گەنجهكێ هەرێما کوردستانێ ل دروستکرنا ئەنیمەیشنێ مۆندیالا قەتەردا پشكدارە
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد سیروان گەنجێکی خەڵکی هەرێمی کوردستانە کە دروستکەری ئەنیمەیشنە و لەو ئەنیمەیشنەی فیفادا کە بۆ مۆندیالی 2022ی قەتەر دروستکراوە، بەشداربووە.
ئەو گەنجە لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی بواری ئەنیمەیشندا کار دەکات و لە زنجیرە ئەنیمەیشنێکی کەناڵێکی ئەمریکی و فیلمێکی بۆڵیوودیشدا بەشداریی کردووە و هیواخوازە رۆژێک لە رۆژان بتوانێت لە فیلمێکی کوردیدا کار بکات.
رادیۆی رووداو هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ محەممەد سیرواندا ساز دا، کە ئەمە دەقەکەیەتی:
رووداو: چۆن بوو کە لەم کارەی فیفادا بۆ مۆندیالی قەتەر بەشداریت کرد؟
محەممەد سیروان: من لەگەڵ کۆمپانیای “Fractal Pictures”ی هیندی گرێبەستێکم هەبوو کە لەسەر کۆمەڵێک پرۆژە کارمان کرد. لە کۆتاییەکانی گرێبەستەکەدا پرۆژەیەکمان بۆ هات، گوتیان: “بۆ فیفایە بۆ جامی جیهانیی قەتەر.”
کۆمپانیاکە خۆیان پێیان گوتم کە لەو پرۆژەیەدا بەشداربم. ئەو کاتەی من دەستم بە کارەکە کرد، درەنگ بوو، چونکە زۆربەی کارەکتەرە سەرەکییەکان و ئەسیستەکان کرابوون، بەڵام لە چەند ئەرک (تاسک)ـدا بەشداریم کرد.
رووداو: چەند ساڵە دەستت بە کاری ئەنیمەیشن کردووە؟
محەممەد سیروان: چەند ساڵێکە لەم بوارەدا بە سەرهێڵ (ئۆنلاین) کار دەکەم. لە هەر کۆمپانیایەک کار بکەیت، ئەوان بە سەرهێڵ لەناو کۆمپانیاکەی خۆیانەوە کۆمپیوتەرێک بۆ تۆ دادەنێن و دەتوانیت بە ریمۆوت لەلای خۆتەوە ئەو کۆمپیوتەرەی ئەوان بەکاربهێنیت. گرێبەستەکەی من لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەدا بۆ سێ مانگ بوو کە لەو ماوەیەدا لەسەر چەند پرۆژەیەک کارمان کرد.
رووداو: کوردی دیکەیش لەو پرۆژەیەدا بەشدار بوون؟
محەممەد سیروان: من لە کوردستان تاکە کورد بووم کە لەو پرۆژەیەدا بەشدار بووم و لە عێراقیش هەر تەنیا کەس بووم.
رووداو: لە چ بەشێکی ئەنیمەیشنەکەی فیفادا بەشدار بوویت؟
محەممەد سیروان: لە ئەنیمەیشنەکەی فیفادا لە هەندێک دیمەنی وەکو کورسی، مۆبایل، دیکۆری سەر شەقامەکان و کێکەکەدا لە مۆدێلین و تێکسچەر و رەنگکردنیاندا بەشدار بووم.
رووداو: هەر ئەو کارە گەورەیەت لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەدا کردووە یان کاری دیکەیشت کردووە؟
محەممەد سیروان: لە ماوەی ئەو گرێبەستەدا لەگەڵ ئەو کۆمپانیا هیندییەدا لە مانگی یەکەمدا کارمان لەسەر درامایەکی ئەنیمەیشن کرد کە بۆ کەناڵێکی ئەمریکییە و هێشتا بڵاونەبووەتەوە. مانگی دووەم ئەو پرۆژەیەی فیفا بوو. مانگی سێیەمیش کارمان لەسەر فیلمێکی بۆڵیوود کرد کە ئەستێرەی سینەمایی زۆر گەورەی تێدایە و ساڵێکی دیکە بڵاودەبێتەوە.
رووداو: تەنیا لەو کارەی فیفادا بەشدار بوویت یان لە کاری دیکەیش بەشداریت کردووە؟
محەممەد سیروان: جامی جیهانیی 2022ی قەتەر تەنیا دوو ئەنیمەیشنی فەرمیی بۆ دروست دەکرێت کە یەکێکیان ئەوەی کۆمپانیا هیندییەکەیە، دووەمیشیان کۆمپانیایەکی ئێرانی دروستی دەکات کە ئێستا لەگەڵ ئەواندا کار دەکەم و دوای چەند مانگێکی دیکە بڵاودەبێتەوە.
رووداو: لە کەیەوە و چۆن دەستت بە کاری ئەنیمەیشن کرد؟
محەممەد سیروان: من سەرەتا لە منداڵییەوە بە وێنەکێشان دەستمپێکرد. دواتر ساڵی 2015 لە سلێمانی لە وۆرکشۆپێکی تایبەت بە ئەنیمەیشندا بەشداریم کرد کە زۆر سەرەتایی بوو. پاشان لەسەری بەردەوام بووم و خۆم فێری فیلمی ئەنیمەیشن کرد و بە فریلانس کاری بچووکم کرد تاوەکو گەیشتمە ئەم رۆژە.
رووداو: لە کەیەوە بە پیشەیی کاری ئەنیمەیشن دەکەیت؟
محەممەد سیروان: سەرەتای 2020 کە کۆرۆنا بڵاوبووەوە لە وڵاتان، بەتایبەتی لە کۆمپانیا گەورەکان، زیاتر کاری سەر هێڵ دەستی پێکرد کە پێشتر ئەوە نەدەکرا. ئەوە بۆ من هەلێکی زۆر باش بوو. لەو کاتەوە بێکار نەبووم و بەردەوام پرۆژەی زۆر باش هەیە کە کار لەگەڵ کۆمپانیاکاندا بکەم.
رووداو: بەنیاز نیت خولی فێربوون بۆ ئارەزوومەندانی ئەنیمەیشن بکەیتەوە؟
محەممەد سیروان: کاتی کەرەنتینەکە خولێکی سەر هێڵی سەرەتایی فێربوونی ئەنیمەیشنم بۆ ئەو کەسانە کردەوە کە لە ماڵەوە بوون و پێیان خۆش بوو فێر ببن. ئەگەر دامەزراوەیەک نەیەن پشتگیریم بکەن و یارمەتیم بدەن کە خولەکە لەوێ بکرێتەوە، ئەوا وەکو خۆم هیچ پلانێکم نییە خول بکەمەوە.
رووداو: خۆت لە چ بوارێکدا دەخوێنیت؟
محەممەد سیروان: ئێستا من خوێندکاری زانکۆم لە قۆناخی سێیەمی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی سەڵاحەدین. هەرچەندە پەیوەندیی بە کارەکەمەوە نییە، بەڵام سوودی زۆرم لێ بینیوە، چونکە کە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی دەرەوەی وڵات کار دەکەم، بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەین، تەنانەت لەگەڵ کۆمپانیا ئێرانییەکەیشدا هەر بە ئینگلیزی قسە دەکەین و من فارسی نازانم.
رووداو: ناتەوێت کاری ئەنیمەیشنی تایبەت بە خۆت دروست بکەیت؟
محەممەد سیروان: ئێستا جگە لەوەی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەی ئێراندا کار دەکەم، وەکو دەرهێنەریش خەریکی کورتە ئەنیمەیشنێکم کە رەنگە تاوەکو دوو ساڵی دیکە تەواو ببێت. لەبەرئەوەی بەبێ بودجە و لەگەڵ چەند هاوڕێیەکدا دەیکەین، کاتێکی زۆری پێدەچێت.
رووداو: بۆ مۆندیالی قەتەر بانگهێشت نەکراویت؟
محەممەد سیروان: بۆ مۆندیال بانگهێشت نەکراوم. هەر نەک من، رەنگە هەموو کارمەندەکان کەسیان و کۆمپانیاکەیش بانگهێشت نەکرابن.
رووداو: هەوڵت نەداوە لە فیلمی کوردیدا کار بکەیت؟
محەممەد سیروان: هەوڵدەدەم بۆ ئەنیمەیشن لە فیلمی کوردیدا کار بکەم. لە دوایین کارمدا لەگەڵ کۆمپانیا هیندییەکەدا کە فیلمێکی بۆڵیوود بوو و ‘dfx’ و گرافیکی زۆری تێدا بەکارهێندراوە کە هیچی لە فیلمەکانی هۆڵیوود کەمتر نییە، ئەوە بۆ من ئەزموونێکی زۆر باش بوو، بۆئەوەی بزانم چۆن کاری ئەنیمەیشن و گرافیک لەگەڵ فیلمدا تێکەڵ بکرێت بۆئەوەی رۆژێک لە رۆژان بتوانین لە فیلمێکی کوردیدا بەکاریبهێنین.
رووداو: پەیوەندیت لەگەڵ فیلمسازانی کورددا چۆنە؟
محەممەد سیروان: ئێستا پەیوەندیم لەگەڵ فیلمساز و دەرهێنەرە کوردە لاوەکاندا زۆر باشە و بەنیازین رۆژێک بێت بگەینە ئاستێک کە بتوانین فیلمی کوردی دروستبکەین کە ‘dfx’ و گرافیکی زۆر بەهێزی تێدا بێت.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی