ئاب 19, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

چيرۆكا كچه‌كا ئێزدى دژيانا بن ده‌سه‌لاتا داعشێ دا

چيرۆكا كچه‌كا ئێزدى دژيانا بن ده‌سه‌لاتا داعشێ دا

باسنيوز:

کچێكی رووخۆش، روخساری پڕلە هیوا و حەزکردن لە ژیان بوو. هەموو جۆری دەستدرێژی و چەوساندنەوەی لەسەر تاقی کرابووەوە، بەڵام ئەو لەسەرەتای گفتوگۆکەمان گوتی: “دەمەوێ بخوێنم و خزمەتی کۆمەڵگەی ئێزدی بکەم”.

تەمەنی کوردە (ناوەکە خوساتراوە) 22 ساڵە. باڵایەکی بەرزو روخسارێکی گەشاوە و جوانی هەیە. سەرەتا چایەکی بۆ هێنام و گوتی: “هەم چا دەخۆینەوە و هەم قسە دەکەین. من زۆر حەزم لە چایە. لەوێ نەیاندەهێشت چا بخۆمەوە”.

هاوکات بەدڵخۆشییەوە باسی لەوە کرد کە رزگاری بووە، خێزانەکەی زۆر دڵخۆش بوون و”رێزیان لێ گرتم. هەموویان هاتنە پێشوازیم. دوایی چوومە لالش و لای بابە شێخ”.

کوردە لە کاتی داگیرکردنی شەنگال لەلایەن داعش، خۆی و چوار خوشکی بەدیل دەگیرێن. خوشکەکانی یەکیان لەو گەورەتر و ئەوانی تر تەمەنیان یازدە ساڵ و هەشت ساڵ بووە.

کوردە دەگێڕێتەوە: “ماڵمان لە تەل عوزێر بوو.، کاتێک دەمانویست بڕۆینە چیای شنگال، داعش ئێمەی دەستگیر کرد. هەموومانیان ریز کرد و گوتان موسڵمان بن. هەموو پیاوەکان شەهادەیان هێنا و موسڵمان بوون، بەڵام هەر کوشتیانن. دوای ئەوە ژن و منداڵ و کچیان جیا کردەوە. سواری ئۆتۆمبێڵێکیان کردین و بردیانین بۆ سیبا شێخ خدر، لەوێ تەرمی زۆر ژن و منداڵ و پیاومان بینی لەسەر شەقام و کووچە و کۆڵانەکان کەوتبوون”.

کوردە دەڵێت: “ئێمە 400 ژن دەبووین، بردیانین بۆ بەعاج، تەنیا یەک سەعات لەوێ رایان گرتین، دواتر بردیانین بۆ مووسڵ، لە نزیک قاعەی فندق نەینەوا، ماوەی 25 رۆژ لەوێ بووین. دواتر بردیانین بۆ ماڵێك، ئەو ماڵە زۆر خراپ بوون لەگەڵمان، بەردەوام برسی بووین، هەروەها گەرمایەکی زۆر بوو، چونکە هاوین بوو. بەو گەرمایە ئاوی گەرمیان دەداینێ. گەیشتبووینە دۆخێک هەموومان حەزمان لە مردن دەکرد”.

سەبارەت بە تەمەنی ئەو 400 ئافرەتەی کە کوردە باسی دەکات، گوتی: “هەموو تەمەنێکمان تێدابوو، لە گەنج و پیر و ناوەند. لەگەڵ گەیشتنمان بۆ ئەو ماڵە لە مووسڵ، زۆر ئازاریان داین و کەوتنە لێدانمان، بێ ئەوەی هیچ بکەین و هیچ بڵێین. ئەو داعشانەی ئازاریان دەداین هەموو نەتەوەیەکیان تێدابوو، بەڵام زۆرترینیان عەرەب بوون. لەوێ گەنج و پیریان جیا کردەوە. گەنجەکانیان برد بۆ سووریا”.

وەک کوردە دەگێڕێتەوە، دوای ئەوەی ئەوانیان بردووە بۆ شوێنێک بەناوی شەدادی لە سووریا، تیروپشکیان لەسەر کردوون و هەر کچێک بەر داعشێک کەوتبێ، ئەو داعشە لەگەڵ خۆی بردوویەتی.

کوردە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات: “من بۆ پیاوێک دەرچووم ناوی ئەبوو ئەیمەن بوو، خەڵکی سنووری پارێزگای سلێمانی بوو. ژنەکەی ناوی نوورا بوو. ژنەکەشی کورد بوو. 15 رۆژ لە ماڵی ئەوان هێشتیانمەوە. کاری من لەوێ هەموو ئیشەکانی ئەو ماڵە بوو. جل شوشتن، چێشتلێنان، شوشتن و جل گۆڕینی منداڵەکانیان. لەگەڵ ئەوەش بەردەوام خۆی و ژنەکەی لێیان دەدام، دەمپرسی بۆ لێم دەدەن؟ دەیانگوت چونکە کافری، کە دەمویست خۆم بشۆم نەیاندەهێشت، کە خۆم نەدەشوشت دەیانگوت خۆتان لەو کافرە مەدەن پیسە”.

دوای ئەوە ئەبوو ئەیمەن، کوردە دەداتە ماڵێكی تری داعش، ئەویش بە نیەتی خۆشاردنەوە رادەکات و لە ماڵێك خۆی دەشارێتەوە، بەڵام هەر کاتێك کچێكی ئێزدی لە دەستیان رایکردبێ ئەو ناوچەیان پشکنیوە، بۆیە دۆزیویانەتەوە: “کاتێک رامکرد سەعات پێنجی بەیانی بوو، بێ عەبا و عەرەبییشم نەدەزانی. بۆیە ئەوەی منی بینیبوایە دەیزانی ئێزدیم و رامکردووە. کە رامکرد هیچ شوێنێکیشم پێ نەدەزانی، بەڵام لای خۆم دامنابوو کە تووشی هەرچی بم لەوە باشترە لەدەستی ئەوانەدا بم، چوومە ماڵێک ماڵەکە مەدەنی بوون، پێم گوتن مۆبایلم بدەنێ، داعش منی گرتووە، دەمەوێ لەگەڵ خێزانەکەم قسە بکەم، بەڵام کاتێک داعش بەهۆی راکردنی منەوە ئەو ناوچەیان پشکنی، دووبارە دەستگیر کرامەوە. ئەمجارە بردیانمە مەقەڕێک. دوو خوشکی خۆمم لەوێ بینییەوە، یەکیان تەمەنی 11 ساڵ بوو، ئەوان کڕین و فرۆشتنیان بە کچی منداڵیشەوە دەکرد و هەمان مامەڵەی دەستدرێژیی و ئازاردانیان بەرامبەر ئەوانیش دەکرد”.

سزای راکردن بۆ ئەو کچانەی کە هەوڵی خۆرزگارکردنیان داوە، جۆراوجۆر بووە و جۆرەها ئەشکەنجەی نامرۆڤانە پەیڕەو کراوە: “کە گرتیانمەوە، هەردوو دەستیان کەلەپچە کردم، دوای ئەوە دارێکی بە چقڵ و قەڵەمیان هێنا، لێیان دام، دوای ئەوە داعشێکی تر هات کێبڵێكی گرێ دا، دوای دارەکە بەو کێبڵە لێی دەدام. هەردوو دەستیشم لەدواوە بەسترابوونەوە، چونکە لێدانەکەیان بەهێز بوو، لەگەڵ هەر لێدانێک بەدەمدا دەکەوتمە سەر زەوی و هەموو دەم و رووخسارم دەبوو بە خوێن. دوای ئەو ئەشکەنجانە ئینجا مەنەجەڵێک ئاوی کوڵاویان هێنا پێیاندا کردم، هەموو گیانم سووتا، کاتێک بە نۆرە لێیان دەدام، ئەوانی تر بەدیار لێدانی منەوە کەیفیان دەکرد”.

کوردە یەک لەو کچانەیە کە زۆرترین ئەشکەنجەی جۆراوجۆر دراوە، هۆکارەکەیشی بەوە دەخاتە روو، کە هەر کاتێک ویستوویانە دەستدرێژیی بکەنە سەر، بەرگریی زۆری کردووە و ویستوویەتی لە داعشەکان بدات، ئەو جارانەش کە توانیویانە دەستدرێژیی بکەنە سەر، هەردوو دەستیان بەستووە.

کوردە جارێکی تر بە داعشێكی کوردی خەڵکی ناوچەی سلێمانی دەفرۆشرێتەوە: “دوای ئەوەی سزایەکەم تەواو بوو، دیسان منیان بە داعشێکی خەڵکی ناوچەی سلێمانی فرۆشت، ناوی هاوڕێکانی ئەبو خەتاب و ئەبو ئەحمەد بوو، ئەو بردمیە تەل حەمیس، 40 رۆژ لە لای مامەوە، کاتێک لێی دەدام جەمەدانییەکەی دەکردە ملم دەیگوت دەتخنکێنم، جارێک وا توند رایکێشا قرچەیەک لە گوێم هات، هەروەها دڵۆپە خوێنێک لە چاوم دروستبوو. تا ئێستا هەم گوێم دێشی و هەم ئەو خاڵە لە چاومدا ماوە”.

لەبەرئەوەی کوردە بەرگریی زۆری لەخۆی کردووە، ئەو داعشەش لێی بێزار دەبێت، بە داعشێکی تری خەڵکی لیبیای دەفرۆشێت، کە باسی ئەو داعشە لیبیاییەی کرد، دەستی راستی خۆی پیشان دام، کە پەڵەی سووتانی پێوە بوو، گوتی: “ئەوە شوێنی سووتاندنی ئەو داعشەیە و زۆر شوێنی تری لەشیشم تا ئێستا شوێنەواری ئەشکەنجە و سووتانی پێوەیە، دوای ئەوە منی دایە داعشێک خەڵكی لیبیا بوو. رۆژی سێ کلکە ماسیحەی پێدا دەشکاندم، لەگەڵ ئەویش زۆر بەرگریم کرد و لێدانم دەخوارد تا رێگە نەدەم دەستدرێژیی بکاتە سەرم، بەڵام سەرکەوتوو نەبووم. دوای ئەوە پیاوە لیبیەکە دەستی سووتاندم، تا خۆم تەسلیم بکەم، چاویشی بەستم. ماوەی شەش رۆژی رێک بێ نان و ئاو و خواردن زیندانی کردم، بە کەرەڤانەی نەوتەوە بەستمیەوە. کە داهاتە لام پێمی دەگوت، بۆ ئەوەی عاقڵ بی لەمەودوا هەوڵی بەرگریکردن نەدەی بەرامبەر ئێمە”.

دوای ئەوەی کاتی سزادانەکەی تەواو دەبێت و داعشەکە دەستی کوردە دەکاتەوە، هەوڵی خۆکوشتن دەدات: “دوای ئەوەی دەستی کردمەوە خۆم بە کارەباوە کرد، دەمویست بمرم و رزگارم بێ، دوای ئەو هەوڵە ماوەی 25 رۆژ لە خەستەخانە کەوتم، دوای ئەوە کتابی دەرچوون لە خەستەخانەیان بۆ کردم و منیان هێنایەوە عێراق، ئەوە کتابە بۆ ئەوەبوو کە بتوانن کڕین و فرۆشتنم پێوە بکەن”.

هەر ژنێکی ئێزدی، نووسراوێکی لەگەڵ بووە کە گرێبەست بووە، بە مەبەستی کڕین و فرۆشتن پێیانەوە. ئەو نووسراوە وەکوو تەڵاقنامە بووە.

دوای ئەوەی لە نەخۆشخانە دەردەچێت، نووسراوی دادگای داعش دەدەنە کوردە، بۆ ئەوەی کەسێکی تر بیکڕێت و بیکاتە جاری، بزانن ئێستا خاوەنی نییە: “هەر کەسێک منی کڕیبوایە زۆر دڕندانەتر لەوەی پێشتر بینیبووم دەستدرێژیی دەکردە سەرم، ئەوان زۆر حەزیان لە ئازاردانی خەڵكی بێ دەسەڵات بوو. دوای ئەوە منیان بردە مووسڵ، لە مووسڵ هەندێ ژن و کچی ئێزدیم بینییەوە، داعش هەبوو سێ ژنی ئێزدیی کڕیبوو، مافی ئەوەی هەبوو کە دەستدرێژی بکاتە سەریان و لێیان بدات و هەر ئیشێکیش بیەوەێ پێیان بکات. دوو هەڤاڵی کچم لە سووریا خۆیان کوشت، چونکە ئەوەندە کڕین و فرۆشتنیان پێوە کردن، بە جارێک و هاوکات پێنج داعش دەستدرێژیی سێکسیان دەکردە سەریان و لێیان دەدان، بۆیە تەحەمولیان نەکرد. چوونە ناو سەیارە و هەردووکیان خۆیان کوشت. هەر سەعاتێک بۆ ئێمە مردنێک بوو. جۆرەها دەستدرێژیی جەسەتەیی و دەروونی دەکرایە سەرمان. سووکایەتیمان پێ دەکرا، جنێو بە ئایین و رەگەزمان دەدرا. هەر کچێکی ئێزدی ئەوکات حەزی لە مردن بوو. کاتێک یەکێک دەمرد ئەوانی تر خۆزگەمان پێی دەخواست”.

دوای ئەوە داعشێکی خەڵكی سەڵاحەدین، کوردە دەکڕێت: “داعشێکی خەڵکی سەڵاحەدین منی کڕی، ناوی موعتەس بوو. بردمی بۆ بە عاج، لە بەعاج هەر ماڵێک چووبوای زیاتر لە کچێکی ئێزدیی کڕیبوو، لەوێ مامەڵە یەکجار زۆر بە کچانی ئێزدییەوە دەکرا. بۆ سبەی، موعتەس گوتی من دەچمە شەدادییە نایەی لەگەڵم، گوتم نا چونکە ناتوانم، گوتی دوو سێ رۆژی تر دێمەوە لای تۆ، من لە دڵی خۆمدا گوتم تا ئەو دێتەوە رادەکەم، ئەو کاتە ساڵێک بوو لەبەر دەستی داعشدا بووم.، کە بەیانی ئەو رۆیشت منیش رامکرد و چوومە گوندی ریسالە، نزیک سەعات نۆی بەیانی تا هەشتی شەو بە پێ رۆیشتم. باران و زستان بوو، سەرما و برسی بووم، ناخۆشییەکانی باس ناکرێن و ناتوانم بە زمان بیگێڕمەوە، من دەگریام دەمگوت خوایە دەبێ کەی رزگار بم، من هەموو گیانم تەڕ و قوڕ بوو، بۆ سبەی چوومە ماڵێک ئەوان نەوێران رامگرن. گوتیان بڕۆ ئەو ماڵە شێخە با ئەوان راتگرن، منیش چوومە ماڵە شێخەکە ناوی شێخ شام بوو. 15 رۆژ لەوێ مامەوە. دواتر شێخەکە منی دایە داعشێکی تر، ناوی قادی بەعاج بوو. ژنەکەی خەڵکی شنگال بوو، شیعە بوو، بە منی گوت، وەرە ناو خێزانی مە ئێمە هیچ لە تۆ ناکەین. ئەو ماڵە پێیان گوتم موعتەس چووەتە زیرام، ئەوان منیان دەناسی و زانییان ئەو منی کڕیوە. پێم گوتن ئەگەر لەوە زیاتر من ئەزیەت بدەن خۆم دەکوژم، چونکە چێتر تەحەمول ناکەم. ئەوان سوێندیان خوارد کە هیچ لە من ناکەن و گوتیان، تەنیا وەرە تا گرێبەست لەگەڵ تۆ هەڵوەشینێتەوە. منیش بە شێخم گوت، باوە ئەو کلیلە بدە من دەڕۆمە سەرەوە سەیری چیا دەکەم، دەرگام لەسەر خۆم داخست بۆ ئەوەی خۆم بکوژم . پێم گوتن، ئێوە دەڵێن دینی ئیسلام دینی حەقە و چاکەیە. ئەی چۆن ئێوە ئاوا بەسەر ژن و کچی ئێزدی دێنن؟ ئایا ئێمە مافمان نییە؟ ئێوە قبوڵ دەکەن کەس وا لە کچ و ژنی ئێوە بکات. زۆر گریام و بەزەییم بە کچانی ئێزدیدا دەهاتەوە، بە گریانەوە خۆم لە سەربان فڕێ دایە خوارەوە، ماوەی سێ رۆژ بێ هۆش بووم و نەمتوانی قسە بکەم، دواتر منیان بردە سووریا و مووسڵ، بۆ لای دکتۆر، کە خۆم فڕێ دا هەموو گیانم بوو بە خوێن و قاچم شکا، بەو حاڵە کەس منی نەکڕی، بۆیە ناچار بوون بەخێوم بکەن، کە چاک بوومەوە فرۆشتیانمە داعشێکی ئەڵمانی، لای ئەو لەوێ خوشکە بچووکە هەشت ساڵییەکەم بینییەوە بە داعشێک فرۆشرابوو تەمەنی 22 ساڵ بوو. دوو مانگ لای ئەو داعشە ئەڵمانییە بووم. تەلەفۆن و سیمکارتێکم لێ دزی، من و هەڤاڵێکم بەو تەلەفۆنە خۆمان رزگار کرد، من تەلەفۆنم بۆ خوشکەکەم کرد، ئەویش بە پیاوێکی گوت کە کاری رزگارکردنی کچانی ئێزدی بوو”.

کوردە دەیەوێ زیاتر باسی ئازارەکان بکات، لە گێڕانەوەی بەسەرهاتە ناخۆشەکان زۆر رژد بوو. پێی وابوو دەبێ کچانی ئێزدی بەهێز بن و ئەو تاوانانە ئاشکرا بکەن کە بەرامبەریان کراوە: “ماوەی ئەو یەک ساڵەی داعش بەدیل گرتبوویانم، هیچیان بۆ ئێمە نەکڕی، بە درێژایی ئەو ساڵە ئێمە لێدانمان لەسەر بوو، زۆرجار لەتاو ئازاری گیانمان نانمان بۆ نەدەخورا. جگە لە داعشە پیاوەکان، ژنەکانیش زۆریان لێیان دەداین و دەیانگوت ئێوە قەحپە و کافرن، کە مێردەکانیان دەهاتنە لامان لەڕقا لە ئێمەیان دەدا، ژنیش هەبوو دەیگوت، ئێوە جاریەن بۆیە پێم ناخۆش نییە مێردەکەم سێکستان لەگەڵدا بکات. زۆرجار منداڵەکانیشیان جنێویان پێ دەداین و لێیان دەداین، دەیانگوت ئێوە قەحپە و کافرن”.

کوردە ئاماژە بە هەبوونی خەستەخانە و قوتابخانە دەکات، کە داعشەکان هەیانبووە: “مەکتەب و خەستەخانەیان هەبوو، دائیرە و مەحکەمەیان هەبوو. جلوبەرگی ژنان عەبا و خیمارە بوو، جلی داعش جلی رەسمیی دەوام بوو. لای هیچ لە داعشەکان من خیمارەم لەبەر نەکرد بەڵام داعشە ئەڵمانییەکە دەیگوت، دەبێ تۆ خیمارە بکەی، چونکە جوانی، ئەمیرەکان بزانن تۆم لێ دەستێنن. ئەو قسەیەی راست بوو، ژنە جوانەکان زیاتر ئەمیرەکان دەیانبردن، مەگەر یەکێک نەیانبینیبوایە. ئەوەی جوان بوایە زیاتر تووشی کڕین و فرۆشتن و دەستدرێژی دەبووەوە”.

کوردە ناخۆشترین شت باس دەکات کە بە زۆر دەستدرێژییان کردووەتە سەر: “هەموو کاتەکان زۆر دژوار بوون، بەڵام ناخۆشترین کات ئەوەبوو کە زۆرترین کڕین و فرۆشتنم پێوە دەکرا. هەر رۆژەی لای دڕندەیەک بووم. بێزار بووم. داعش هەبوو چل ساڵ و پەنجا ساڵ تەمەنی بوو، خۆی دەیگوت کە کچی هاوتەمەنی تۆم هەیە، بەڵام دەستدرێژیی دەکردە سەرم و ئازاری دەدام”.

سەبارەت بە ژیان و توانای دارایی داعشەکان کوردە دەیگێڕایەوە: “ژیانی داعشەکان باش بوو. شتی باشیان هەبوو، چونکە ماڵە ئێزدییەکانیان تاڵان کردبوو”.

سەبارەت بە ژیانیان لە ناوچە جیاوازەکان ئەو رای وایە کە: “مووسڵ زۆرترین داعشی لێ بوو. مەدەنیی کەم بوو. کەس یارمەتیی نەدەداین، کە دەچووینە ماڵیان رامان دەکرد سەیرمان دەکرد داعش بوون، بەڵام سووریا باشتر بوو”.

لەبارەی ئەو کچە ئێزدییانەی کە لە داعشەکان سکپڕ بوون، دەگێڕێتەوە کە هەندێ کچ لە داعشەکان سکپڕ بوون: “هەندێ کچمان هەبوو منداڵی داعش کەوتە سکیان، هاوڕێیەکم منداڵەکەی پێنج مانگ بوو جێی هێشت و رایکرد، بابی کوڕەکەی لە شەڕ کوژرا، گوتی ئەو منداڵە داعشە من نامەوێت، ئەوەندە ئازار درابوو کە حەزی لە منداڵەکەی خۆشی نەبوو. کچی یازدە ساڵان هەبوو منداڵی بوو، پازدە ساڵی هەبوو دوو جار سکپڕ کرابوو، هەندێ لە داعشەکان کە دەیانزانی سکیان پڕ کردوون بە لێدان لەباریان دەبردن. کاتێک نەخۆش دەکەوتین نەیان دەبردین بۆ لای دکتۆر، دەیانگوت درۆ دەکەن، تەنیا بۆ مامەڵە پێوەکردن ئێمەیان نەدەکوشت. ئەگەر کچێک بە قسەی نەکردبان ئەشکەنجەی زۆر دەدرا. ئاگام لێ بوو کچ هەبوو، کە بە قسەی نەدەکردن ئەوەندە ئەشکەنجە دەدرا لەژێر ئەشکەنجەدا دەمرد”.

ساتی تری زۆر دژواری کوردە دوای راکردنی ئەوە بووەک کە تا هاتووەتەوە باوکی بە حەسرەتی ئەوانەوە مردووە: “شەش مانگ دوای دەستگیرکردنی ئێمە، باوکم تەحەمولی نەکردووە و مردووە. کە هاتمەوە زانیم یەکجار سەخت بوو، چونکە من بە هیوای بینینەوەی ئەو بووم. تا ئێستاش سێ خوشکم لەژێر دەستی داعش ماون. هەوڵ دەدەین بزانین لە کوێن تا رزگاریان بکەین”.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi