ته‌مموز 27, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

وەزارەتا دارایی: ئيساڵه‌ مه‌ 10 مووچە دابەشکرينه‌ 

وەزارەتا دارایی: ئيساڵه‌ مه‌ 10 مووچە دابەشکرينه‌ 
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەم ساڵ 10 مووچەی تەواویان دابەشکردووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، داهاتی نێوخۆی هەرێمی کورستان مانگانە نزیکەی 320 ملیار دینارە و دوای لێدەرکردنی چەک و قەرز و پشکی وەزارەتەکان، 170 ملیاری دەمێنێتەوە، لە کاتێکدا خەرجی مانگانە دەزگاکانی حکومەتیش نزیکەی 170 ملیار دینارە.

رۆژی هەینی 29-12-2023، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە راگەیێندراوێک راپۆرتی کەناڵێکی میدیایی رەتکردەوە و رایگەیاند، لە ساڵی 2023 وەزارەتەکەیان “10 مووچەی تەواو”یان داوەتە مووچەخۆران، کە یەکێکیان مووچەی مانگی 12ـی ساڵی 2022 بووە و نۆ مووچەشی مووچەی 2023 بووە.

وەزارەتی دارایی دەڵێت، لە ساڵی 2023 حکومەتی عێراق 4 ترلیۆن و 298 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، لەو ژمارەیە 3 ترلیۆن و 700 ملیار دیناری وەک قەرز بووە و 598 ملیار دیناریشی وەک شایستەی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی حوزەیران بووە.

بەگوێرەی وەزارەتەکە، “پشکی خەمڵێندراوی هەرێمی کوردستان لە یاسای بوجەی ساڵی 2023ـی عێراق نزیکەی 16 ترلیۆن و 498 ملیار دینارە، بەڵام بەپێوەری ئینفاقی فیعلی (خەرجی کرداری) پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی ساڵەکە کە حکومەتی عێراق بۆ حکومەتی هەرێمی تەرخان کردووە نزیکەی 6 ترلیۆن و 300 ملیار دینارە، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم بەس بۆ مووچە لە ساڵێکدا پێویستی بە نزیکەی 11 ترلیۆن دینارە، بەو پێیەش کورتهێنان بۆ مووچە لە ساڵێکدا نزیکەی 5 ترلیۆن دینارە و کە دەکاتە نزیکەی مووچەی شەش مانگی فەرمانبەران و مووچەخۆران”.

وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کردووە، کێشەی یاسای بودجە بوونی بڕگەی خەرجی کردارییە، کە بەگوێرەی ئەو بڕگەیە پشکی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023 مانگانە 500 ملیار دینار تێپەڕناکات، لە کاتێکدا مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مانگانە 913 ملیار دینارە؛ ئەوە جگە لە هاوکاری هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە کە مانگانە بڕەکەی نزیکەی 25 ملیار دینارە.

لە راگەیێندراوەکەدا وەزارەتی دارایی باس لە کورتهێنانی بۆ مووچە کردووە و رایگەیاندووە، ئەگەر 100% داهاتی نێوخۆش بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە تەرخان بکەن هێشتا بە تەواوی ناتوانرێت مووچەی پێ دابەش بکرێت، “هەندێک مانگ ناچار بووین داهاتی نێوخۆی دوو مانگ بۆ کورتهێنانی مووچەی مانگێک تەرخان بکەین، کە کورتهێنانەکە نزیکەی 340 ملیار دینارە”.

بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی دارایی، داهاتی نێوخۆی هەرێمی کورستان مانگانە نزیکەی 320 ملیار دینارە و بەشی سەرەکییان لە داهاتی گومرگ، باج، کارەبا، هاتووچۆ و بەڕێوبەرایەتییەکانی تۆماری خانووبەرە وەردەگیرێت. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، “بەشێکی ئەو داهاتانە ئەمانەت و چەک و قەرزە و دوای لێدەرکردنی پشکی وەزارەتەکان کە بەپێی یاسا و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆیان تەرخان کراوە، ئەوەی وەک کاش دێتەوە خەزێنەی وەزارەتی دارایی مانگانە نزیکەی 170 بۆ 200 ملیار دینارە”.

وەزارەتی دارایی باسی لە خەرجی مانگانەی دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پێشینەی وەزارەت و دەزگاکان کردووە و رایگەیاندووە، مانگانە نزیکەی 170 ملیار دینارە و لە داهاتی نێوخۆ دابین دەکرێت.

 

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi