زانکۆيا شنگال دێ ل ناحيا سنوونێ ئێته ڤهكرن
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرانی فەرمانگەکانی نەینەوا بە مەبەستی دامەزراندنی زانکۆی شنگال سەردانی ئەو شارە دەکەن. بەرپرسێکی پارێزگاکە دەڵێت، زانکۆی شنگال لە ناحیەی سنوونێ دەبێت و سەرەتا کۆلیژەکانی کشتوکاڵ و پەروەردەی بنەڕەتی دەکرێنەوە.
رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری کارگێڕی رۆژی چوارشەممە 13ی ئاداری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، دوێنێ لەگەڵ بەڕێوەبەری زۆربەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەینەوا سەردانی قەزای شنگالیان کرد و ئامانجەکەش هاوێشتنی هەندێک هەنگاو بوو بە مەبەستی کردنەوەی زانکۆی شنگال.
ئەو یاریدەدەرەی پارێزگاری نەینەوا گوتیشی، زانکۆکە لە ناحیەی سنوونێ دەبێت و لەسەر رووبەری نزیکەی 165 دۆنم زەوی دروست دەکرێت، بەڵام قۆناخ بە قۆناخ گەورە دەکرێت و لە شاری شنگالیش کۆلیژ دەکرێتەوە.
بە گوتەی رەفعەت سمۆ، بڕیارە سەرەتا چەند کۆلێژێک بکرێنەوە، لەوانەش کۆلیژەکانی کشتوکاڵ و پەروەردەی بنەڕەتی؛ دواتر ڤێتێرنەری و ئەندازیاری؛ سەرەتا ئەو کۆلێژانە سەر بە زانکۆی نەینەوا دەبن، بەڵام دواتر دەبنە زانکۆیەکی سەربەخۆ بە ناوی زانکۆی شنگال.
بڕیاری کردنەوەی زانکۆی شنگال لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق دراوە و بۆ ئەم مەبەستە رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی 2023 شاندێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق سەردانی پارێزگای نەینەوای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگای نەینەوا گفتوگۆیان کرد، بەڵام رەفعەت سمۆ دەڵێت، “کردنەوەی ئەو زانکۆیە پێویستی بە رەزامەندیی نزیکەی 13 وەزارەتی دیکەیە؛ ئەگەری هەیە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ رەزامەندییەکە تەواو ببێت و لە ساڵی 2025 کۆلیژەکانی کشتوکاڵ و پەروەردەی بنەڕەتی بکرێنەوە.”
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی