حوزه‌یران 18, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

پێشمەرگەى ل سنوور] نەینەوا 27 هەزار بۆمبێن داعشێ پووچكرينه‌

پێشمەرگەى ل سنوور] نەینەوا 27 هەزار بۆمبێن داعشێ پووچكرينه‌ 
رووداو – هەولێر

تیمەكانی بەشی ئەندازەی فەرماندەیی زێرەڤانی، زانیاریی ورد لەبارەی بۆمبە چێندراوەكانی داعش بۆ (رووداو) ئاشكرا دەكەن و دەڵێن شارەزای هەموو پلانەكانی دانانەوەی بۆمب بوون و زۆر بە ئاسانی بۆمبەكانی داعش پووچەڵ دەكەنەوە. ئەوان ئێستا رۆژانە 270 بۆمب پووچەڵ دەكەنەوە.
یەكێك لە چەكە كاریگەر و بە زیانەكانی داعش لە شەڕدا دانانەوەی بۆمب بووە لەو شوێنانەی لە ژێر كۆنترۆڵیاندا بووە.

موقەدەم سۆران یوسف فەرماندە لە بەشی ئەندازەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی دەڵێت بەهۆی جیاوازیی تاكتیكی شەڕكردن و گۆڕانكاری لە چەندێتی و چۆنیەتی دانانەوەی بۆمبەكان لەلایەن داعشەوە، پێشمەرگەش ناچار بووە پلان و تاكتیكی خۆی بگۆڕێت، بەتایبەت بەشی ئەندازە.

لیوا مەحموود كاكەیی، بەرپرسی كەتیبەی ئەندازەیی سەربازی سەر بە فەرماندەی هێزەكانی پشتیوانی یەك زانیاری لە بارەی بۆمبەكانی داعش ئاشكرا دەكات و دەڵێت “بۆ ئەوەی پێشمەرگە یان هاووڵاتی زیاتر شەهید ببن، چەكدارانی داعش بیریان لە هەموو رێگایەك دەكردەوە، وەك بەستنەوەی بۆمب بە دەرگا و پەنجەرە، دەرگای ساردكەرەوە و شتی سەرنجڕاكێش، بەڵام بەشی ئەندازەی پێشمەرگە هەر زوو شارەزای تاكتیكەكانی داعش بوو، بۆیە دەبوو بچوكترین گومان یەكلا بكەینەوە”.

سەبارەت بە چۆنیەتی تەقینەوەی بۆمبە چێنراوەكانیش دەڵێت “هەندێك لە بۆمبەكان بە دوو رێگا دەتەقینەوە، قاچ لەسەر دانان و كاتی دەرهێنان و هەڵگرتنی سەری بۆمبەكە، بەڵام بەمدواییە داعش بۆ هەر بۆمبێك سێ رێگەی تەقینەوەی دادەنا: قاچ خستنە سەر بۆمبەكە، هەڵگرتنی سەری بۆمبەكە یان لەكاتی دەرهێنانی لەژێرەوە. بۆ یەكەمجاریش ئەم رێگەیەی داعش بووە هۆی شەهیدبوونی موقەدەمێكی بەشی ئەندازە”.

بۆمبەكانی داعش لەچی دروستكراون؟

نەقیب سالار حەسەن قادر، ئەفسەر لە بەشی ئەندازەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی باسی چۆنیەتی دروستكردنی بۆمبەكانی داعش دەكات و دەڵێت “بۆمبەكان لە دوو بەش پێكهاتوون، تەقەمەنی و رووپۆشەكەی، هەردووكیشی دروستكراوی رێكخراوەكە خۆیەتی. بۆ تەقەمەنییەكە زۆرتر پشت بە كلۆر، پەینی كیمیایی و غاز دەبەستن. بۆ رووكەشەكەشی پشت بە بەرمیل، دەبە، مەنجەڵ و ئاسنی كارگەكانی خۆیان دەبەستن”. گوتیشی “بچووكترین بۆمبی داعش 15 كیلۆیە و گەورەترینیشیان كێشەكەی 200 كیلۆیە”.

بە گوتەی موقەدەم سۆران، داعش چەند رێگایەكی بۆ تەقاندنەوەی بۆمبەكان بەكاردەهێنا. لەوانەش كۆنترۆڵ، مۆبایل، راستە، راكێشان، قاچ لەسەر دانان و كردنەوەی دەرگا و پەنجەرە، بەڵام دەڵێت “ئەو رێگایەی زۆرترین پێشمەرگەی شەهید كردووە، راستەیە كە دەتوانرێت بە شاراوەیی لەهەموو شوێنێك دابنرێت و بەهۆی قاچ لەسەردانان دەتەقێتەوە”.

فاشیلترین بۆمبی داعش ئەو بۆمبانەن كە لە رێگەی مۆبایلەوە دەتەقێنرێنەوە. چونكە پێویستی بە دوو هۆكار هەیە، یەكەم ئەو كەسەی دەیتەقێنێتەوە ئامانجەكە بە چاوی خۆی ببینێ‌، هەروەها شەبەكەی مۆبایلیش هەبێ‌، ئەو دووانەش لە كاتی شەڕدا پێكەوە زۆر ئەستەمن.

كار بە رۆبۆت ناكەن

موقەدەم سۆران یوسف دەڵێت بەشی ئەندازە خاوەن رۆبۆتی تایبەت بە هەڵگرتنەوەی مینە، بەڵام لە شەڕی داعشدا كاریان پێنەكردووە، لەبەرئەوەی كاری رۆبۆت هێواشە و لە شەڕدا ناكرێ بە هێواشی كاربكرێ، بە تایبەتی لەكاتی پێشڕەویكردن دەبێت تیمەكانی ئەندازە بە خێرایی رێگەكان خاوێن بكەنەوە بۆ ئەوەی بەبێ مەترسی پێشمەرگە تێپەڕێت. ناوبراو دەڵێت “ئێمە دەتوانین لە رۆژێكدا 270 بۆمب پووچەڵ بكەینەوە، ئەو كارەش بە هیچ ئامێرێك ناكرێ‌”.

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش كرد كە تاوەكو ئێستا تیمەكانی ئەندازەی پێشمەرگە پۆشاكی تایبەتی هەڵگرتنەوەی بۆمبیان نییە، چەند جارێكیش لەلایەن هاوپەیمانانەوە بەڵێنیان پێدراوە، بەڵام تەنیا زارەكی بووە.

هەڵەی ئەندازەی پێشمەرگە یەك لە هەزار بووە

مولازمی یەكەم رزگار مەسعود خەلیل، ئەفسەری ئیداری و ژمێریاری لە بەشی ئەندازەی زێرەڤانی بە (رووداو)ی گوت “لەماوەی دوو ساڵ و نیودا لە سنووری نەینەوا توانیومانە نزیكەی 9000 بۆمب پووچەڵ بكەینەوە، سەرەڕای پووچەڵكردنەوە و تەقاندنەوەی دەیان تۆن تی ئێن تی.

بەرپرسی كەتیبەی ئەندازەیی سەربازی سەر بە فەرماندەی هێزەكانی پشتیوانی یەك لە سنوورەكانی نەینەوا و كەركووك دەڵێت 18 هەزار بۆمبیان پووچەڵ كردووەتەوە.

مەحموود كاكەیی ئاماژە بە رێژەی هەڵەی تیمەكانی ئەندازەی پێشمەرگە دەكات و دەڵێت: “سەرەڕای تاكتیكە جۆراوجۆرەكانی داعش، هەڵەی تیمی ئەندازە یەك لە هەزار بووە”.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi