ته‌مموز 30, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

پێنج فەرمانبەرێن كارەبا دهۆكێ هاتنه‌ دەسته‌سه‌ركرن

پێنج فەرمانبەرێن كارەبا دهۆكێ هاتنه‌ دەسته‌سه‌ركرن 225935Image1

رووداو- دهۆك

پێنج كارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی كارەبای دهۆك لەسەر وەرگرتنی پارەی زیادە لە هاووڵاتیان دەستگیر دەكرێن. بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای دهۆكیش دەڵێت هەتا ئێستا چوار فەرمانبەر لەسەر سەرپێچی و وەرگرتنی پارە لە هاووڵاتیان لە كار لادراون.

سەفەر تەیب، بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای دهۆك بە (رووداو)ی گوت “دوای ئەوەی سێ هاووڵاتی سكاڵایان لەسەر فەرمانبەرێكی كۆكردنەوەی پارەی كارەبا تۆمار كرد، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركراو و لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كرا”.

سەفەر تەیب زانیاری زیاتری لەو بارەیەوە ئاشكرا كرد و گوتی “دوای دەستگیركردنی ئەو فەرمانبەرە، ئەویش ناوی چوار فەرمانبەری دیكەی ئاشكرا كردووە كە ئەوانیش هەمان كاریان كردووە و پارەی زیادیان لە هاووڵاتیان وەرگرتووە، هەر پێنج فەرمانبەرەكەش ماوەی نۆ رۆژ لە زیندان بوون و دواتر بە كەفالەت ئازاد كران تاوەكو رۆژی دادگایی”.

دوای ئەوەی لە مانگی شوباتی ئەمساڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە لە نێو حكومەت و خودی حیزبەكەیدا چاكسازی دەكات، تاوەكو ئێستا چەندین دۆسیە لەبارەی گەندەڵی ئیداری و ماڵی لە دادگاكانی كوردستان كراونەتەوە، چەندین كەسیش كە گومانی گەندەڵییان لێدەكرێ‌ بۆ لێپرسینەوە بانگهێشتی دادگاكان كراون و هەندێك لەوانەش دەستگیركراون.

بەپێی زانیارییەكانی (رووداو) لە شاری دهۆك 20 فەرمانبەری فەرمانگەكانی ئەو شارە كە بەڕێوەبەر و سەرۆك شارەوانیشیان تێدایە، بە تۆمەتی گەندەڵی دراونەتە دادگا.

سەبارەت بە چارەنووسی ئەو پارەیەی كە ئەو كارمەندانە لە هاووڵاتیانیان وەرگرتووە، بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای دهۆك گوتی “ئەو پێنج كارمەندە پارەیان لە چەند ماڵێك وەرگرتبوو، لەلایەن سێ‌ خێزانەوە سكاڵایان لەسەر تۆماركرابوو، بۆیە پارەكەیان گەڕاندەوە بۆ خێزانەكان”.

بە گوتەی بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای دهۆك، ئەوە یەكەمجار نییە كارمەندەكانی لەسەر ئەو جۆرە سەرپێچیانە دەدرێنە دادگا، پێشتریش ئەو حاڵەتانە روویانداوە. سەفەر تەیب گوتی “لەبەر ئەوەی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان پەیوەندی راستەوخۆی بە خەڵكەوە هەیە، ئەویش لە رێگەی وەرگرتنی كرێی كارەبا لە هاووڵاتیان، بۆیە ساڵانە نزیكەی 2-3 كارمەندمان بەهۆی سەرپێچی و وەرگرتنی پارەی زیادە لە هاووڵاتیان دەدرێنە دادگا”.

گوتیشی “جگە لەو پێنج فەرمانبەرەی دراونەتە دادگا، چوار فەرمانبەری دیكەش لەسەر ئەو جۆرە سەرپێچیانە لە كارەكانیان لادراون”.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi