حوزه‌یران 18, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

بانگەشەيا هەلبژارتنێن عێراقێ دەست پێكر

بانگەشەيا هەلبژارتنێن عێراقێ دەست پێكر

وشه‌:
هێشتا چەند مانگێكی ماوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە عێراق دەست پێ بكات، بەڵام بانگەشەكانی هەڵبژاردن دەستی پێ كردووە و سەرەتاكانی ئەم جۆرە بانگەشە نافەرمییەش دەریدەخات، عێراق لە بەردەم هەڵبژاردنێكی چارەنووسساز و سەختدایە و ركابەریی لایەنەكانیش لەگەڵ یەكتردا زۆرن.

بڕیارە لە 12ی ئایاری ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانیی لە عێراق بەڕێوە بچێت و بڕیارە 143 حزب و 27 هاوپەیمانێتی بەشداری ئەم هەڵبژاردنە بكەن. هەفتەیەكە بەیاننامە لە دوای بەیاننامە لە لایەن هێز و هاوپەیمانێتییە جیاوازەكان بڵاو دەكرێتەوە و لەو ماوەیەدا چەندان هاوپەیمانێتی پێكهاتوون و هەڵوەشاونەتەوە.

گرنگترینی ئەو هاوپەیمانێتییانە بریتی بوو لە هاوپەیمانێتی حەیدەر عەبادی لەگەڵ حەشدی شەعبی كە لە دوای 24 سەعات هەڵوەشایەوە و ئەمەش داهاتووی حەیدەر عەبادی بۆ ئەوەی لە خولی داهاتوودا لە پۆستەكەی بمێنێتەوە، دەخاتە مەترسییەكی گەورەوە.

یەكشەمی رابردوو حەیدەر عەبادی باسی لە هاوپەیمانێتییەكی بەرفراوانی نیشتمانی و شیعی ئاشكرا كرد كە بە “نەسڕ” ناسرا. حەشدی شەعبی و هێزەكانی نزیك لە ئێران لە پەرلەمانی عێراق پشتیوانییان لەم هاوپەیمانێتییە كرد. رۆژی دووشەم حەشدی شەعبی لە هاوپەیمانێتییەكە هاتە دەرەوە و هۆكارەكەشی بە هۆكاریكی تەكنیكی هەژمار كرد. بە گوتەی كەسایەتییەكانی نزیك لە حەیدەر عەبادی ئەم كشانەوەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەوان مەرجەكانی سەرۆك وەزیرانیان قبووڵ نەكردووە و یەكێك لەو پرسانەی تریش كە كاریگەری لەسەر كشانەوەی حەشد هەبووە، لای عەبادی ئەوانە لە لیستەكەیدا زیاتر گرنگییان پێ دەدرێت كە زیاتر رووبەڕووی گەندەڵی ببنەوە و حەشدیش دەڵێت كەسانێكی نزیك لە عەبادی خۆیان لە گەندەڵی تێوەگلاون.

ئەبو ئالا ئەلوێلایی سكرتێری كەتیبەكانی “سەیدەلشوهەدا” كە بەشێكە لە حەشدی شەعبی پێی وایە ئەم جیابوونەوەیە جگە لە تاكتیكێكی هەڵبژاردن هیچ شتێكی تر نییە، چونكە ئەگەر بە لیستی جیاواز بەشداری بكەن، ئەوا دواتر بە گشتی ئەو دەرفەتەیان هەیە كورسی زیاتر بۆ خۆیان كۆ بكەنەوە و ئەمەش بۆ سیستەمی ئەمجارەی هەڵبژاردن دەگەڕێتەوە.

موقتەدا سەدر كە كەسایەتییەكی ئاینیی بەناوبانگی شیعەیە و ژمارەی لایەنگرانیشی بەرچاوە، یەكێك لەو كەسانەیە كە دژی هەر جۆرە دەستێوەردانێكی ئێرانە لە عێراق و خۆی راستەوخۆ هاوپەیمانێتییەكەی عەبادی و حەشدی شەعبی خستە ژێر پرسیارەوە. موقتەدا سەدر كە لەم دواییانە لەگەڵ حزبی كۆمۆنیستی عێراق بە رێككەوتن گەیشتووە ئاشكرای كرد، لە هەڵبژاردندا تەنیا پشتگیری لە تەكنۆكراتە سەربەخۆكان دەكات.

هاوكات هەشت گرووپی سەر بە حەشدی شەعبی لەوانەش حزبوڵای عێراق، عەسائیبی ئەهلی حەق بە رێبەرایەتی قەیس خەزعەلی و بەدر بە رێبەرایەتی هادی عامری، جیاواز لە هاوپەیمانیەتییەكەی عەبادی لە ژێر ناوی فەتح بەشداری لە هەڵبژاردن دەكات.

بە كشانەوەی حەشد لە عەبادی، ئێستە سەرۆك وەزیرانی عێراق تەنیا یەك ركابەری نییە كە لە ژێر سەركردایەتیی نووری مالیكیدا بوو. مالیكی بە هاوپەیمانیەتی دەوڵەتی یاسا بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا كردووە، بۆیە عەبادی دەبێت ململانێی حەشدی شەعبیش بكات.

15 ساڵ لەمەوبەر كە رژێمی بەعس رووخا، هەموو ئەو گرووپانە لە ژێر ئاڵای حزبی دەعوەی ئیسلامیدا بوون.

رێبەرانی حەشدی شەعبی پێداگرییان لەوە كردووە كە خستنەڕووی لیستێكی نوێ بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق بەو واتایە نییە كێشەیان لەگەڵ سەرۆك وەزیراندا هەیە. هادی عامری بەرپرسی بەدر گوتوویەتی دوای هەڵبژاردن هاوپەیمانیەتی فەتح ئامادەیە لەگەڵ عەبادی هاوپەیمانێتییەكی نوێ پێك بهێنێت.

سەرەڕای ئەمە رووخانی هاوپەیمانێتییەكەی عەبادی دوای 24 سەعات بە شكستێكی گەورەی عەبادی هەژمار دەكرێت و بەشێك لە عێراقییەكانیش متمانەیان بە سەرۆك وەزیران نییە و بە كەسێكی كەڵەكبازی ناو دەبەن.

حەیدەر عەبادی و ئەیاد عەلاوی لەو كەسانەن كە لە لایەن ئەمەریكاوە بۆ وەرگرتنی پۆستی باڵا پشتیوانییان لێ دەكرێت، یەكێك لەو هۆكارەكانەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەمانە خوازیاری دەستێوەردانی ئێران لە كاروباری عێراق نین. جیابوونەوەی لایەنەكانی حەشدی شەعبی لە لیستەكەی حەیدەر عەبادی بەوە لێك دەدرێتەوە كە تاران و واشنتن لێرەوە لەسەر داهاتووی عێراق هەر كامێكیان روو لە ئاراستەیەك دەكەن.

رۆژ بە رۆژ وادەی هەڵبژاردن نزیك دەبێتەوە و گرووپە سوننەكانیش داوایان كردووە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بەڕێوە نەچێت و بۆ كاتێكی تر دوا بخرێت. زۆرێك لە فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق و تەنانەت هەندێك لایەنی كوردیش خوازیاری دواخستنی هەڵبژاردنن. یەكێك لەوانە پارتی دیموكراتی كوردستانە كە هەڵبژاردن لە كەركووكی بایكۆت كردووە و گوتوویەتی لە دۆخێكدا كە كەركووك داگیر كراوە و پرسی ئاوارەكان چارەسەر نەكراوە ناكرێت هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت.

پەرلەمانی عێراق چەند جارێكە لەسەر پرسی هەڵبژاردن كۆ دەبێتەوە، بەڵام بە ئەنجام ناگات و دوایین كۆبوونەوەشی بۆ دووشەمی داهاتوو دوا خراوە.

سەرچاوە/رادیۆ زەمانە.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi