“شنگال بوويە جيێ هێزێن نهیاسایى”
شنگال-KDP.info-
قائمقامی شنگال دەڵیت، ئێستا حەشدی شەعبی بە هاوکاریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستی بەسەر شنگالدا گرتووە و هەردووکیان لەو شارەوە چەندین پێشێلکارییان لە ناوچەکەدا کردووە و بووەتە جێگای دڵگرانیی خەڵکی ناوچەکە.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی لایەنێکی کوردستانی، پەلاماری کەرکووک و شنگال و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
مەحەما خەلیل، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ”ئێستا شنگال بووەتە جێگای هێزە نایاساییەکان و جوگرافیای شنگالیان بەسەر خۆیاندا دابەش کردووە و و چەند لق و پۆپیان لە خۆیان دروست کردووە و دەستیان بەسەر شنگالدا گرتووە.”
مەحەما خەلیل گوتی: ”پاش ڕزگارکردنی شنگال لە دەستی چەکدارانی داعش چەندین هێز لەوێ هەن و بووەتە جێگای هێزە نایاساییەکان و جوگرافیاکەی شنگالیش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانە، چونکە ناوچەیەکی ستراتیژی و سێ گۆشەی نێوان سێ وڵاتە و بووەتە جێگای ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکان.”
مەحەما خەلیل گوتیشی: ”دەبێ هەمووی ئەو هێزانە ناوچەکە بەجێ بهێڵن، چونکە شنگال جێگای هێزە نایاساییەکان نیە، شنگال تەنیا جیگای شنگالییەکانە بە ڕێگای یاساییدا.”
بە گوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان حەشدی شەعبی خۆی کردووەتە چەندین لق و پۆپ، ئەوانیش لیوای حسێن و لیوای عەباس و کەتائیبی ئێزدیخان و فەوجی لالش و حەشدی متێوت .
لق و پۆپەکانی پەکەکەش بریتین لە یەکینەیێن پاراستنا شنگالێ (یەپەشە) و یەکینەیێن ژنێن شنگالێ (یەژەشە) کە باڵێکی سەربازیی ژنانی شنگالە و سەر بە پەکەکەیە و هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) و چەند هێزیکی دیکە هەیە بە ناوی یەکینەکانی ژنانی ئازاد، کە بە ناوی (یەژاستار) ناسراوە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی