“بەغدا هیچ بۆ کەیسا جینۆسایدا شنگال و رزگارکرنا کوردێن ئێزدی نەکر”
شنگال-KDP.info-
گوتەبێژی لیژنەی باڵای کەیسی جینۆسایدی شنگال دەڵێت، بەغدا بۆ کەیسی جینۆسایدی شنگال هاوکاریی نەکردوون، هیچ هەوڵێکیشیان نەداوە بۆ ئەوەی ئەو کەیسە بە جینۆساید بناسرێت. هاوکات بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدیش دەڵێت، بەغدا بۆ ڕزگارکردنی کچان و ئافرەتانی ئێزدی هیچ هاوکارییەکی نەکردوون.
لە دوای ئەوەی تیرۆریستانی داعش لە بۆشاییی سوپای عێراقدا گەمارۆی شنگالیان دا و داگیریان کرد، کارەساتێکی گەورەیان بەسەر خەڵکی شنگالدا هێنا و تاوانی گەورەیان دژ بە کوردانی ئێزدی ئەنجام دا، لە جینۆساید و ڕفاندنی کچ و ژن و منداڵەوە تا گەلێک تاوانی دیکە، کەچی بەغدا هیچ دەستێکی یارمەتیی بۆ شنگالییەکان درێژ نەکرد، بەڵکو هەرێمی کوردستان فریای کوردانی ئێزدی کەوت و شنگالی ئازاد کردەوە و دەیپارێزێت.
ئێستاش حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی کەیسی شنگال، کە گشت ئەو تاوانانەی داعش دەرهەق بە کوردانی ئێزدی کردوونی دەگرێتەوە بە جینۆساید بناسرێت، بەڵام بەغدا هاوکار نییە. لەوبارەیەوە گوتەبێژی لیژنەی باڵای فایلی جینۆسایدی شنگال، (حوسێن قاسم) ڕایگەیاند: ”ئەو ئاستەنگانەی دێنە بەردەم بە جینۆسایدناساندنی کەیسی ئێزدیان لە شنگال، ئەوەیە کە حکوومەتی عێراق لە کەیسەکەدا هاوکاریمان ناکات و عێراق ئەندامی دادگای نیودەوڵەتیی تاوان نییە و هیچ کۆششێکیش ناکات.”
(حوسێن قاسم) گوتی: ”عێراق لە سێ ڕووەوە دەتوانێت هاوکاریمان بکات، یان عێراق ببێتە ئەندامی دادگای نێودەوڵەتیی تاوان، یان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکارییان بکات بۆ ئەوەی بکرێن بە ئەندام، یان عێراق لەڕێی نوێنەری خۆیەوە داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان بکات، لیژنەیەکی نێودەوڵەتیی تایبەت پێک بهێنریت، بەڵام بەداخەوە بەغدا هیچی نەکردووە بۆ ئەوەی هاوکارمان بێت.”
دەربارەی هاوکارینەکردنی حکوومەتی عێراق بۆ کەیسی بەجینۆسایدناساندنی شنگال (حوسێن قاسم) گوتی: ”لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی (حەیدەر عەبادی)، سەرۆکی حکوومەتی عێراق و (فوئاد مەعسووم)، سەرۆککۆماری عێراق دەکەین بۆ ئەوەی بزانین ئەوان چۆن هاوکارمان دەبن، چونکە تا ئێستا حکوومەتی عێراق بۆ بە جینۆسایدناساندنی کەیسەکە هێچ هاوکاریمانی نەکردووە.”
بەغدا نەک هەر لە کەیسی جینۆساید هاوکاریی کوردانی ئێزدی نەکرد، بەڵکو لە ڕزگارکردنی ئەو ئافرەتانەشدا کە داعش ڕفاندوونی هیچ هەوڵێکی نەدا. سەبارەت بە ڕزگارکردنی کچان و ژنانی ئێزدی، (حوسێن قایدی)، بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ”بۆ ڕزگارکردنی کچان و دایکانی ئێزدی لە بن دەستی داعشدا حکوومەتی عێراق هاوکاریی نەکردووین، تەنیا حکوومەتی هەرێم و جەنابی سەرۆکی حکوومەت، (نێچیرڤان بارزانی) هاوکاریی کرد و نووسینگەیەک بۆ ڕزگارکردنی ئەو کچ و ژنانە کرایەوە و بە هاوکاریی ئەو نووسینگەیە نزیکەی ٣٠٠٠ کەس ڕزگار کراون و بەردەوام لە هەوڵداین تا ئەوانەی دیکەش ڕزگار بکەین.”
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی