وەزیرێ نافخۆ:پتريا خەلكێ شنگال پشتهڤانيێ ل رێككەفتنا هەولێر و بەغدا لسەر شنگال دكن
باسنيوز:
وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، زۆربەی خەڵكی شنگال پشتیوانی لە ڕێككەوتنەكەی هەولێر و بەغدا لەبارەی شارەكە دەكەن، هەرچەندە ”دەنگێكی نەشاز لە پێناو بەرژەوەندیی هەندێك لایەنی ناوخۆیی و دەرەكی، ناڕەزایی دەردەبڕن“.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ لە پەراوێزی سەردانیكردنی پەرلەمانی كوردستان، لە پرێس كۆنفرانسێكدا رای گەیاند: ”لە كۆبوونەوەكانمان ئەمڕۆ لە پەرلەمان، پاڵپشتیی پەرلەمانمان وەرگرتن لەسەر هەموو هەنگاوەكانی حكوومەت، بە تایبەت لەسەر ڕێككەوتنی شنگال دەستخۆشییان كرد.
بۆ هەوڵەكانی حكوومەتیش لەبارەی كەركووك و ناوچەكانیتر پشتگیرییان كرد“.
ئەوەشی ئاشكرا كرد كە لە ماوەیەكی نزیكدا، گفتوگۆی تازە لە نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی كەركووك و چەند ناوچەیەكیتر دەست پێدەكات. جگە لەوەی لە ئایندەیەكی نزیكدا لەبارەی میكانیزمی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال كۆدەبنەوە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وەزیری ناوخۆ جەختی كردەوە: ”زۆربەی خەڵكی شنگال لە هەرێمی كوردستان ئاوارەن، ئەوان و خەڵكی رەسەنی ئێزدیش پشتیوانی لە ڕێككەوتنی شنگال دەكەن، بەڵام هەندێك دەنگی نەشاز هەن بۆ بەرژەوەندیی هەندێك لایەنی ناوخۆیی و دەرەكی ناڕەزاییان بەرامبەر رێككەوتنەكە دەربڕیوە“. گوتیشی: ”ئەوانەی لە ڕێككەوتنەكە ناڕازین، دیارە دژی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی ئێزدی و شنگالن، دژی ئەوەن كە ئەو نەهامەتییەی ڕووبەڕووی ئێزدییەكان بووەتەوە، نەمێنێت. هەر ئەوانن كە نایەڵن ئارامی بۆ شنگال بگەڕێتەوە“.
ڕێبەر ئەحمەد باسیشی لە هەوڵی چەند لایەنێكی عێراقی بۆ لادانی ماددەی ١٤٠ی دەستووری هەمیشەیی عێراق لە چوارچێوەی هەوڵەكانی هەمواركردنەوەی دەستوور كرد و گوتی: ”ئەو ماددە دەستوورییە كە لە كاتی خۆیدا لەسەری ڕێككەوتووین، بە ڕووبارێك خوێن و لە ئەنجامی ساڵانێكی زۆر لە خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد بەدەست هاتووە، بۆیە ماددەی ١٤٠ بە هیچ كەس و لایەنێك لە دەستووری هەمیشەیی عێراق لاناچێت“.
لەبارەی ڕێكخستنەوەی یەكەی پاسەوانیی سەر بە وەزارەتەكەشی گوتی: ”رێكخستنەوەی كاتی پێویستە، بەڕێوەبەرایەتییە پێویستەكەمان دروست كردووە، لەسەر ٨٠٪ی خشتەكانی دانانی پاسەوانی ڕێككەوتووین، هەندێكی ماوە، لەم هەفتەیە كۆبوونەوەی لەسەر دەكرێت و دواتر لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەبارەوە دەدرێت“.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی