“ئەمریکا ل پشتهڤانیکرنا هەرێما کوردستانێ دێ بەردەوام بت”
هەولێر-KDP.info-
لە دیداریدا لەگەڵ بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرپرسی سیاسیی کونسووڵخانەی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، کە ئەمەریکا لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.
ڕۆژی چوارشەممە، ١٢-٤-٢٠١٧، (هوشیار سیوەیلی)، بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پیرمام پشوازیی كرد لە (جێف مازور)، بەرپرسی سیاسیی كونسووڵخانەی ئەمەریکا لە هەرێمی كوردستان.
(سیوەیلی) بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەمەریکای كرد بۆ ئەو هاوكاری و پاڵپشتییانەی پێشكەش بە هەرێمی كوردستانیان كردووە و، دواتر باس لە دواین پێشهاتەكانی ناوچەكە و هەرێمی كوردستان كرا. لە درێژەی دیدارەكەدا (سیوەیلی) بۆ شاندی میوانی ڕوون كردوە، كە پێوەندییەكان و گوڕانكارییەكانی ناوچەكە پێویستی بە پتەوكردن و هەماهەنگیی زیاتر هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرفت و هەڕەشانەی لە سەرمانن. ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریکاش ڕوڵ و گاریگەرییەکی زوری هەیە و ڕاستەوخۆ بەشداریی سەربازیی لە ڕووبەڕووبووەنەوی هەڕەشەی تیرۆر لەسەر ناچەكە و جیهان هەیە. بەڵام گرینگە ڕۆڵێكی سیاسیی زیاتر بگێڕێت بۆ دۆزینەوەی چارەی كەمكردنەوە گرژییەكان و لێكنیزیككردنەوەی لایەنەكان. دەربارەی دواین سەردانی شاندی پارتی و یەكێتی بۆ بەغداد و دیداری لایەنە سیاسییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان, (سیوەیلی) ئاماژەی دا، كە زیاتر لە داخوازییەكانی یەكتر تێدەگەن و بە شێوەیەکی كراوەتر گفتوگۆ دەکەن. پرۆسەی سەربەخۆیی, پرۆسەیەكی درێژخایەن و زەحمەتە و پێویستی بە پشوودرێژی هەیە, پرۆسەكە پێویستی بە چەند كات هەبێت، ئێمە لەگەڵیین، بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە ئاشتی و ئارامی بێتە ئاراوە. سەربەخۆییی كوردستان بە گفتوگۆ دەبێت و پێویستە بە هەموو شێوەیەك دوور بێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی نەخوازراو و توندوتیژی. سەربەخۆیی ناببێتە هوكاری دروستكردنی نەهامەتیی زیاتر بۆ گەلەكەمان و ئالۆزیی بۆ ناوچەكە و، لە ٢٦ ساڵی ڕابردووشدا گەلی کورد ئەو ڕاستییەی سەلماندوە. گوتیشی، دەستبەرداری سەربەخۆییی كوردستان نابین،بۆ ئەم مەبەستەش ئەم ساڵ گشتپرسی دەكرێت و ئەنجامی ئەو گشتپرسییەش دەبێتە بنەمای گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد و وڵاتانی دیكەی ناوچەكە و جیهان.
بەشێكی دیكەی ئەو دیدارە، گفتوگۆ بوو لەسەر قەیرانە سیاسییە نێوخۆیییەكانی هەرێمی كوردستان. بەرپرسی پێوەندییەكان باسی لە هەردوو دیداری مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی بە سەرۆكایەتیی جەنابی (سەرۆك بارزانی) و سەردانی شاندی باڵای هەردوو لا بۆ لای لایەنە سیاسییەكان و نەتەوەكانی تری هەرێمی كوردستان كرد. زۆربەی لایەن و نەتەوەكانی هەرێم پاڵپشتی لە سەرخستنی پرۆسەی گشتپرسی دەكەن. بێگومان بۆچوونی جیاوازیش لەسەر میكانزمەكە هەیە، بەڵام لایەنە سیاسی و نەتەوەیییەكان، بەتایبەتی پارتی و یەكێتی لەو باوەڕەدان، کە ناكرێت پرسە نەتەوەیییەكان و سەربەخۆیی تێكەڵ بە جیاوازییە سیاسییەكان بكرێن. هەوڵێكی جیددیش لە ئارادایە بۆ لێكنیزیككردنەوەی بۆچوونە جیاوازەكان و ئامادەكاری بۆ یەكدەنگی، بۆ ئەوەی سەرجەم لایەنەكان بە یەكەوە، بەرپرسیارەتیی ئەم قۆناغە و قۆناغی داهاتووش بگرینە ئەستۆ.
پڕۆسەی ئازادكردنی مووسڵ و بارودۆخی پاش ئازادكردنی مووسڵ، تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو. (سیوەیلی) ئەوەی وەبیر شاندی میوان هێنایەوە، كە پیش دەستپێكردنی پرۆسەی ئازادكردنی مووسڵ، (سەرۆك بارزانی) بەتایبەتی و سەركردایەتیی كورد بەگشتی، داوای بەرنامە و پلانی پاش داعشیان بۆ بەڕێوەبردنی مووسڵ كرد. بەداخەوە، لایەنەكانی تر ئەو پرسەیان بەلاوە گرینگ نەبوو, زیاتر جەختیان لە تێكشكاندنی سەربازیی داعش دەكردەوە, تێكشكاندنی داعش لەڕووی سەربازییەوە ئاسانترە لە تێكشكاندنی بیروباوەڕی توندڕۆیی، كە مێژوو و ژینگەیەكی ڕەخساوی هەیە. هەریمی كوردستان لە پرۆسەی ئازادكردن و پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانە و ئاوارەكان، زیاتر لە پێویست و توانای خۆی یارمەتیی پێشكەش كردووە, گرینگە گومەڵگای نیۆدەوڵەتی و وڵاتانی ناوچەكەش زیاتر هاوكاریی هەریم بكەن.
(جێف مازور), سوپاسی بەرپرسی پێوەندییەكان دەرەوەی كرد بۆ پێشوازی و خستنەڕووی گۆشەنیگا و بۆچوونی پارتی دیموكراتی كوردستان. (مازور) جەختیشی لە گرینگیی پێوەندییەكان و هەماهەنگیی كردەوە و گوتی: ”لەكاتێكدا هەموان ڕووبەڕووی تیرور بووینەتەوە، پێویستە پێوەندییەكان پتەوتر بكرێن، بێگومان ئەمەش لە بەرژەوەندیی هەردوو لادایە.” (مازور) گوتیشی، ویلایەتەی یەكگرتووەكان بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتی لە هەرێم دەكات بۆ تێكشكاندنی تیرۆر و بیری توندڕۆیی و هاوكارییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی