ئيرۆ 34مین ساڵیادا قوربانیێن تاوانێن ئەنفالێ يه
باسنيوز:
لە ڕۆژی 14/4/1988 زیاتر لە 20000 هەزار كەس لە ناوچەی گەرمیان ئەنفال كران، بەو هۆیەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان 14/4ی هەموو ساڵێكی كردووەتە ساڵیادی قوربانیانی ئەنفال.
ئەنجومەنی بەناو سەركردایەتیی حزبی بەعس كە هیشتا لە شەڕی عێراق-ئێران نەبووبووە لە 29ی ئاداری ساڵی 1987 بڕیاری جێبەجێکردنی ئەنفال دا و ئەنفال بە هەشت قۆناغ جێبەجێ کرا کە ترسناكترین و گەورەترین تاوانی ئەنفال لە قۆناغی سێدا و لە ناوچەی گەرمیان و دەڤەرەکانی خورماتوو، كەلار، كفری، چەمچەماڵ و ناحیەكانی نەوجول و سەنگاو و قادركەرم و چەندین شوێن و ناوچەی دیكە بەڕێوە چوو.
ڕژێمی بەعس لەو ساڵەدا 500 گوند و چوار ناحیەی خاپوور كرد كە یەكێك لە ناوحیەكان (نەوجول)ی سەر بە خورماتوو بوو كە تاكوو ئێستاش ئاوەدان نەكراوەتەوە و رژێمی بەعس لەو ناوچانەدا زیاتر لە 30000 هەزار هاووڵاتیی كوردی تەنیا لەبەر كوردبوونیان ئەنفال كرد، هەروەها تەنیا لە یەك رۆژدا لە 14/4/1988 نزیكەی 20000 هەزار منداڵ و ژن و گەنج و پیر و پەككەوتەی لە ناوچەی گەلامیان ئەنفال كرد و پاشان گواسترانەوە بۆ ناحیەی قۆرەتوو و لەوێوە بێسەروشوێن کران.
بەم هۆیەوە ڕێکەوتی 4/4/2007، ئهنجوومهنی وهزیرانی هەرێمی کوردستان به سهرۆکایهتیی نێچیرڤان بارزانی، سهرۆکی ئهنجوومهنی وهزیرانی ئەوکات و عومهر فهتاح، جێگری سهرۆکی ئهنجوومهن، له تهلاری ئهنجوومهنی وهزیران کۆبوونهوهی ئاسایی خۆی بەڕێوە برد و له کۆبوونهوهکهدا رهزامهندی لهسهر پرۆژهبریاری دانانی رۆژی 14/4ی ههموو ساڵیک به رۆژی ئهنفالکراوهکان پەسەند کرا و ساڵانە كوردستانیان بە رێوڕەسمی تایبەت یادی قوربانیانی ئەو تاوانە دەكەنەوە.
قۆناغەکانی ئەنفالی کورد
ئەنفالی یەک: ئەنفالی دۆڵی جافایەتی، لە ۲۳ی شوبات تاکوو ۱۹ی ئاداری ۱۹۸۸ی خایاند، ئەم شاڵاوە بە هێرشکردن بۆ سەر گوندەکانی سەرگەڵوو و بەرگەڵووی دۆڵی جافایەتی لە ۲۳ی شوباتی ۱۹۸۸ دەستی پێ کرد، لە چەند قۆڵێکەوە بە درێژایی ۸۰کم لە بنگردەوە بۆ لای ڕۆژهەڵاتی دەریاچەی دوکان و شارۆچکەی دوکان، لەوێشەوە بۆ شاری سلێمانی و شارۆچکەی ماوەت و چوارتای گرتەوە.
ئامانجی ئەم هێرشە لەناوبردن و وێرانکردنی (۲٥-۳۰) گوندی دۆڵی جافایەتی و داگیرکردنی بارەگاکانی سەرکردایەتیی هێزی پێشمەرگە بوو لەم ناوچەیە. ئەم هێرشە بەربڵاوە سنووری شارۆچکەکانی “سوورداش، دوکان، سەرچنار، قەڵاچوالان وچوارتا)ی گرتەوە، ئەم کارەساتە بە سەرپەرشتیی وەزیری بەرگریی ئەوکاتی عێراق (سوڵتان هاشم) بوو. هێزە بەشداربووەکانی ئەم شاڵاوە پێک هاتبوون لە (۲۰) لیوا و شەست فەوج. لەم هێرشەدا نوێترین چەکی قورس بەکار هێنران کە بوونە هۆی وێرانکارییەکی زۆر لەم ناوچانە، لە ئەنجامدا بووە هۆی وێرانکردی گوندەکانی قەمچۆغە، شاخەڕەش، دۆڵەڕووت، قزلەر، قەرەسەرد، ئاسۆس، قەرەچەتان، شەدەڵە، پیرەمەگروون، زێوێ، گەڕەدێ، دابان، مەرگە و شارستێن و چەندان گوندی دیکە.
ئەنفالی دوو: لە ۲۲ی ئادار تاکوو ۱ی نیسانی ۱۹۸۸ بەڕێوە چوو، ئەم هێرشە ناوچەی قەرەداغی گرتەوە لە تەکیە، سێوسێنان، سەگرمە، دەربەند و باسەڕە، قۆپی قەڕاغ و چەند شوێنی تر، گشت گوند و ئاوەدانییەکانی ئەم ناوچە جوگرافیایەی گرتەوە. سەرەتای هێرشەکە بە کیمیابارانکردنی چەند شوێنێکی ستراتیژی لە ناوچەکە بوو، بە شێوەیەکی زۆر دژوار کیمیاباران کران.
ئەم کارەش بووە هۆی دووبارە ئاوارەبوونی خەڵکی ناوچەکە کە بەشێکیان بەرەو سلێمانی ڕایان کرد، زیانیان کەم بوو، بەڵام ئەو کۆمەڵەیەی بەرەو خوارووی گەرمیان رایان کرد ژمارەیەکی زۆریان دەستگیر کران کە دواتر شوێنبزر کران. لە ئەنفالی قەرەداغدا ئەو هاووڵاتییە کوردانەی کە گیران، یان خۆیان دا بە دەستەوە، بۆ سەربازگەی (قۆڕەتوویان) گوازرانەوە، کە نزیکەی هەشت هەزار کەس بوون لە ژن و منداڵ و پیر و گەنج. پاشان گوازرانەوە بۆ سەربازگەی (تۆبزاوە) لە نزیک کەرکوک.
ئینجا لەوێ گەنجەکان لەوانی تر جیا کرانەوە و بەرەو شوێنی نادیار ڕەوانە کران، خەڵکەکەی تر لە ژن و منداڵ و کچی گەنج خرانە زیندانەوە، بەڵام پیرەژن و پیرەمێردەکان بۆ (نوگرەسەلمان)ی بیابانی (سەماوە) گوازرانەوە، کە لەوێ ژمارەیەکی یەکجار زۆریان لە برسان و تێنوێتی و نەخۆشی دەمردن و تەرمەکانیان فڕێ دەدرانە دەرەوی زیندانەکە، یان دەخرانە بەر سەگە دڕندەکانی پاسەوانی سەربازگەی نوگرە سەلمان و دەیان چیرۆکی خەماوی و ترژایدیای سامناک لەوێ تۆامر کراوە کە بۆ مرۆڤایەتی مایەی شەرمن.
ئەنفالی سێ: (لە ۷ تا ۲۰ی نیسانی ۱۹۸۸)؛ شاڵاوی ئەنفالی سێ ناوچەی گەرمیانی گرتەوە، گەورەترین و بەرفراوانترین هێرش و پەلامار بوو لە ساڵی (۱۹۸۸) بۆ سەر کوردستان، کە ناوچەکانی دووز، قادرکەرەم، کەلار، کفری، چەمچەماڵ، تێلەکۆ، پێباز، سەنگاو، تەکیە و بەشێک لە ناوچەی ئاغجەلەری ڕاماڵی. زیانێکی زۆر گەورەی گیانی و ماددیی بە دانیشتوانی نزیکەی پێنج سەد گوندی ئەم ناچەیە گەیاند، لە (۱٤ی نیسانی ۱۹۸۸)دا چوار شارۆچکە لە یەک کاتدا خاپوور کران، نزیکەی20 هەزار ژن و منداڵ و پیاو بۆ سەربازگەی (قۆڕەتوو) ڕەوانە کران، بۆیە ئەم ڕۆژە هەموو ساڵێک کراوەتە ڕۆژی یاد کردنەوەی تاوانە گەورەکەی ئەنفال لە کوردستان. هۆی زۆریی ژمارەی گیراو و شوێنبزرکراوەکانی گەرمیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە پارێزگای سلێمانی بەهۆی قائیمقامیەتی چەمچەماڵ بە ڕێگای چەند کەسانێکەوە بڵاویان کردبووەوە کە حکوومەت هەر خێزانێک (۳۰۰) مەتر دووجا زەوی لەگەڵ قەرزی عەقاری دەداتە گوندنشینەکان. ئەمەش وای کرد کە خەڵکەکە هێمن ببنەوە و ڕانەکەن، بۆیە ئەو ژمارە زۆرە دەستگیر کران .
ئەنفالی چوار: (لە ۸ی نیسان تاکوو ۳ی ئایاری ۱۹۸۸) هێزەکانی ڕژێمی بەعس دوای تەواوکردنی تاوانەکانی ئەنفالی سێ کە زۆرترین ژمارەی قوربانی و شوێنبزری لێ کەوتەوە. لە هێرشەکانی بەردەوام بوو بۆ سەر ناوچەکانی تری کوردستان. جوگرافیای ئەم شاڵاوە قەراغ و سنووری زێی بچووک بوو، کە هێڵی سنووری هەر دوو پارێزگای کەرکووک و هەولێر پێک دەهێنێت و شارۆچکەکانی (رێدار، ئاغجەلەر، تەقتەق) و چەند گوندێکی گەورەی وەک (عەسکەر و گۆپتەپە) دەگرێتەوە، کە دەکاتە دەشتی کۆیە و شارەدێی (تەقتەق) و شێخ بزێنی. سەرەتای ئەنفالی چوار بە کیمیابارانی گوندی گۆپتەپە لە ڕۆژی (۳ی ئایاری ۱۹۸۸) دەستی پێ کرد و بەهۆی فڕۆکە جەنگییەکانەوە بۆمبی کیمیایی بەسەر خەڵکەکەیدا باراند کە قوربانیانی ئەم گوندە نزیکەیی (۳۰۰۰) کەس دەخەمڵێنرێن، هاوکات گوندی (عەسکەری) بە هەشت بۆمبی کیمیاوی بۆردومان کرد. بۆ ڕێگرتن لە دەربازبوونی دانیشتوانی گوندەکانی (گۆپتەپە) و (عەسکەر) و (حەیدەربەگ)، ڕژێم ئاوی بەنداوی دووکانی بەر دایەوە تاکوو خەڵکی ناتوانن لە زێیەکەوە بپەڕنەوە و ڕزگار ببن.
قۆناغی (ئەنفالی ٥ ، ٦ و ۷ ) دۆڵی چیاکانی (شەقڵاوە و ڕواندز) لە (۱٥ی ئایاری – ۲٦ی ئابی ۱۹۸۸): سەرەتای هێرشەکە لە (۱٥ی ئایاری ۱۹۸۸) بوو، کە دواڕۆژی مانگی ڕەمەزان بوو. چەند فڕۆکەیەک کەوتنە کیمیابارانکردنی گوندەکانی (وەرە، نازەنین، کاموسک، سپیندارە، عەلیاوە و سماقوڵی) کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانی گوندەکان و مردارەوەبوونی ئاژەڵەکانیان. توندترین هێرشی سوپای عێراق بۆ ناوچەی (دۆڵی بالیسان) بوو، بەڵام زیانی گیانی بە بەراورد لەگەڵ هێرشەکانی پێشوو کەمتر بوو، چونکە زۆربەی ئەو ناوچانەی سەر بە پارێزگای هەولێر چۆڵ کرابوون، خەڵکەکەی ڕاگوێزرابوون. گەورەترین زیان لەم ناوچەیە بەر گوندی (بلەی خواروو) کەوت، خەڵکەکەی شوێنبزر کران، لە ڕۆژی (۷ی حوزەیران) شاڵاوی ئەنفالی پێنج کۆتایی هات.
سەرەتای ئەنفالی شەش لە (۲٦ی تەمووز) بە بۆردومانکردنی ناوچەکانی دۆڵی (بالیسان و دۆڵێ مەلەکان و دۆڵی وەرتێ و دۆڵی هیران و سماقوڵی) بە چەکی کیمیاوی دەستی پێ کرد و خەڵکەکەی دەرپەڕاند، پاشان لەلایەن حکوومەتەوە ناوچکە داگیر کرا، داواشیان لە خەڵک کرد خۆیان بە دەستەوە بدەن، چونکە دەنگۆیان بڵاو دەکردەوە کە لێبورودنی گشتی هەیە، بۆیە ژمارەیەکی زۆری خەڵکەکە هەڵخەڵەتان، خۆیان دا بە دەستەوە، دوای گرتنیان شوێنبزر کران. لە میانەی شاڵاوەکانی ئەنفالی (٥ ، ٦ ،۷ )، (٥۲) گوند لە ناحیەی (خەلیفان و رواندز و خۆشناوەتی) وێران کران، کە سەرجەم خێزانکانیان (۲٦۰۲۲) بوو .
ئەنفالی کۆتایی (بادینان) لە (۲٥ی ئاب ـ ٦ی ئەیلولی ۱۹۸۸): لە دوای وەستانی شەڕی (عێراق- ئێران)، دواشاڵاوەکانی ئەنفال لە (۸ی ئازی ۱۹۸۸) دەستی پێ کرد، سوپای عێراقق) دەستی واڵا بوو بۆ ئەنفالکردنی ناچەی بادینان. ئەم شاڵاوە بە درێژایی ناوچەکانی (زاخۆ، ئامێدی، شێخان و ئاکرێ) گرتەوە. سەرەتا لەلایەن سوپای عێراقەوە بە (بۆمبی هێشوویی و عنقودی کیمیاوی) ناوچەکە بۆردومان کرا. خەستترین هێرشی هێشوویی لە (۲٤ی ئاب) بۆ سەر گوندی (سپیندار)ی قەدپاڵی چیای (گارە) بوو، کە بە درێژایی (۳۰۰) کم شوێنەکە بۆردومان کرا، بەڵام ژمارەی قوربانییەکان لەچاو ئەم بۆردومانە چڕە کەم بوو، ئەویش بەهۆی ئەوەی کە پێشمەرگە توانیان پێشتر ئامۆژگاری و ڕێنمایی خۆپاراستن بڵاو بکەنەوە، بەڵام هەرچی ئاژەڵ و مەڕ و ماڵات کە هەیانبوو قڕیان تێ کەوت، کێڵگەکانیش لە بەرهەم کەوتن و سووتێنران .
لە زۆربەی ناوچەکان، کانیاوەکان بە سیمان (چیمەنتۆ و بتۆنڕێژ) کران، هەموو باخ و ڕەز کشتوکاڵی خەڵک لەناو بران و سووتێنران، ماڵ و خانووی خەڵک خاپوور و وێران کران و هیچ شتێک لە ئاوەدانی نەمایەوە.
هەرچەند ئێستا لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانەوە خزمەتێکی زۆر بە کەسوکار و بنەماڵەی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکرێت و زۆر پێداویستیی ژیان و گوزەرانیان بۆ دابین کراوە، بەڵام هیچ کات لە ڕووی مەعنەوی و دەروونی و سایکۆلۆژییەوە ناکرێت ئاسەوار و کاریگەرییەکانی ئەو کارەسات و تراژیدیانە بسڕێنەوە و هەموو ساڵێک لە یادکردنەوەی قوربانیانی کارەساتی ئەنفالدا ئەو زامانە دیسان دەکولێنەوە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی