پسپۆڕهكێ زانستێن خوارنێ: مفايێن باقلكا زۆرن،بهلێ يێن قهلاندى مهترسيدارن
باسنيوز:
پسپۆڕێكی بواری زانستی خۆراك و تەندروستی، ئاماژە بە خواردنی پاقلە دەدات كە ئێستا بووەتە باو و گشت عارەبانەكانی فرۆشتنی پاقلە، كە خۆراكێكی زستانەیە، بە سووركراوەیی دەیفرۆشن و بەهۆی سووركردنەوەیەوە بە مەترسیداری دەزانێت.
لەم چەند ساڵەی دواییدا بەهۆی هاتنی شەپۆلی ئاوارەكانی خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە پاقلەی سووركراوە لە هەرێمی كوردستان بووەتە باو، ”باگلە بالدهن” لەنێو عەڕەبدا خواردنێكی باوە، بەڵام لە ڕووی تەندروستییەوە، مەترسیی چەندین نەخۆشیی لێ دەكرێت.
یاسین مامەند، پسپۆڕی زانستی خۆراك و تەندروستی، پرۆفیسۆری یاریدەدەرە لە كۆلێژی ئەندازیاریی كشتوكاڵی زانكۆی سەڵاحەدین – هەولێر، بۆ (باسنیوز) ئەوە دەخاتە ڕوو كە پاقلە یەکێکە لەو خۆراکانەی کە بە تەندروست دادەندرێت و ڕێژەیەکی باش لە پرۆتین و ڤیتامین و کانزاکانی تێدایە و سوودبەخشە بۆ تەندوستیی دڵ و کۆئەندامی هەرس، مەگنسیۆمی تێدایە و یارمەتیی دابەزاندنی فشاری خوێن دەدات و ئاسنی تێدایە کە یارمەتیی دروستبوونی خوێن دەدات و سیستەمی بەرگری بەهێز دەكات.
لە زستانان خەڵکێکی زۆر پاقلە وەکوو شەوچەرە دەخۆن، بەتایبەت لە شوێنە میللییەکان، وەك ئەو پسپۆڕەی بواری خۆراك باسی دەكات، كە پاقلە ڕێژەیەکی باش ڕیشاڵی تێدایە کە گرنگە بۆ تەندروستیی دڵ و شەکرە و کۆڵۆن، ”بە شێوەی کوڵاو پاقلە سوودی زۆری هەیە، بە یەکێک لەو خۆراکانە دادەندرێت کە بەهای خۆراکییان بەرزە و بۆ دابەزاندنی کێش بەکار دێت”.
ئەو مامۆستایەی بەشی زانستی خۆراك ئاماژە بەوە دەدات كە شێوازێکی تر بۆ ئامادەکردنی پاقلە هەیە، ئەویش سوورکردنەوەیەتی لەناو زەیت لە پلەی گرمیی زۆر بەرز، وەك ئێستا لەسەر عارەبانەكانی ناو بازاڕ و یانەكانی خواردنەوە هەیە و دەڵێت: ”هەرچەندە ماوەیەکی کورتە ئەو دیاردەیە هاتووەتە كوردستان، بەڵام هەندێک جار ئەو پاقلانە ئەوەندە سوور دەکرێنەوە دەگاتە ئاستی سووتاندن، بەکارهێنانی زەیت، بەتایبەت زەیتی کوالێتیی نزم، بەهای خۆراکی دادەبەزێنێت و ڕێژەی کالۆریی تێیدا بەرز دەبێتەوە و ڕێژەی سوودەکانی کەم دەکاتەوە”.
جەخت لەوەش دەكاتەوە كە لەوەش خراپتر سووتاندنی ئەو پاقلەیەیە کە لەوانەیە ببێتە هۆی دروستبوونی هەندێک ماددەی heterocyclic amines و زۆر خواردنی هۆکارێکە بۆ زیادکردنی مەترسییەکانی تووشبوون بە شیرپەنجە، بۆیە ”باشترین ڕێگا بۆ ئامادەکردنی بریتییە لە کوڵاندنی، ئەگەر لەگەڵ خواردنەوە كحولییەكانیش پاقلە بە سووركراوی بخورێت، زۆر مەترسیدارە، چونكە هەردووكیان زیانیان هەیە، ئەگەر بەكوڵاییش بخورێت، ئەوا كحوولەكە ڕێگر دەبێت لە مژینی ماددەی ئاسن لەناو پاقلەكە و سوودەكەی ناهێڵێت”.
یاسین مامەند، پرۆفیسۆری یاریدەدەر و پسپۆڕی زانستی خۆراك و تەندروستی، لە زانكۆی سەڵاحەدین، ئەوەش ڕوون دەكاتەوە كە بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشیی پاقلەیان هەیە، نابێت بیخۆن بەڵام ئەوانەی خوێنیان کەمە و هەندێک کەس پێیان وایە پاقلە خوێن کەم دەکات، دەڵێت: ”ئەمە ڕاست نییە و گرنگە پاقلە بخۆن بۆ زیادکردنی خوێن”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی