مەحما خەلیل: د ئایندەیەکێ نێزیکدا ھێزهكا پۆلیسان بۆ شنگال دێ ئێته پێکئينان
شنگال -KDP.info-
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، پێکهێنانی ھێزێکی پۆلیس بۆ دەڤەری شنگال گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و لە چەند ڕۆژی داھاتوودا دەست بە تۆمارکردنی ناوی ئەو کەسانە دەکرێت کە وەک پۆلیسی شنگال دادەمەزرێن.
مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “پرۆسەی دامەزراندنی ھێزێکی پۆلیس لە شنگال گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆی عێراق ڕەزامەندییان نیشان داوە بۆ دامەزراندنی دوو ھەزار و ٥٠٠ پۆلیس و نووسراوی فەرمیش دەرچووە، لەنێو پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقیشدا جێگەی دامەزراندنیان بۆ کراوەتەوە.”
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: “لە چەند ڕۆژی ئایندەدا پرۆسەی تۆمارکردنی ناوی پۆلیسەکان بەڕێوە دەچێت و داوام لە حکوومەتی فیدڕاڵ کردبوو دەست بە مەشق و ڕاھێنانیش بکەن، بەڵام دیارە مەشق و ڕاھێنانی پۆلیسەکان دەکەوێتە دوای پەسەندکردنی بودجەی عێراق بۆ ئەوەی یەکسەر مووچەیان بۆ دابین بکرێت.”
مەحما خەلیل ڕوونی کردەوە: “ئەرکی ئەو ھێزە پاراستنی سنووری دەڤەری شنگالە لەلایەن خەڵکی ئەو ناوچەیەوە و بە ھەوڵی فراکسیۆنی پارتی خەڵکی شنگال خۆیان کۆنتڕۆڵی ڕەوشی ئەمنیی سنووری خۆیان دەکەن و جێگەی ئەو ھێزانە دەگرنەوە کە ئێستا لە شنگال جێگیر کراون.”
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی