شاشيا پزیشکی گرفتهكا جیهانییە
رووداو-سلێمانی
هەر حاڵەتێکی زیان پێگەیشتن و مردن بە هۆکارێک کە دەکرا رێگە لە روودانی بگیرێ، بە هەڵەی پزیشکی دادەنرێ، جا هۆکارەکە پەیوەندی بە دەستنیشانی نەخۆشی و حاڵەتێک هەبێ یان چارەسەرکردنی.
لە راپۆرتی ساڵی 2000ی ئەکادێمیای نیشتیمانی بۆ تەندروستی لە ئەمریکا کە تایبەت بوو بە هەڵە پزیشکییەکان هاتووە “روودانی هەڵەی پزیشکی مانای ئەوە نییە خەڵکانێکی خراپ پیشەی پزیشکیی پیادە دەکەن، بەڵکو مانای ئەوەیە خەڵکێکی باش لە سیستمێکی خراپدا کاردەکەن و دەبێ هەوڵمان بۆ چاککردنی سیستم بێ”.
راپۆرتی ساڵانەی کۆمیسیۆنی هاوبەشی نێوەندە تەندروستییەکانی ئەمریکا دەڵێ خراپیی پەیوەندی نێوان نەخۆش و ئەندامانی خێزانەکەی لەلایەک و نێوەندە تەندروستییەکان لەلایەکی دی، هۆکاری بنەڕەتیی نیوەی هەڵە پزیشکییەکانە لە ئەمریکا.
هەرچەندە وەها خەمڵیندرابو ساڵی 2013 لەسەر ئاستی جیهان 142 هەزار کەس بە هەڵەی پزیشکی مردوون، توێژینەوەیەکی ساڵی 2016ی پسپۆرانی دامەزراوەی بەنێوبانگی جۆن هۆپکینز لە ئەمریکا دەریخستووە تەنیا لە ئەمریکا ساڵانی 250 هەزار کەس بە هەڵەی پزیشکیی دەمرن.
پسپۆڕانی جۆن هۆپکینز دەڵێن ئەگەر سەنتەری کۆنترۆڵکردن و پێشگیری لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا، هەڵە پزیشکییەکان بخاتە ریزبەندی هۆکارەکانی مردن، ئەوە هەڵە پزیشکییەکان لە ئەمریکا دەبنە سێیەم هۆکاری مردن لەو وڵاتە.
لە بەریتانیاش توێژینەوەیەکی ساڵی 2000 دەریخستوە سالانە لەو وڵاتە 850 هەزار هەڵەی پزیشکی روودەدەن کە زیانی 2 ملیار پاوەند لەو وڵاتە دەدەن.
ساڵی 2006 لە بەدواداچوونێکدا بۆ توێژینەوەکانی ئەکادێمیای نیشتیمانی بۆ تەندروستی لە ئەمریکا دەرکەوتووە، هەڵەی پەیوەست بە دەرمان لە بلاوترین هۆیەکانی هەڵەی پزیشکییە لەو وڵاتە، بە جۆرێک ساڵانە ملیۆن و نیوێک کەس تووشی زیانی تەندروستی دەکەن، کە 400 هەزاریان لەنێو نەخۆشخانەکان و 800 هەزاریان لە چارەسەری نەخۆشییە درێژخایەنەکان روودەدەن.
توێژینەوەیەکی دیکە دەریخستووە لەسەر ئاستی جیهان لە چارەسەرکردنی هەر 10 نەخۆشدا، یەکێکیان بە جۆرێک لە جۆرەکان هەڵە لە چارەسەرکردنیدا دەبێ.
هەندێک لە رەخنەگران دەڵێن راپۆرتەکانی پەیوەست بە هەڵەی پزیشکی وەها لێکی دەدەنەوە کە ئەو کەسەی تووشی زیان دەبێت یان دەمرێ بەهۆی ئەو هەڵانە، ئەوە نە هەرگیز دەمرێ و نە هەرگیز تووشی مەترسی تەندروستی دەبێ!
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی