ته‌مموز 27, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

حەیدەر شەشۆ: حكومه‌تا عێراقێ مووچێ پەکەکێ ل شنگال دابين دكت 

حەیدەر شەشۆ: حكومه‌تا عێراقێ مووچێ پەکەکێ ل شنگال دابين دكت 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی هێزی پاراستنی شنگال رایدەگەیێنێت، حکومەتی عێراق بەرپرسیارە لە دۆخی خەڵکی شنگال و ئاوەداننەکردنەوەی شارەکە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، پەکەکە لە شنگال مووچە و چەک لە وەزارەتی بەرگریی عێراق وەردەگرێت.

دوای شەش ساڵ لە هێرشی داعش بۆسەر شنگال، هێشتا ئەو شارە ئاوەدان نەکراوەتەوە و تەواوی کوردانی ئێزدی نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.

حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی شنگال لەمیانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، لەو بارەیەوە رایگەیاند “ئەو کەسانەی عێراق بەڕێوەدەبەن لەوە بەرپرسیارن، چونکە بە چاوی پێکهاتەکانی دیکەوە لە ئێزدییەکان ناڕوانن. تاوەکو ئێستا نزیکەی هەزار و 600 ژن و منداڵ بێسەروشوێنن. بەداخەوە نە حکومەتی عێراق بە دروستی لەوبارەیەوە کاری کردووە، نە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. بۆیە داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین کە بەرپرسیاربێت، چونکە خەڵکی شنگال لە هەموو مافێکی خۆی بێبەشە. هیوادارم حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە چاوێکی باشترەوە لە ئێزدییەکان بنواڕێت و شنگال ئاوەدان بکرێتەوە و خەڵکەکەی بۆی بگەڕێنەوە”.

رۆژی دووشەممە 2020/08/03 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئاوەدانکردنەوەی شنگالەوە ئاماژەی بەوە کرد، هێزی نایاسایی لە شنگال بوونەتە رێگر لە گەڕانەوەی خەڵکی شارەکە و خوێن و قوربانییەکانی ئێزدییەکانیان کردووەتە کەرەستەیەک بۆئەوەی ئەجێندای سیاسیی خۆیان بسەپێنن.

فەرماندەی هێزی پاراستنی شنگال لەبارەی ئەو هێزانەی لە شنگالن و لە ئاوەدانکردنەوەی شارەکە رێگرن، ئاشکرای کرد، “دەبێت بپرسین پشتیوانیی ئەو هێزانە لە کوێوەیە؟ ئەوانە لە کوێوە ئاراستە دەکرێن؟ مووچە و هاوکارییان لە کوێوە دێت؟ ئەمانە لە حکومەتی عێراقەوە دێن. دەبێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای یاسایی لەسەر حکومەتی عێراق تۆماربکات بۆئەوەی ئەو دۆخەی شنگال بەو جۆرە نەمێنێت و ئاسایشی بۆ بگەڕێتەوە. هیچ بیانوویەک نابینم کە حکومەتی عێراق بڵێت هێزی نایاسایی لە شنگالدا رێگرن. یان حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵێت بەهۆی گرووپی چەکدارەوە ناتوانین شنگال ئاوەدان بکەینەوە. ئەو هێزە مووچەکەی لە وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە لە بەغداوە بۆ دێت. حکومەتی عێراق پشتیوانییان دەکات”.

لەبارەی هاوئاهەنگیی نێوان پەکەکە و هێزە شیعییەکانی عێراقەوە بۆ رێگریکردن لە ئاوەدانکردنەوەی شنگال حەیدەر شەشۆ ئەوەی خستەڕوو، ئەوان هاوئاهەنگییان لەنێواندایە و خۆیان بە ئاشکرا دەڵێن، “ئێمە سەر بە حەشدی شەعبی و وەزارەتی بەرگریی عێراقین و مووچەی خۆمان لەوان وەردەگرین”.

فەرماندەی هێزی پاراستنی شنگال گوتیشی “ئەگەر حکومەتی عێراق ئاوەداننەکردنەوەی شنگال بۆ پەکەکە دەگێڕێتەوە، ئەوە دەبێت لێی بپرسرێت بۆچی پشتیوانییان دەکات و مووچە و چەکیان دەداتێ؟ بۆیە دەبێت هیچ بەرپرسێکی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان پەکەکە نەکەنە بیانووی نەگەڕانەوەی خەڵکی شنگال و ئاوەداننەکردنەوەی شارەکە. ئێمە وەکو ئێزدی، پێمانوایە کە لە عێراقدا رێککەوتنێک هەیە بۆئەوەی شنگال ئاوەدان نەکرێتەوە. ئەوە شەش ساڵ تێپەڕیوە، نە لە عێراق و نە لە کوردستان کەس لەسەر شنگال دادگایی نەکراوە”.

ئەمڕۆ شەش ساڵ بەسەر پەلاماری چەکدارانی داعش بۆسەر قەزای شنگال و دەوروبەری تێدەپەڕێت. سەرەڕای کوژرانی سەدان و دەربەدەربوونی هەزاران کوردی ئێزدی، هەزاران ئافرەت و منداڵی کوردی ئێزدی لەلایەن داعشەوە شوێنبزر کران.

تاوەکو ئێستا لە کۆی 550 هەزار کوردی ئێزدی لە باشووری کوردستان، 360 هەزاریان ئاوارەن و 100 هەزاریشیان روویان لە هەندەران کردووە و تەنیا 20%ی خەڵک گەڕاونەتەوە شنگال، کە زۆرینەیان لە 14 کەمپی سنووری دهۆک نیشتەجێن.

پاش شەش ساڵ، ئەوەی عێراق بۆ ئێزدییەکانی کردووە، پێدانی یەک ملیۆن و 500 هەزار دینارە بۆ هەر خێزانێک کە بیەوێت بگەڕێتەوە ناوچەکەی، بەڵام هێشتا زۆر لەوانەش كە گەڕاونەتەوە ئەو پارەیەیان وەرنەگرتووە.

لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدیدا هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی رفێندراوان، قەرەبووکردنەوەی رزگاربووان و هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان زیاتر جەختیان لێدەکرێتەوە.

هەرچەندە لەو رۆژەدا بەڵێنی دڵخۆشکەر لەبارەی ژیانیان دەدرێت، بەڵام دوای شەش ساڵ لەوەی بەسەریانهات، کوردانی ئێزدی پێیانوایە ئەوەی کراوە لەئاست چاوەڕوانی و بە قەبارەی پەیمانی بەرپرسان نییە.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi