رێناس جانۆ:مالیکی ب مەبەستا ڤهگهريانێ بۆ سەر دەسەلاتێ هاته سلێمانيێ
تۆرا لالش يا راگههاندنێ
پەرلەمانتارێک پێی وایە، دەبێت کورد لە ئامانجەکانی نووری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوەی ئیسلامی و سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق تێبگات کە بریتییە لە تێکدانی ناوماڵی کورد و گەڕانەوەی بۆ سەر دەسەڵات.
ئەمڕۆ شەممە 23\7\2016، ڕێناس جانۆ، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە (باسینوز)ی ڕاگەیاند: “نووری مالیکی بەشێکی سەرەکی بووە لە دروستکردنی گرفتەکان، ئەوەی بەشی دروستکردنی کێشەی هەبووبێت ئاستەمە ببێتە بەشێک لە چارەسەری گرفتەکان، هەموو ئەو گرفتانەی بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتوون، لەسەردەمی نووری مالیکی بوون، ئەو کاتەی مالیکی هەموو شتێک بوو لە عێراق، نەیتوانی گرفتەکانی ئێمە چارەسەر بکات، ئێستا ئومێدمان چییە مالیکی بێت گرفتم بۆ چارەسەر بکات؟”.
ئەو ئەندامە کوردەی پەرلەمانی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە هاتنی مالیکی بۆ کوردستان، دەستوەردانە لە کاروباری ناوخۆیی هەرێمی کوردستان، هەر کاتێک هێزە کوردستانییەکان بیانەوێت لێک نزیک بوونەوە دروست بکەن، کەسانی وەک مالیکی دەیانەوێت ئەو نزیک بوونەوەیە بکەنە لێک ترازان. گوتیشی: “دەبێت گەلی کوردستان نەکەوێتە ئەو هەڵانەوە، چونکە نووری مالیکی ئەو کەسایەتییە نەماوە و ناتوانێت وەک جاری جاران تەحەکوم بە هاوکێشە سیاسییەکان بکات، ئەگەر مالیکی ئازا بێت، ئەوە دەبێت گرفتەکانی ناو دەوڵەتی یاسا چارەسەر بکات، ئەگەر پیاوێکی ئازایە، باگرفتەکانی خۆی و سەدر چارەسەر بکات، گرفتی خۆی لەگەڵ عەبادی یەکلا بکاتەوە، چونکە ئێمە پێویستیمان بەوە نییە مالیکی ببێتە ناوبژوانمان”.
ڕێناس جانۆ لە لێدوانەکەیدا بۆ (باسنیوز) ئەوەی ئاشکرا کرد: “هاتنی مالیکی بۆ سلێمانی بۆ ئەوەیە پشتگیری کۆبکاتەوە تا لیستێک دروست بکات و بێتەوە سەر دەسەڵات و ئەمەریکا نایەوێت حکوومەتی عێراق تێک بچێت تا هەڵبژاردنی داهاتوو، بۆیە ئەوەندەی ئێمە بزانین، ئەو هەڵبژاردنە زۆری نەماوە، پێشبینی دەکرێت مانگی 11 ئەنجام بدرێت، لە ئێستاوە خۆیان ئامادە کردووە گۆڕانکاری بکەن، بەڵام وەکو کورد، دەبێت ڕێگا نەدەین ویلایەتی سێیەمی مالیکی دووبارە ببێتەوە، هەر کاتێک ئەمە کرا، دەبێت چاوەڕوانی چارەنووسێکی زۆر خراپ ببین بۆ عێراق، چونکە لە ناو ماڵی شیعە، ناکۆکی سەر هەڵدەدات، لە نێوان کوردستان و بەغداش ناکۆکییەکان قووڵتر دەبێتەوە”.
ئەو ئەندامە کوردەی پەرلەمانی عێراق ئەوەی وەبیر هێنایەوە کە مالیکی بە چەند دۆسیەیەک تۆمەتبار کراوە، یەکەمینیان گەندەڵییە، لەگەڵ کەوتنی مووسڵ. دەشڵێت: “تا ئەم دوو دۆسیەیە یەکلا نەبێتەوە، نابێت مالیکی بێتەوە سەر دەسەڵات”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی