رۆژانە 500 گرامێن زهرزهواتى و فێقى بخۆ
رووداو
د.زاهیر سوران
شارەزای نەخۆشییە گشتییەکان و درمییەکان
هەر لە دێرزەمانەوە مرۆڤ پتر سەوزە و میوەی خواردووە، چونکە زۆربەیانی بە ئاسانی چنگ کەوتوون، بەڵام هەندێک لەو سەوزە و میوانە مەترسییان بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ هەبووە، بەهۆی ئەوەی ژەهراوی بوون. دواتر مرۆڤ دەستی داوەتە گۆشتخواردن، بەڵام ئەنجامەکەی دڵخۆشکەر نەبووە، چونکە بووەتە هۆی کۆمەڵێک نەخۆشیی وەکو نەخۆشییەکانی دڵ و بۆڕییەکانی خوێن، دەردەشا، قەڵەوی، بەرزەپەستانی خوێن.
سەوزە و میوە بڕێکی باش ئاویان تێدایە، هەروەها بە رێژەی دیاریکراو کانزاکانیان تێدایە کە ناهێڵن خوێنی مرۆڤ خەست ببێتەوە. هەروەها پێستی مرۆڤ بە پارێزراوی دەهێڵنەوە و لێناگەڕێن وشک ببێتەوە. نابێت ئەو راستییەمان لەبیر بچێت کە نابێت تەنیا میوە بخۆین بەبێ سەوزە، لەبەرئەوەی ئەو کاتە بڕێکی زۆر کاربۆهایدرات دەچێتە نێو لەشەوە و زیان بە تەندروستی دەگەیەنێ. بڕێکی زۆر کاربۆهایدرات لە جەستە، دەبێتە هۆی قەڵەوی و بەرزبوونەوەی رێژەی شەکری لەش.
توێژینەوە نوێیەکان دەڵێن باشتر وایە سەوزە و میوە لەوە زیاتر بخورێت کە پێشتر دەمانخوارد. بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی خۆراک لە سوید دەڵێن وا پێویستە مرۆڤ رۆژانە لانیکەم نیو کیلۆ سەوزە و میوە بخوات، بەڵام باشتریشە ئەگەر لە نیو کیلۆ زیاتر بخوات .
95 توێژینەوە کە 2 ملیۆن کەس بەشدارییان تێدا کردووە، سەلماندوویانە ساڵانە زۆرتر لە 7.5 ملیۆن کەس پێشوەختە دەمرن، ئەگەر رۆژانە کەمتر لە 800 گرام سەوزە و میوە نەخۆن. توێژەران دەڵێن رەنگە خواردنی 800 گرام سەوزە و میوە زەحمەت بێ و تێچووشی زۆر بێ، بۆیە ئەگەر ئەو بڕەش نەخۆن مەترسییەکەی زۆر نابێ، بەڵام ئامۆژگاریمان دەکەن رۆژانە 500 گرام میوە و سەوزە بخۆین. ئەگەر بڕەکە کەم ببێتەوە بۆ 200 گرام لە رۆژێکدا، ئەگەری مردنی پێشوەخت بەرێژەی 25% زیاد دەکات. بە بۆچوونی ئەو پسپۆڕانە زەڵاتەی سەوزە و میوە لە هەموویان باشتر و بەسوودترە .
سەوزە و میوە چی لە مرۆڤ دەکەن
سوودەکانی سەوزە و میوە بۆ مرۆڤ لەبن نایەن، لێرەدا تەنیا ئاماژە بەو سوودانە دەدەین کە لەلایەن توێژەرانەوە سەلمێندراون
– 13% ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە کەم دەکاتەوە
– 24% ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ کەم دەکاتەوە .
– 28% ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی بۆرییەکانی خوێن کەم دەکاتەوە .
– 31% ئەگەری مردنی پێشوەخت کەم دەکاتەوە
– 33% ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی مێشک کەم دەکاتەوە
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی