ژمارەیەكا وەزارەت و دامەزراوێن حكومهتا ههرێمێ دەواما فەرمانبەران زێدهكر
باسنيوز:
بەشێک لە وەزارەت و دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەوامی فەرمانبەرانیان زیاد کردووە و باسیشیان لەوە کردووە کە هۆکارەکەی بۆ هەڵگرتنی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران دەگەڕێتەوە، لە کاتێکدا کە تاوەکوو ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی بۆ هەڵگرتنی پاشەکەوتی مووچە نییە.
بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، وەزارەتی دارایی و ژمارەیەک لە وەزارەت و دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەوامی فەرمانبەرانیان زیاد کردووە، لە کاتێکدا پێشتر هەفتانە جگە لە رۆژانی هەینی و شەممە، ڕۆژێکیش پشوویان پێ دەدان و لەڕووی کاتژمێرەکانی دەوامیشەوە نەرمییەکی زیاتریان دەنواند.
(باسنیوز) زانیویەتی کە سەرجەم ئەو دامەزراوانەی بڕیارەکەیان دەرکردووە، لە دەرئەنجامی دەرچوونی یاسای بودجەی ٢٠١٩ی عێراق و پێشبینیکردنیان بۆ کۆتاییهاتنی سیستەمی پاشەکەوتی مووچە، ئەو بڕیارەیان داوە، لە کاتێکدا هێشتا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەبارەی هەڵگرتنی پاشەکەوتی مووچە نەدراوە و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش لە دوایین هەڵوێستیدا ڕای گەیاند کە ئەگەر یاساکە دەرچوو و زانییان بەغدا مانگانە چەند پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، ئەوکاتە بڕیار لەبارەی پاشەکەوتی مووچە دەدەن.
لەمبارەیەوە یوسف عەوێنەیی، سەرۆکی یەکێتیی فەرمانبەرانی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، بە ھۆی پەیرەوی کردنی سیستەمی پاشکەوت لە ھەرێمی کوردستان، فەرمانگەکان بەبێ ھیچ نووسراوێکی فەرمی، کاتی دەوامیان کەم کردبووەوە، بۆ سووککردنی باری سەرشانی فەرمانبەران و ”رۆژی ئۆفیان“ بۆ دادەنان، بە مەرجێک کار لە ڕایی کردنی کاروباری ھاووڵاتییان نەکات.
بە گوتەی یوسف عەوێنەیی، ئێستا بەهۆی کەمکردنەوەی پاشەکەوتی مووچە و ئەگەری هەڵگرتنی سیستەمی پاشەکەوت، ”کاتی دەوامی فەرمانبەران ئاسایی دەکرێتەوە”. جەختیشی کردەوە کە بەپێی زانیارییەکانی ئەوان، بڕیارەکە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە نەدراوە، بەڵکوو فەرمانگەکان لە ئاستی خۆیانەوە کاریان لەسەر ئاساییکردنەوەی دەوامی فەرمانبەران کردووە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی