ناڤهرۆكا كۆمبوونا جڤاتا وهزيرێن ههرێما كوردستانێ هاته ئاشكراكرن
وشه:
بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، جێگری سەرۆك وەزیران، كورتەیەكی دەربارەی سەردانی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ یۆنان و بەشداریكردنی لە كۆڕبەندی ئابووری دێلفی و دیداریان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یۆنان خستە ڕوو.
ئاماژەی بەوەدا كە حكومەتی یۆنان، ئامادەیی دەربڕیوە بۆ ھەماھەنگیكردن لەگەڵ ھەرێمی كوردستان لەبوارە جیاكاندا، بەتایبەت لە گەشتوگوزار و وەبەرھێنان، گوتی، بڕیارە شاندێكی باڵای یۆنان، سەردانی ھەرێمی كوردستان بكات بەمەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییەكان.
گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا
راگەیەنراوەكەی حكوومەت تیایدا هاتووە، خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوستان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی، باسی لە سەردانی ئەم هەفتەیەی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و كۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ كرد.
ئەنجوومەنی وەزیران، دووپاتی كردەوە لە ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و داكۆكی لێكردنیان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق. لەو ڕوانگەیەشەوە، حكوومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ بە ئاراستەی گەیشتن بە ڕێككەوتن لە سەر دۆسیەی نەوت و گاز كە بەرژەوەندی گشتی هەمووان لەخۆ بگرێت، كۆبوونەوە و گفتوگۆكان تا ئێستە بەردەوامن و ڕێككەوتنی كۆتایی ئەنجام نەدراوە. لە هەمانكاتدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چارەسەری بنەڕەتی ئەم بابەتە لە دەرچوواندنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵ دەبینێتەوە وەك لە دەستووردا هاتووە و حكوومەتی هەرێم، پابەندبوونی خۆی لە بەرانبەر كۆمپانیا نەوتییەكان دووپات دەكاتەوە تا گەیشتن بە ڕێكەوتنی كۆتایی بەگوێرەی دەستوور، كە مافی هەموو لایەنەكانی تێدا پارێزراو بێت.
نەهێشتنی رۆتین
بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە، بەردەوامیدان بوو بە گفتوگۆكردن لە سەر پێداچوونەوە بە میكانیزمی كاركردن لە ناو حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ئاراستەی برەودان بە باشتر ڕاییكردنی كارەكانی حكومەت و پتەوكردنی هەماهەنگیی نێوان وەزارەت و دامودەزگاكانی حكوومەت و نەهێشتنی ڕووتین و لێكۆڵینەوە لە داواكاریی وپێداویستی وەزارەتەكان لە پێناوی چارەسەركردنیان بە ئامانجی برەودان بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی گشتی بە شێوەیەكی باشتر بە هاووڵاتییان وبەدەنگەوەچوونی داخوازیی و داواكانیان.
لە بڕگەی سێیەمدا، ئەنجوومەنی وەزیران، ڕەشنووسی ( پەیڕەوی ناوی بازرگانی و تۆمارنامەی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان) پەسەند كرد لە بەرڕۆشانیی یاسای ژمارە 14 ساڵی 2021 كە ئامانج لێی ڕێكخستنەوەی ڕێكارەكانی بەدەستهێنانی ناوی بازرگانی و تۆماركردنی لە تۆمارنامەی بازرگانی و دەستنیشانكردنی لایەنی پەیوەندیدار كە وەزارەتی بازرگانی وپیشەسازی حكومەتی هەرێمە، ئەویش بە ئاراستەی ئاسانكاریی بۆ بازرگان وخاوەنكاران وسوود وەرگرتن لە تەكنەلۆجیای زانیاری و پێدانی ژمارەی بێ هاوتا بە بازرگانەكان بە ئاڕاستەی ئاسانكاریی لە ڕاییكردنی مامەڵەكان وكەمكردنەوەی ڕووتین و برەودان بە چالاكی بازرگانیی.
یاسای نوێی وەزارەتی شارەوانی
لە بەشێكی تری كۆبونەوەكەدا، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە پەسەندكردنی ( پڕۆژە یاسای نوێی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان ) كە لە لایەن ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار خرایەڕوو، وەك لە هۆكارەكانی گەڵاڵەكردنی پڕۆژە یاساكە هاتووە، مەبەست لەم یاسا نوێیە ئەوەیە، وەزارەت بتوانێت وەڵامدەرەوەی پێشكەوتن و فراوانبوونی شار وشارۆچكەكانی هەرێم بێت و لە ئاستی داخوازیی وپێداویستیەكانی هاووڵاتیان بێت، لە پڕۆژە یاساكەدا، پێكهاتەی نوێی وەزارەت، لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتی و دامەزراوەكانی شارەوانی و گەشتوگوزار لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و قەزا و ناحیەكان بەجۆرێك ڕێكخراوەتەوە ، كە لە ئاست ئامانج و چالاكییەكانی وەزارەت بن، بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی دە ساڵی جێبەجێكردنی یاسای ئێستە، بڕیاردرا پڕۆژەكە ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان بكرێت بۆ تەشریعكردنی.
هەڵگرتنی رەسمی باجی گومرگی
پاشان ئەنجومەنی وەزیران، پێشنیاری بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی پەسەند كرد، سەبارەت بە هەڵگرتنی ڕەسمی باج و گومرگی لە سەر ئاژەڵی هاوردەكراو لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەكانی هەرێم.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی