ته‌مموز 27, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

35 ساڵ ل سەر ئەنفالێن به‌هدینان ده‌رباز دبن

35 ساڵ ل سەر ئەنفالێن به‌هدینان ده‌رباز دبن

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ 35 ساڵ بەسەر قۆناخی هەشتەم و کۆتایی پڕۆسەی ئەنفال تێدەپەڕێت، لەو قۆناخەدا کە لە 25ـی ئاب بۆ 6ـی ئەیلوولی ساڵی 1988 درێژەی کێشا، بە ئەنفالی بادینان یان خاتیمەی ئەنفال دەناسرێت، پەلاماری ناوچەکانی دهۆک و زاخۆ و ئامێدی و ئاکرێ و چەندین ناوچەی دیکە دران، هەزاران کەس لەو قۆناخەدا بێسەروشوێنکران و بەشێکی زۆریان رووفاتەکانیان نەهێنراونەتەوە.

دوای تەواوبوونی قۆناخەکانی یەک تاوەکو حەوتی ئەنفال و وەستانی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران لە رۆژی 20ـی ئابی 1988، قۆناخی هەشتەمی دەستیپێکرد کە بە ئەنفالی بادینان دەناسرێت، ئەم قۆناخە لە رۆژی 25ـی ئابی 1988 دەستیپێکرد تاوەکو 6ـی ئەیلوولی 1988 بەردەوام بوو، سنووری زاخۆ، دهۆك، ئەترووش، زاوێتە، ئامێدی، كانی ماسی، باتیفا، دێرەلووك و سەرسەنگی گرتەوە.

ئەنفالکردنی خەڵکی ناوچەکە سەرەتا بە هێرشی بۆمبی ھێشوویی کیمیایی دەستیپێکرد و چەندین گوند و ناوچە کیمیابارانکردن و بەهۆیەوە چەندین کەس گیانیان لەدەستدا.

سەختترین ھێرشی بۆمبی کیمیایی ھێشوویی لە رۆژی 24ـی ئاب بوو بۆ سەر گوندی سپینداری لە قەدپاڵی چیای گارە، کە بە درێژایی 30 کیلۆمەتر بۆردوومانکرا، بەڵام ژمارەی قوربانییەکان لە چاو ئەم بۆردوومانە چڕە کەم بوو ئەویش بەھۆی کە پێشمەرگە توانیان پێشتر خەڵکی ناوچەکە ئاگادار بکەنەوە بە ئامۆژگاری و رێنوێنی خۆپاراستن، بەڵام ئاژەڵەکانیان لەنێوچوون، کێڵگەکانیش وێرانکاران.

لە پڕۆسەی ئەنفالی بادیناندا، زیاتر لە 5 هەزار کەس ئەنفالکران، نزیکەی 60 هەزار کەس ئاوارە و دەربەدەر بوون، 663 گوند بەر پرۆسەی ئەنفال کەوتن، لەنێویاندا 40 گوندی مەسیحی، 81 گوندی کوردانی ئێزدی، 79 گوندی دیکەش کیمیابارانکران.

سنووری پەلامارەکانی قۆناخی هەشتەمی ئەنفال، سەرجەم گوندەکانی پارێزگای دهۆک، زاخۆ، باتیفا، کانی ماسی، زێوە، ئەترووش، زاوێتە، دێرەلووک، قەزای ئامێدی و ناحیەکانیشی گرتەوە.

بەپێی راپۆرتی ژمارە 28/8 لە 3-9-1988ـی فەیلەقی پێنج کە لیوا روکن یونس محەممەد زەرب، واژۆیکردووە ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە 13 سەرکردایەتی فیرقەکانی (4، 7، 25، 29، 41)، لەگەڵ هێزەکانی ( 38، 41، 45) و سەرکردایەتیی جاش و موستەشارەکان بەشداریی کاریگەرییان کردووە، سەرجەم هێزەکانیش بریتی بوون لە 29 لیوا، 7 کەتیبەی تانک، 2 سرییە، 4 کەتیبەی زرێپۆش، 24 کەتیبەی سەدام، گاردی کۆماری، 171 فەوجی جاش.

بەیانی رۆژی 25ـی ئابی 1988 تاوەکو رۆژی 29ـی ئابی زیاتر لە 75 گورز و لێدان بە چەکی کیمیایی لە گوندەکان و چەندین ناوچەدا هەبووە، نزیکەی 500 کەس لەو هێرشانەدا بەرکەوتوون.

هەر بەپێی راپۆرتی فەرماندەی فەیلەقی پێنجی عێراق، لەو قۆناخەدا 14 هەزار و 473 کەس دەستگیرکران، لەو ژمارەیە 2 هەزار و 252یان پیاو، 3 هەزار و 303یان ئافرەت و 7 هەزار و 847یان منداڵ بوون، هەروەها 211 کەس خۆیان رادەستکردووەتەوە، 482 کەسی دیکەش لەوانەی بە “تێکدەران” ناوی بردووە دەستگیرکراون.

عەدالەت عومەر، نووسەری بواری جینۆساید لەبارەی قۆناخی هەشتی ئەنفالی بادینانەوە دەڵێت: “قۆناخی هەشتەم و کۆتایی ئەنفال کە بە خاتیمەی ئەنفال دەناسرێت، بەپێی بەڵگەنامەکانی رژێمی بەعس لەم شاڵاوە 13 هەزار و 553 کەس دەستگیر و بێسەروشوێن کران، جگە لەو کەسانەی لەکاتی دەستگیرکردن و پەلاماردان دەستبەجێ کوژران، دواتر بەپێی راپۆرتەکە لەگەڵ کیمیابارانکردنی گوندی برجینی ژمارەی قوربانییان بۆ 14473 کەس بەرزبووەوە.”

هێرشەکانی سەر ناوچەکانی تایبەت بە نەخشەی ئەنفالکردنی هەشتەمی بادینان لە زیاتر لە 9 قۆڵەوە کران، رۆژی 28ـی ئاب هێرشی زەوینی بۆ سەر ناوچەکانی بادینان بە بەشداریی 200 هەزار سەرباز دەستیپێکرد، هێزەکان هەمەجۆر و جیاواز بوون، بەپێی قسەی شایەتحاڵەکان و زانیارییەکانی بەردەست لەو کەسانەی رزگاریان بووە و قسەیان بۆ دەزگاکانی راگەیاندن کردووە، دواتر بەپێی بەڵگەنامەکانی بەعسییەکان کە لەدوای ساڵی 2003ەوە زیاتر بڵاوبوونەوە، ئەو هێزانە لە 38 لیوای پیادە و دوو لیوای زرێپۆش و سێ کەتیبەی تۆپهاوێژ و 171 فەوجی جاش کە سەر بەفەرماندەی فەوجەکانی بەرگریی نیشتمانی پێنج پێکهاتبوون.

خەڵکی بادینان لەو قۆناخەی ئەنفال پەرتەوازەبوون و بەشێکیان لە دەوروبەری گوندەکانیان دەستگیرکران و بەشێکیان کە ویستبوویان بچنە باکووری کوردستان، لەلایەن هێزەکانی سوپای عێراق و جاشەکانەوە دەستگیرکران.

بەعسییەکان لە قۆناخی هەشتەمی ئەنفالی بادیناندا، جگە لە کیمیابارانکردن، گۆڕی بەکۆمەڵ و گوللەبارانکردنی بەکۆمەڵیشیان لە چەند گوندێک لە دەڤەری بادینان کرد، لەنێویاندا لە گوندی کورێمێ لە قەزای ئامێدی.

لە ساڵی 2018 لە رێورەسمی یادی ئەنفالی بادیناندا 11 رووفات لە قەلای نزارکێ بە خاکسپێردران کە لە ساڵی 2007دا لە گۆرستانی شاخکێ لە گۆڕێکی بە کۆمەڵ دەرھێنرابوون، ئەو رووفاتانە نەناسراو بوون، ئێستا وەکو گۆڕستانی ئەنفالکراوان دەناسرێت، بەڵام بەشێک لە کەسوکارەکانیان هێشتا داوا دەکەن پشکنینی DNA بۆ قوربانییان بکرێت.

لە ئەنفالدا کە هەشت قۆناخ بوو، نزیکەی 182 هەزار هاونیشتمانی شەهیدبوون. قۆناخی گەرمیانی شاڵاوەکە لە 14ی نیسانی ساڵی 1988 دەستیپێکرد و ئەو رۆژەش وەکو ساڵیادی ئەو شاڵاوە لە باشووری کوردستان دەستنیشانکراوە و یادی دەکرێتەوە.

ئەنفال لەلایەن هەریەکە لە عێراق، بەریتانیا، سوێد، نەرویج و کۆریای باشوورەوە بە جینۆساید ناسراوە. توێژەران و سیاسەتمەداران پێیانوایە، دەکرێت هەندێک کاری زیاتر بکرێت بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زیاتر وڵات وەکو جینۆساید دان بە تاوانەکەدا بنێن.

لە ساڵی 1991دا هێزی پێشمەرگە دەستی بەسەر زیاتر لە پێنج ملیۆن پەڕە لە دۆکیۆمێنت و فایلی نهێنیی پۆلیسی عێراقدا گرت کە وردەکارییەکانی تایبەت بە سەرپێچییەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ و تاوانەکانی دیکەی هێزەکانی سەدام حوسێنیان تێدابوو. دۆکیۆمێنتە ئۆریجیناڵەکان گوێزرانەوە بۆ ئەمریکا و لەلایەن ئاژانسی هەواڵگریی بەرگرییەوە سکان کران و دواتر گوێزرانەوە بۆ زانکۆی کۆلۆرادۆ – بوڵدەر.

ئەو دۆکیۆمێنتانە لە ساڵی 1997 گوێزرانەوە بۆ بەشی ئەرشیڤی زانکۆکە. توێژەران لە سەرانسەری جیهاندا کە هەوڵیانداوە لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی دەسەڵاتی سەدام بکەن و ئەنجامدەرانیان رووبەڕووی دادگە بکەنەوە، رێگەیان پێدراوە سەیری ئەو دۆکیۆمێنتانە بکەن و سوودیان لێوەربگرن.

لە ساڵی 1992دا توێژەرانی هیومان رایتس وۆچ سەیری دۆکیۆمێنتەکانیان کرد و دواتر راپۆرتێکیان بەناوی “جینۆساید لە عێراق: هەڵمەتی ئەنفال دژی کوردەکان”یان بڵاوکردەوە، وردەکارییەکانی هەڵمەتی ئەنفالی تێدا باسکراوە.

پەرلەمانی عێراق لە 14ی نیسانی ساڵی 2008دا ئەنفالی وەکو جینۆساید ناساند. ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازییەکانی سەردەمی دەسەڵاتی سەدامیش لەسێدارەدراون، لەوانەش عەلی حەسەن مەجید، ناسراو بە عەلی کیمیایی لە ساڵی 2010دا.

لە هەڵمەتی ئەنفالدا جگە لەوەی سەتان هەزار هاونیشتمانی شەهیدکران، نزیکەی 4500 گوندیش رووخێندران.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi