نێچیرڤان بارزانی هەلويستێ حکوومەتا هەرێمێ لسهر بودجا عێراقێ ئاشکهراکر
باسنيوز:
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە لە پرێس کۆنفرانسێکدا هەڵوێستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی لەبارەی تێبینییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر یاسای بوودجە بە گرنگ وەسف کرد و چەند پرسێکی دیکەی خستە ڕوو.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرەتا ئاشکرای کرد: “سیاسەتی هەرێمی کوردستان ئەوە بووە لەگەڵ بەغدا وردە وردە کێشەکان چارەسەر بکات، دەمەوێ سوپاس و دەستخۆشی لە عادڵ عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بکەم کە لەوکاتەی بوونە سەرۆک وەزیران، ئەو تێبینییانەی حکوومەتی هەرێم لەسەر یاسای بودجە هەیبوو، بە گرنگییەوە وەریگرت، وەزیری دارایی تێبینییەکانی بۆ وەزیری دارایی عێراق نارد و ئەویش بە سوپاسەوە بۆ عەبدولمەهدی نارد و ئەویش بایەخی پێدا و تێبینییەکان داخیل کران”.
گوتیشی ئەو بودجەیەی ئەمساڵ لە ساڵانی ڕابردوو باشترە، ئێمە هەنگاوێک بەرەو پێشەوە ڕۆشتووین بەوەی هەوڵ بدرێ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێ، سوپاسی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم کە هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە ئیشیان لەسەر بابەتی بودجە کرد و هەڵوێستی هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا جێگەی سوپاسە کە پێکەوە بەرگرییان لە دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان کرد و سوپاسی یەک بە یەکی ئەو ئەندامانە دەکەم بەبێ ئەوەی حیسابی ئەوە بکەن کە سەر بە چ حزبێکن، وەکوو یەک تیم کاریان کرد”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی: “ئێمە ئێستا چاوەڕوانی جێبەجێکردنی یاساکەین و چەند هەنگاوێکی دەوێ، ئەوە دەبێ بنێردرێت بۆ سەرۆک کۆمار و ئیمزای بکات، دواتر ئەنجومەنی وەزیران ڕێنمایی پێ دەربکات، ئەمانە هەنگاون، بەڵام بە گشتی دەتوانم بڵێم ئەم یاسایەی هەمانە بە بەراورد لەگەڵ یاساکانی پێشوو، ئەمە بۆ هەرێمی کوردستان باشترە”.
نێچیرڤان بارزانی جەختی کردەوە: “سوپاسی وەزیری دارایی عێراق دەکەم کە لە بەغدا ئیشیان لەسەر ئەو بابەتە کرد. جەخت لەوە دەکەمەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێ پشتیوانیی تەواو بۆ کابینەی عادل عەبدولمەهدی دووپات بکاتەوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە جددی دەیەوێ کێشەکانی لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەی دەستووری عێراق بکات. هەر لەم چوارچێوەیەدا ئێمە شاندێکمان بە سەرۆکایەتیی وەزیری پلاندانان ناردە بەغدا و ئەوانیش کۆبوونەوەی باشیان ئەنجام داوە، هەندێک لەو بڕیارانە ئەوەیە کە ئەو بازگانە هەڵدەگیرێن کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە، ئەمەش کار لە بازرگانی و هێنانی گەشتیاران دەکەن”.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد: “جێگەی قەبوڵ نییە هێرش بکرێتە سەر ئەم و ئەو خۆپیشاندانێک هەوڵی قۆستنەوەی بدرێ و توندوتیژی لێ بکەوێتەوە، بەهیچ شێوەیەک قابیلی قەبوڵ نییە و هەوڵ دەدەین بە هیچ شێوەیەک دوبارە نەبێتەوە و کێشەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی نەوت لەگەڵ بەغدا کێشەی زۆرن، پێمانوایە بەپێی یاسای بودجە، ساڵێک کاتمان دەبێ لەگەڵ بەغدا بە جددی بگەینە گفتوگۆ تا چارەسەری کێشەکانی نەوت بکەین”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی: “لە مانگی ٢ی ٢٠١٤ەوە بەغدا یەکلایەنە بودجەی کوردستانی بڕیوە. هەرێمی کوردستان بۆ دڵنیاکردنەوەی مووچەی خەڵک و بودجەی خۆی، ناچار بووە نەوت بفرۆشێت. ئەگەر بەغدا ئەوەی نەکردایە ئێمە ڕانەدەوەستاین. ئێستا بە جددی هەردوولا لەگەڵ بەغدا دادەنیشین و لەسەر ژمارەکان گفتوگۆ دەکەین و هەوڵ دەدەین ئەو کێشانەی هەیە، چارەسەر بکەین”.
ڕاشی گەیاند: “پێم وایە عادل عەبدولمەهدی نایەوێ ئەوە ببێتە کێشە، بەڵکوو نیەتی ئەوەی هەیە کێشەکان چارەسەر بکرێت، ئێمە بە ڕێزەوە سەیری ئەوە دەکەین و هەوڵ دەدەین چارەسەری بکەین. لەبارەی پاشەکەوتی مووچە، ئەولەویەتی یەکەمی ئێمە هەڵگرتنی پاشەکەوتی مووچەیە، ئەگەر بتوانین لە قۆناغی یەکەم ئەمە جێبەجێ بکەین، بیر لەوە دەکەینەوە کە چۆن پاشەکەوت چارەسەر بکەین بەپێی داهاتی خۆمان. ئەولەویەتی یەکەممان ئەوەیە کە پاشەکەوت نەهێڵین، نامەوێ تەوەقوعاتی خەڵک بەرز ببێتەوە، دەمەوێ زۆر ڕاستگۆیانە لەگەڵ خەڵک قسە بکەم، ئەگەر ئەمڕۆ کە لەگەڵتان وەستاوم، دڵنیابم کە بەڵێ ئەم پارەیە دێ بەو شێوەیەی ڕێککەوتنمان لەسەر کردووە، پێم دەگوتن بەڵێ، بەڵام دوو سێ هەنگاوی ماوە ئەگەر جێبەجێ بکرێن، ئەکید مەسەلەی هەڵگرتنی پاشەکەوت دێتە پێشەوە”.
لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر گوتی: “ئێمە هەردوولا چ بەغدا و چ هەولێر دەرسێکمان لە پێشتر وەرگرتووە، بەو هیوایەم کە تێبگەین کە کێشەکان بە دیالۆگ و لە چوارچێوەی دەستووردا دەبێ چارەسەری بکەین. ئێمە هیچ نیەتێکی باش لە بەغداوە رەت ناکەینەوە تا کێشەکانمان بە دیالۆگ چارەسەر بکەین. بابەتی یەکەمەکان خەریکین دیراسە بکەین، چونکە هەر هی ئەمساڵ نین، هی ساڵەکانی دیکەشن، دەبێ دیراسەی بکەین و دواتر بڕیاری لێ بدرێت”.
ڕاشی گەیاند: “گرنگ بەلای ئێمەوە یاسای بودجەی ٢٠١٩ی عێراق پەسەند کراوە. لەبارەی جووتیاران ئیشی لەسەر دەکرێت و وەزیری پلاندانان کە چوونەتە بەغداش ئیشی جددیان لەسەر ئەوە کردووە شایستەکانی جووتیاران بدرێت. لایەنەکان خەریکی پێکهێنانی حکوومەتن، هەروا بووە و ئەوە نەبووە بە شەو و ڕۆژێک درووست ببێت، ئێستا گفتوگۆی جددی هەیە لە نێوان پارتی و یەکێتی و پارتی و گۆڕان، ڕۆژی سێشەممە کۆبوونەوەی دیکە دەکرێ، هەنگاوەکان بەردەوامن تا پێک دەهێندرێت”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ڕووداوەکانی شیلادزێیەوە گوتی: “لەم ماوەیەدا زۆر بەداخەوە هەندێک هاووڵاتی شەهید بوون لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا، پرسیار ئەوەیە ئەو بۆردومانە لە گوندەکان کرا؟ نەخێر لەو شوێنانە کرا کە بوونی پەکەکەی هەیە و لە ئەنجامی بوونی پەکەکە ئەو بۆردومانانە دەکرێت، وەڵامی ئەوە ئەوە نییە کە تۆ هێرش بکەیە سەر سەربازگەی تورکیا لەم سنوورە، ئەوان دەبێ لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان قسە بکەن. ئەو هۆکارانە دەبنە هۆکاری بۆردومانەکە دەبێ ئەوانە چارەسەر بکەین. هۆکار چییە؟ بوونی پەکەکەیە و ئەگەر پەکەکە نەبێ، بیانووی بۆردومانی تورکیا نابێت. بەردەوام ئیدارەی ناوچەکە بە خەڵکەکەیان گوتووە کە لەم هێڵە نابێ زیاتر بڕۆن چونکە ئەگەری هێرش هەیە، بەڵام بەداخەوە هەندێکجار گوێ لەم ڕێنماییانە نادەن و ئەمانە ڕوودەدەن”.
لە وەڵامی پرسیاری میدیاکارێکدا لەبارەی پەیوەندی لەگەڵ تورکیا لەمەڕ ڕووداوەکەی شیلادزێ گوتی: “بەڵێ ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە لە نێوان من و وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕووی داوە لەبارەی شیلادزێ، جەختمان لەوە کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ڕێیەکی یاسایی دەگرێتە بەر بۆ دادگاییکردنی ئەو کەسانەی کە لەنێو خۆپیشاندەران ئاراستەی خۆپیشاندانیان گۆڕیوە لەکاتێکدا سەرەتا خۆپیشاندەران ویستوویانە داوای مافی خۆیان بکەن.
وەکوو بنەما ئێمە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتیمان هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی عێراقە، بەداخەوە هەندێک لایەنی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتانی دراوسێمان، بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، خاکی کوردستان بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکار دێنن. با بپرسین لە چ شوێنێکدا ئەوە قەبوڵ دەکرێت؟ مەعقوولە ڕەچاوی ئەوە نەکەیت خاکی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچەیەکی ئارام بۆ خۆت بەکار بهێنێت و بچیت کێشە بۆ وڵاتانی دراوسێ درووست بکەیت؟”.
لە درێژەی ئەم بابەتەدا ڕای گەیاند: “لەگەڵ تورکیاش هەوڵ دەدەین کە هەموو هەوڵێک بدرێت ئەمانە ڕوو نەدات. هۆکارەکە ڕوونە کە بوونی پەکەکەیە. لەبارەی داعش کە دوژمنی هەموو لایەکە، دوژمنی بەغدا و هەولێر و وڵاتانی دیکەشە، لەم ڕووەوە هەرێمی کوردستان هەماهەنگی و هاوکارییەکی تەواوی لەگەڵ بەغدا هەیە. ئێستا هەماهەنگیمان لەڕووی زانیارییەوە زۆر باشترە لە جاران. لەبارەی جێبەجێکردنی بابەتی ئەمنی لەو سنوورەی داعش بوونی تێدا هەیە، داعش وەکوو ڕێکخراوێک کە شاری گەورەی بەدەستەوە بێت، بە هەوڵی هەموومان و شەهیدانی ئێمە و شەهیدانی سوپای عێراق و حەشد و پۆلیس، ئەوە نەماوە و مەترسییەکە کەم بۆتەوە، بەڵام داعش کۆتایی نەهاتووە لەم وڵاتە”.
لەبارەی بوونی هێزەکانی ئەمریکا گوتی: ” ئێمە بۆچوونمان وایە تا مەترسیی داعش لەم وڵاتە هەبێت کە ئێستا هەیە و جددیشە، هێزەکانی ئەمریکا پێویستن لەم وڵاتە بمێننەوە بۆ یارمەتیدانی هێزەکانی عێراق، ئەگەر داعش بە شێوەی جاران سەرهەڵداتەوە، کێشەیەکی گەورە سەرهەڵدەدات. داعش تا دەروازەی بەغدا هات و نزیک بووەوە لە هەولێر، ئەوەی نەیهێشت بکەوێت، یارمەتیی هاوپەیمانان و لە سەروویانەوە ئەمریکا بوو. بۆیە پێمانوایە تا نەمانی مەترسیی داعش، عێراق پێویستی بە مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانە. تائێستا هیچ هێزێکی گەورە کە لە سووریاوە هاتبێتە کوردستان، تائێستا هیچ کەسێک نەهاتووە”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی