تشرینی یه‌كه‌م 31, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

درەنگ نڤستن ساخله‌ميێ تێكدده‌ت

درەنگ نڤستن ساخله‌ميێ تێكدده‌ت
رووداو – هەولێر

رۆژی رووناك بۆ كاركردنە، ئەمە كولتووری مرۆڤایەتییە و سەدان هەزار ساڵە چەسپاوە، خەڵكی لە رۆژدا كاردەكەن و لە شەودا پشوو دەدەن، فیسیۆلۆژیی جەستەی مرۆڤ هەر بەم شێوەیە راهاتووە.

كە ئێوارە نزیك دەبێتەوە، خۆر ورد وردە خۆی دەسمێتە ئەودیو و لەگەڵیدا رووناكیش تا رۆژی دواتر كۆچێكی كاتی دەكات، ئیدی كاتی پشووە، هێدی هێدی مرۆڤ خەو دەیباتەوە، بەڵام بەشێك لە خەڵكی ناخەون و لە تاریكیی شەودا بژێویی ژیانیان دابین دەكەن.

بازاڕێك لە نزیك قەڵات كە لەگەڵ فراوانبوونی هەولێر لەدایكبووە، شەوانە كۆمەڵێك پاسەوان چاودێریی دەكەن. بە تیشكی لایتە دەستییەكانیان بەردەمیان رووناك دەكەنەوە و دڵنیا دەبنەوە لە نەبوونی هیچ مەترسییەك بۆ سەر بازاڕە كۆنە گرانبەهاكە.

فوئاد یەكێك لەوانەیە كە شەو تاوەكو بەیانی ناخەوێت و سەرپەرشتی پاسەوانانی بازاڕەكە دەكات، ئەو نەخەوتن لە شەودا بە هۆكاری سەرئێشە بەردەوامەكەی دەزانێت، فوئاد دەڵێت دۆخی دەروونیشی شڵەژاو و نادروستە “بەڵام بۆ پەیداكردنی بژێویی ژیانی خێزانەكەم ناچارم ئەم كارە بكەم”.

منداڵەكانی فوئاد، نزیكەی چوار ساڵە لە شەودا باوكیان لە ماڵ نەبینیوە، شەوی ئەوان دوور لە پشت و پەنای باوكیانە، ئەویش لە بازاڕەكە بەدیار ئاگرێكی كاتییەوە جەستەی ساردی گەرم دەكاتەوە، بەڵام ناخی ساردی ئەمانە تەنیا بە خەوتن لەنێو خێزانەكەیان گەرم دەبێتەوە.

هەرچەندە كاژێر 12ی شەو تێپەڕیوە، بەڵام لە ئیسكان، سەهۆڵەكە و شەقامە هاوشێوەكانیان لە باشووری كوردستان تازە دەست بە دروستكردنی خواردن دەكەن، شەربەتی سروشتیش لەولا دەگیرێتەوە و چاوەڕێی كڕیاری نیوەشەوە.
د.دلێر گەڵاڵی، پسپۆڕی فیسیۆلۆژی جەستەیە و مامۆستای زانكۆی هەولێری پزیشكییە، ئەو نیگەرانە لەوەی ئەو هەموو گەنجە شەوان بێدارن، دەڵێت: “نەخەوتن لە شەودا كاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر جەستە دەبێت”.

گەڵاڵی دەڵێت نەخەوتن لە شەودا سەردەكێشێت بۆ برسیبوون، كەسی بێدار ناچار دەبێت نان بخوات، بەمەش كۆئەندامی هەرس سست دەبێت و پرۆسەی زیندەپاڵ دەشێوێت. د.دلێر شەونخوونی و خواردن لە شەودا بە هۆكاری قەڵەوبوون دەزانێت “قەڵەویش هەر خۆی بەڵایەكی گەورەی تەندروستییە”.

بەپێی زانستی پزیشكی بێت، خواردنەوەی چا لە ئێوارانیشدا پەسەند و بەجێ نییە، بەڵام لە ئیسكانی هەولێر و سەهۆڵەكەی سلێمانی، دوای نیوەشەو چای خەڵووز ئامادە دەكرێت. پاچە لە شەقامە بێدارەكانی باشووری كوردستان لەنێو مەنجەڵی گەورەدا چاوەڕوانی بێدارێكە بیخوات، بەڵام پاچە لە درەنگانی شەودا مەترسییەكەی زیاتر دەبێت، ئەمە لەم شەقامانەدا مژاری بیرلێكردنەوە نییە.

د.دلێر گەڵاڵی دەڵێت شەوبێداری فیسیۆلۆژیی جەستە بە تەواوی دەشێوێنێ، پاچە لە شەودا مەترسیدارە.

كاژێر دووی شەوە و كەباب ئامادە دەكرێ بۆ ئەوەی لەشیش بدرێ، كەباب لەلایەك و كوبەی ئامۆزاشی لەلایەكی دیكە، كەباب و كوبە بەیەكەوە نیوەی خواردنی شەوانەی ئیسكان پێكدەهێنن.

یەكێك لە توێژە بێدارەكان پزیشكان و كارمەندانی تەندروستین، لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژهەڵاتی پایتەخت، د رەوەند و هاوكارانی تاوەكو بەیانی ناخەون. ئێشكگریی د.رەوەند لە شەودا لەپێناوی خەوێكی قووڵتری هاونیشتمانیانە، شەونخوونی رەوەند و هاوپیشەكانی دیكەی بۆ ئەوەیە چارەسەری هاونیشتمانیان بكەن و بیانگەڕێننەوە نێو پێخەفی گەرمی شەو، ئەمە رای پزیشكە گەنجەكەیە، بەڵام نەخەوتن لە شەودا بەڕای پسپۆڕەكەی فیسیۆلۆژی، باڵانسی هۆرمۆنەكان تێكدەدات. د.دلێر دەڵێت: “مەترسی تووشبوون بە شەكرە لە بێداراندا دوو هێندەی كەسانی دیكەیە”.

پەرستار و پزیشكەكان تامی خەوی شەو نازانن، دەشزانن كە نەخەوتن رەنگە رۆژێك لە رۆژان بیانكاتە میوانی نەخۆشخانە.

لە سەهۆڵەكەی سلێمانی، گوڵەبەڕۆژەفرۆشێك ئاگری نێو كوورەكەی تاوداوە، گەنجان بە كیسی گەورە دەیكڕن و تا تەواوی دەكەن بە دیارییەوە دادەنیشن.

كاژێر چواری بەیانییە لە هەولێر، لە پەنای پیرە قەراتی هەولێرێ‌، كۆمەڵێك منداڵ سەرمایانە و خۆیان بە ئاگرێكی كز گەرم دەكەنەوە، د.دلێر دەڵێت ئەمانە دەبووایە ئێستا لە نێو پێخەفی گەرم و باوەشی نەرمی دایە و بابەدا بخەوتنایە، نەك لە باوەشی ساردی شەقامدا رۆژ بكەنەوە.

پسپۆڕەكەی فیسیۆلۆژی دەڵێت شەوانە زوو خەوتن و هەڵسانی زووی بەیانیان دوای هەشت كاژێر خەوتن باشترین و تەندروستترین جۆری خەوە.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi