ئيرۆ (10ی ئادار)ێ، ڕۆژا جلوبەرگێن کوردی یە
باسنيوز:
ڕۆژی 10ی ئادار بە فەرمی لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە وەک ڕۆژی جلوبەرگی کوردی ناودێر کراوە و بەم بۆنەیەوە هەموو ساڵێک لە دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ڕێوڕەسمی جیاواز بەڕێوە دەچێت.
جلوبەرگی کوردی، یەکێک لە هێما فەرهەنگی و نەتەوەییەکانی کوردە کە مێژوویەکی کۆن و دێرینی هەیە و وێڕای هێما و توخمە نەتەوەییەکانی دیکەی وەک زمان، خاک، ئاڵا و سروودی نەتەوەیی، بووەتە تایبەتمەندییەکی جیاواز کە نەتەوەی کورد لە نەتەوەکانی دیکە جیا دەکاتەوە.
هەموو ساڵێک لە ڕۆژی 10ی ئادار، لە دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لەناو قوتابخانە و خوێندنگەکاندا بە پۆشینی جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگی کوردی ڕێوڕەسمی ڕۆژی جلوبەرگی کوردی بەڕێوە دەچێت.
جۆرەکانی جلوبەرگی کوردی لە هەر ناوچە و پارچەیەکی کوردستاندا جیاوازە کە لێرەدا چەند جۆرێکی دەناسێنین:
جلوبەرگی پیاوان
ڕانک و چۆغە (چۆخە)، کەوا و پانتۆڵ، شاڵ و شەپک، کورتەک و شەرواڵ، پشتێن و کڵاو و جامانە (جەمەدانی).
جلوبەرگی ئافرەتان
کراس، فیستان، کەوا (کەوێ)، خەفتان، سوخمە (سیخمە)، کوڵەنجە (کوڵۆنجە)، سەڵتە، هەوری، لەچک، گوڵوەنی، پشتوێن، فەقێیانە، لەوەندی، ئەنگوچک (شێوازی تایبەتی قۆڵی کراسی کوردی)یە، چەفتە، دەسماڵ، کۆڵوانە (چارۆگە)، دەلینگ (شەرواڵ)، ژێرکراس (ئاوەڵکراس)، هەروەها سەروبەست (لاگیرە و پلپلە و لەرزانە)، کۆفی، کڵاوی ڕازێندراوە و سرکەیی (ھەوری) کە خانمانی کەلھوڕ زیاتر بەکاری دەھێنن.