بارسيلۆنا یاریزانهكێ بهرێ يێ ریال مەدرید دڤێت
رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا بیر لە گرێبەستکردن لەگەڵ سێرخیۆ ریگیلۆنی یاریزانی پێشووی یانەی ریال مەدرید دەکاتەوە، کە ئێستا یاری بۆ یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی دەکات.
یانە کەتەلۆنییەکە دەیەوێت بەرگریکارێکی باڵی چەپ بباتە ریزەکانی بۆ ئەوەی رکابەری لەگەڵ خۆردی ئەلبای یاریزانی سەرەکی ئەو شوێنەی پێکهاتەی تیپەکە بکات.
بارسێلۆنا لە ماوەی رابردوودا هەوڵیداوە بۆ ئەوە مەبەستە گرێبەست لەگەڵ خۆسێ لویس گایای یاریزانی یانەی ڤالێنسیا بکات، بەڵام شەمشەمەکوێرەکان رازی نەبوون بە کەمتر لە 35 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری یاریزانەکە ببن، ئەمەش بەهۆی قەیرانی داراییەوە لەلایەن بلاوگراناوە بە توندی رەتکرایەوە.
بارسێلۆنا سەرقاڵی تەواوكردنی گرێبەستەكەیە لەگەڵ ماركۆس ئەلۆنسۆی یاریزانی یانەی چێڵسی، بەڵام گرێبەستەكە چەندین ئاستەنگی لەپێشدایە، ئەوەش بەهۆی خواستی تۆماس توخێل بۆ مانەوەی ئەو یاریزانە ئیسپانییە لە ستانفۆرد بریدج.
میدیاکانی کەتەلۆنیا باس لەوە دەکەن کە بارسێلۆنا بیر لە پلانی بی دەکاتەوە، بۆ ئەوەی لە حاڵەتی سەرنەکەوتنی هەوڵەکانی بۆ هێنانی ئەلۆنسۆ، هەوڵ بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ سێرخیۆ ریگیلۆنی یاریزانی تۆتێنهام بدات.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، یاریزانەکە دەیەوێت لە تۆتێنهام بڕوات و یانەکەش رێگری لە رۆیشتنی ناکات، بۆیە لەوانەیە ئەمە یارمەتیدەری بارسا بێت بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی یاریزانەکە، کە پێشتر یاریزانی یانەی ریال مەدرید بووە.
رۆژنامەکانی کەتەلۆنیا لەو بارەیەوە دەڵێن سێرجیۆ ریگیلۆن لە رکابەرییەکی گەورەدا دەبێت لەگەڵ خۆردی ئەلبا، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی باڵی چەپ لە پێکهاتەی چاڤی هێرناندێز گڕبگرێت.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
