچكەكەی، خۆی خنكاند، لەسەر دۆسیەكەی شیلانیش نووسرابوو هۆكاری خۆخنكاندنەكەی نەخۆشیی دەروونی بووە.

بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان، ئامارەكانی خۆكوشتن و خۆخنكاندن و خۆسووتاندنی ئافرەتان روو لە هەڵكشانە، لە دۆسیەی زۆربەشیاندا نووسراوە كێشەی خێزانی یان نەخۆشیی دەروونی هەبووە.

بەپێی ئاماری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا 367 ئافرەت لە رێگەی چەك و پەت و ئاگرەوە، كۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. بەپێی ئامارەكە 149 ئافرەت بە چەك و پەت خۆیان كوشتووە. 218 ئافرەتیش خۆیان سووتاندووە.

بەپێی هەمان ئامار، لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 109 ئافرەت كۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، 39یان لە رێگەی چەك و خۆهەڵواسین، 62 ئافرەتیش ئاگریان لە خۆیان بەرداوە. لە رووداوەكانی خۆلەناوبردنی ئافرەتاندا هەولێر بە پلەی یەكەم دێت. دواتر دهۆك و ئینجا سلێمانی دێن.

جگە لەو ئافرەتانەی خۆیان لەنێوبردووە، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا 93 ژنیش لەلایەن پیاوانەوە كوژراون، لە شەش مانگی ئەمساڵیشدا 23 حاڵەتی كوشتنی ژنان هەبووە.

سەبری رەشید، چالاكڤانی بواری ئافرەتان، پێیوایە لە پشت خۆلەناوبردنی هەر ژنێكەوە، پیاوێك هەیە. سەبری دەڵێت “راستە ژنان خۆیان دەسووتێنن، خۆیان دەخنكێنن و خۆیان دەكوژن، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەكاندا پیاو هۆكارە. ژن هەبووە هەڕەشەی خۆسووتاندنی كردووە، مێردەكەی چەرخەكەی بۆ داگیرساندووە و هانی داوە خۆی بسووتێنێ‌”.

سەبری گومانی لە راپۆرتەكانی دادپزیشكی هەیە و دەڵێت: “زۆربەی راپۆرتەكانی دوای رووداوەكان جێی گومانن، چونكە بۆ زۆربەی هۆكارەكان دەنووسرێ‌ نەخۆشیی دەروونی هەیە، دەبێ‌ زیاتر لە هۆكارەكانی خۆكوشتنی ئافرەتان بكۆڵدرێتەوە، ئەم ئافرەتە بۆچی خۆی كوشت، كێ‌ بەرپرسە لە خۆكوشتنی، بە كام پێوەر و پشكنینی پزیشكی بۆ لاشەیەكی مردوو دەردەكەوێت ئەو ئافرەتە نەخۆشیی دەروونی هەبووە؟”.

حاجی محەممەد سەلیم، بەڕێوەبەری كارگێڕیی پەیمانگەی دادپزیشكی هەولێر ماوەی 20 ساڵە شیكاری بۆ ئەو جەستانە دەكات كە دەهێنرێنە پەیمانگەكەیان. ئەو دەڵێت: “دەستنیشانكردنی حاڵەتی دەروونی بە هیچ شێوەیەك كاری ئێمە نییە. كاری ئێمە تەنیا توێكارییە بۆ تەرمەكان و دەتوانین دەستنیشانی بكەین كەسەكە خۆی كوشتووە یان كوژراوە. ئێمە حاڵەتەكە وەكو خۆی تۆمار دەكەین، بەڵام رایناگەیەنین، ئەوە ئیشی پۆلیسە ئاشكرای بكات”.

ئەو پزیشكە گومانی لەو حاڵەتانە هەیە كە دواتر وا بڵاودەكرێتەوە گوایە نەخۆشیی دەروونییان هەبووە. ئەو دەڵێت: “ئێمە هەندێك حاڵەت دەزانین، بۆ نمونە رووداوی سووتان و خۆسووتاندن، كاتێك ئافرەتێك خۆی دەسووتێنێ‌، دەگوترێ بەهۆی گڕگرتنی تەباخەوە بووە، ئەگەر هەر بە پەنجە دەست لە سەری كەسەكە بدرێ‌ دەزانرێ‌ خۆی سووتاندووە یان سووتاوە، بۆنی نەوتی لێبێت دەزانرێت رووداوەكە خۆسووتاندنە نەك سووتان، ئەمە لە كاتێكدا لە ئامارەكاندا دەبینین رووداوی سووتان زیاترە لە خۆسووتاندن، بەڵام لەڕاستیدا خۆسووتاندن نزیكەی 60% یان نیوەی رووداوەكانی سووتان پێكدێنن”.

بەڵام هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت زۆربەی حاڵەتەكانی خۆكوشتن و خۆسووتاندنی ئافرەتان بەهۆی تووشبوونیانە بە نەخۆشیی دەروونی “چونكە هیچ ئافرەتێك بەبێ تێكچوونی حاڵەتی دەروونی ناتوانێت پەنجەیەكی خۆی بسووتێنێ”.

هۆگر عەزیز نەیشاردەوە كە هەندێكجار هۆكاری رووداوەكان نادركێنن :”هەندێك حاڵەت هەیە ئێمە بۆ لەكەدارنەكردنی قوربانییەكە و بنەماڵەكەی دەڵێین بەهۆی خراپیی باری دەروونی یان بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتی خۆی لەناوبردووە. بۆ نموونە كچمان لایە بەهۆی نەمانی پەردەی كچێنی لە ترسی خێزانەكەی خۆی سووتاندووە، یان ناپاكی لە پیاوەكەی كردووە، ئاشكرا بووە و خۆی كوشتووە، ئێمە بۆ ئەوەی ئەو ئافرەتە و خێزانەكەی لەكەدار نەبن، گوتوومانە باری دەروونی تەواو نەبووە”.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi