ئایار 21, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

رۆژانە 31 هه‌ڤژين ل کوردستانێ ژێك جودا دبن 

رۆژانە 31 هه‌ڤژين ل کوردستانێ ژێك جودا دبن 

رووداو- هەولێر

بەهۆی كاریگەریی قەیرانی دارایی و بێكاری و وەستانی پێشینەی هاوسەرگیری، مارەبڕین لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان زۆر كەمی كردووە و لەبەرامبەریشدا تەڵاق و جیابوونەوە روو لەهەڵكشانە.

بەپێی ئاماری ئەنجوومەنی دادوەری، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، مارەبڕین لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان ساڵ بەساڵ كەمی كردووە، بەجۆرێك لە ساڵی 2013 دا 52.749 گرێبەستی مارەبڕین تۆمار كراون، بەڵام لە 2014 كەمی كردووە بۆ 47.444 گرێبەست. لە ساڵی 2015دا بۆ 43.410 گرێبەست دابەزیوە و ساڵی رابردووش 31 هەزار گرێبەستی مارەبڕین تۆمار كراون، ئەم ژمارەیەش بەراورد بە ساڵی 2015 بەڕێژەی 28% دابەزیوە و بە بەراورد بە پێش قەیرانیش بە رێژەی 41% دابەزیوە.

موقەدەمی مافپەروەر ژیلەمۆ عەبدولقادر، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە پارێزگای هەولێر بە (رووداو)ی گوت: “قەیرانی دارایی، ناسەقامگیریی دۆخی سیاسی، بێكاری و راگرتنی پێشینەكانی هاوسەرگیری و خانووبەرە، هۆكاری سەرەكی كەمبوونەوەی پرۆسەی هاوسەرگیرین”.

بەبڕوای ژیلەمۆ، ئەگەر دابەزینی كێرڤی مارەبڕین بەو شێوەیە بەردەوام بێ‌، لەداهاتوودا لێكەوتەی زۆر خراپی دەبێ‌، چونكە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان، هەروەها كێشەی كۆمەڵایەتیش زۆرتر دەبن.

كەمبوونەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری، كاریگەری زۆری لەسەر فرۆشی زێڕ و پێشانگاكانی جلوبەرگ و پێویستییەكانی ناوماڵیش هەبووە، تەنانەت هۆڵەكانی ئاهەنگگێڕانیش وەك جاران گەرم نین.
ئاراس هاشم مەولود، خاوەنی هۆڵی نەورۆز بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری و بۆنەكان لەشاری هەولێر، دەڵێت: “قەیرانی دارایی كاریگەریی زۆری كردووەتە سەر كاری ئێمە، بەراورد بە ساڵی رابردوو كاری ئەمساڵمان 50% دابەزیوە. پرۆسەی هاوسەرگیری لەنێو گەنجانی كورد بەگشتی زۆر كەم بووەتەوە، دەتوانم بڵێم 70%ی ئەو ئاهەنگە هاوسەرگیریانەی ئێستا لە هۆڵەكان دەكرێن هی گەنجانی عەرەب و سووریی نیشتەجێی شاری هەولێرن”.

بۆ كێبڕكێ و سەرنجڕاكێشانی هاوسەرەكان، ئاراس هاشم هەندێ لە خزمەتگوزارییەكانی كردووە بەخۆڕایی و نرخی ئاهەنگەكانیشی بە رێژەی 30% دابەزاندووە، بەڵام هێشتا كاریگەری نەبووە.
ئاراس گوتی: “بەهۆی هەرزانیی نرخی ئاهەنگەكانمان بارودۆخی ئێمە لە هۆڵەكانی دیكە باشترە، هەندێ هۆڵ هەیە ماوەی دوو ساڵە لەسەر زەرەر دەڕۆن، هەندێكیان پارەی كارەبا و كرێی هۆڵەكانیشیان پێ نادرێ”.

تەڵاق و جیابوونەوە زیادی كردووە

بەپێی ئاماری ئەنجوومەنی دادوەری، لە چوار ساڵ و شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 33 هەزار و 468 حاڵەتی تەڵاق و جیابوونەوە لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان تۆمار كراون، ساڵ بەساڵیش ژمارەكە لە زیادبووندا بووە. ئەگەر پشووەكانی ئەو چوار ساڵە دەربهێنین كە ساڵانە لە هەرێمی كوردستان 125 رۆژ پشووە و لە ماوەی ئەو چوار ساڵ و نیوەدا 1079 رۆژ لە دادگاكانی كوردستان دەوام كراوە، كەواتە رۆژانە زیاتر لە 31 حاڵەتی تەڵاق و جیابوونەوە لە دادگاكانی كوردستان تۆماركراون.
ژیلەمۆ عەبدولقادر ئاماژە بە هۆكارەكانی تەڵاق و جیابوونەوە و تەمەنی ئەو ژن و مێردانە دەكات كە جیابوونەتەوە و دەڵێت: “زۆربەی ئەو ژن و مێردانەی جیادەبنەوە تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 25 ساڵانە، هۆكارەكەشیان نەگونجان، كێشەی ئابووری و كۆمەڵایەتی، داوێنپیسی، داواكردنی ماڵی سەربەخۆ، خراپ بەكارهێنانی مۆبایل و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، جیاوازیی تەمەن، نەخۆشی و هێنانی ژنی دووەمە”.

بە گوتەی ژیلەمۆ عەبدولقادر، زۆربەی ئەوانەی جیادەبنەوە، هۆكاری راستەقینەی جیابوونەوەكە لە دادوەر دەشارنەوە و دەڵێن لەگەڵ یەكدی ناگونجێن، بۆیە لە داتای دادگاكاندا پشكی شێر بەر ئەو هۆكارە كەوتووە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی ئێمە بۆ ئەو دۆسیانەی دێنە لامان، دەركەوتووە لایەنی ئابووری هۆكاری سەرەكی زۆربەی تەڵاق و جیابوونەوەكانە”.

بەپێی ئاماری ئەنجوومەنی دادوەری، پارێزگای سلێمانی بە پلەی یەكەم دێ لە حاڵەتەكانی تەڵاق و جیابوونەوەدا كە لە ماوەی ئەو چوار ساڵ و شەش مانگەدا 13 هەزار و 243 حاڵەتی تەڵاق و جیابوونەوەی تێدا تۆماركراوە، دوای ئەویش هەولێر بەتۆماركردنی 12 هەزار و 243 حاڵەت پلەی دووەمی گرتووە، دهۆك بەتۆماركردنی 5 هەزار و 192 حاڵەت و گەرمیان بە تۆماركردنی 2 هەزار و 838 حاڵەت لە پلەی سێیەم و چوارەم دێن، بەڵام لەدوو ساڵی رابردوودا هەولێر پێش پارێزگای سلێمانی كەوتووە.

پارێزەری راوێژكار كارزان جەوهەر كە كار لەسەر دۆسیەكانی باری كەسی لە دادگاكانی هەولێر دەكات، پێیوایە هۆكاری سەرەكی زیادبوونی رێژەی تەڵاق و جیابوونەوە لە هەرێمی كوردستان بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی، قەیرانی دارایی و بێكارییە، كارزان دەڵێت: “هۆكارەكان زۆرن، بەڵام كاریگەرترین هۆكاریان لەو كاتەدا گرفتی دارایی، خیانەتی هاوسەرگیری، داواكردنی ماڵی جیا و شووكردن و ژنهێنانی پێشوەختەیە”.

گوتیشی: “خراپ بەكارهێنانی مۆبایل، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و زنجیرە دۆبلاژكراوەكان هۆكارێكی دیكەی زیادبوونی تەڵاق و جیابوونەوەن، چونكە بەهۆیەوە كێشەی كۆمەڵایەتی و خیانەتی هاوسەرگیری زیاد بووە كە زۆرجار دوای ئاشكرابوونی، تەڵاق و جیابوونەوەی بەدواداهاتووە”.

هۆكارەكانی تەڵاق و جیابوونەوە

– نەگونجان

– كێشەی ئابووری

– خیانەتی هاوژینی
– داواكردنی ماڵی سەربەخۆ
– خراپ بەكارهێنانی مۆبایل و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان
– جیاوازیی تەمەن
– نەخۆشی
– هێنانی ژنی دووەم

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi