ل دوو گرتيخانێن عێراقێ دا ژماره‌یه‌كا گرتيێن ئێزدی هاتينه زیندان كرن
باسنيوز:
به‌ڕێوەبه‌رایه‌تیى نووسینگه‌ى رزگاركردنى رفێنراوانی ئێزدی، رای دەگەیەنێ، كه له دوو به‌ندینخانه‌ى عێراقدا، یه‌كێكیان له پارێزگاى مووسڵ، ئه‌وه‌ى دیكه‌ش له‌نزیك به‌غدایه، ژماره‌یه‌ك ئێزدیى ڕفێنراو له‌گه‌ڵ خێزانى تیرۆریستانى داعش زیندانی كراون، دەشڵێ دەسەڵاتدارانی عێراقی ڕێگه‌یان پێ نه‌داین بۆ چوونه ژووره‌وه و رزگاركردنى ئه‌و ئێزدییانه‌ى به‌ند كراون.
حوسێن قائیدى، به‌ڕێوەبه‌رى نووسینگه‌ى رزگاركردنى ئێزدییه رفێنراوه‌كانی سەر بە نووسینگه‌ى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ (باس)ى روون كرده‌وه: ”ئه‌گه‌ر عه‌بادى وا بزانێت عێراق له ده‌ستى داعش رزگاری بووه، ئه‌وا بۆ ئێزدییه‌كان داعش كۆتایى نه‌هاتووه، چونكه هه‌تا ئێستاش كۆمه‌ڵێ ئێزدى له‌ژێر ده‌ستى تیرۆریستانى داعشدان، به چ ماف و ڕه‌وایه‌ك عه‌بادى ده‌ڵێت عێراق له داعش رزگاری بووه، ته‌نانه‌ت هاووڵاتیى عێراقییش له‌ژێر ده‌ستى تیرۆرستانى داعش ده‌ناڵێنن، ده‌بوایه عه‌بادى سه‌ره‌تا هاووڵاتییانى رزگار بكردایه، دواتر ئەو قسەیەی کردبا! ئێمه هاووڵاتییان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه کە به‌رده‌وام ده‌بین له رزگاركردنى كه‌سوكارەکانیان، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر یه‌ك كه‌سیش بێت، سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش جه‌ختى له‌سه‌ر ئەوە كردووەته‌وه“.
هه‌روه‌ها قائیدى رای گه‌یاند: ”ئێمه داوامان له خاچى سوورى نێوده‌وڵه‌تى كردووه، كار بكات بۆ رزگاركردنى ئه‌و ئێزدییانه‌ى له به‌ندینخانه‌ى حكوومه‌تى عێراقدا زیندانی كراون، چونكه ئێمه زانیاریمان هه‌یه كه له دوو به‌ندینخانه‌ى عێراقدا هاووڵاتیى ئێزدى تیدا به‌ند كراون، بەداخەوە هیچ یه‌ك له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ش کە كار ده‌كه‌ن بۆ رزگاركردنى ئێزدییه‌كان، پشتگیری‌یان نه‌كردووین، ته‌نیا سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پشتگیریى كردووین، زۆر جار داوامان له به‌غدا كردووه هاوكار بێت، به‌ڵام هه‌تا ئێستا هیچ هه‌نگاوێكى نەناوه“.
به‌ڕێوەبه‌رى نووسینگه‌ى ڕزگاركردنى ئێزدییه‌كان ئاشكرای كرد: ”له كاره‌ساتى شه‌نگال 6417 ئێزدى له‌لایه‌ن تیرۆریستانى داعش به‌دیل گیران، له‌سه‌ر بڕیارى نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له مانگى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى 2014، نووسینگه‌ى رزگاركردنى ئێزدییانی ڕفێنراو دامه‌زرا، ئامانجى سه‌ره‌كییشی رزگاركردنى ئه‌و ئێزدییانه‌ى رفێنراون، هه‌تا ئێستاش 3312 ئێزدى رزگار كراون، کە 340 پیاو و 1155 كچ و ژن و 1817 منداڵن، به‌پێى زانیارییه نوێیه‌كان، 3000 ئێزدى له‌ژێر ده‌ستى تیرۆریستانى داعشدا ماون“.
هه‌روه‌ها گوتیشى: ”پلانێكى باش دانراوه بۆ رزگاركردنى ئه‌و ئێزدییانه‌ى كه رفێنراون، له توركیا 15 ئێزدیى رفێنراو دۆزراونه‌ته‌وه، هه‌موویان رزگار كران و ئێستاش له هه‌رێمى كوردستانن، ئه‌و كاته‌ى ته‌له‌عفه‌ر له‌ژێر ده‌ستى تیرۆرستانى داعش رزگار كرا، تیرۆستان چه‌ند ئێزدییان له‌گه‌ڵ خۆیان برد بۆ سووریا و له‌دواییدا بۆ توركیا.
هه‌روه‌ها چه‌نده‌ها پلانى نهێنییان داڕشتووه، له هه‌ر شوێنێك و ده‌ڤه‌رێك به شێوازێكى جیاواز بۆ رزگاركردنى ئێزیدییه‌كان مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، توركیا به شێوازێك، سووریا به شێوازێك، مووسڵ به شێوازێك، له‌مه‌ودوا ئێمه چاوه‌ڕێى به‌غدا ناكه‌ین ئێزیدییه‌كان رزگار بكات وەک چۆن پێشتریش نەمانکردووە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی