حوزه‌یران 19, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

سێ سال بسەر رزگارکرنا شنگالێ دا ده‌ربازبوون 

سێ سال بسەر رزگارکرنا شنگالێ دا ده‌ربازبوون 
رووداو – شنگال

سێ ساڵ پێش ئێستا بەشی هەرە زۆری قەزای شنگال و شارۆچکەکانی لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە رزگارکران، دوای سێ ساڵ لە رزگارکردنی شنگال و نەمانی داعش لەو دەڤەرە، هێشتا 85%ـی خەڵکی دەڤەرەکە ئاوارەن.

تەحسین قاسم، پەیامنێری رووداو لە شنگال رایگەیاند، لە رۆژی 13-11-2015، واتە سێ ساڵ پێش ئێستا بەشی هەرە زۆری قەزای شنگال و شارۆچکەکانی سەر بەو قەزایە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە کۆنترۆڵکرایەوە، بەڵام دوای ئەو ماوە درێژە و نەمانی داعش لەو دەڤەرە، هێشتا 85%ـی خەڵکی شنگال ئاوارەن.

پەیامنێری رووداو دەڵێت، خەڵکی شنگال لەو باوەڕەدابوون دوای نەمانی داعش، ئەوان بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، بەڵام بۆ ئەوەی خەڵک بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان نە نەتەوەیەکگرتووەکان و نە حکومەتی عێراق تاوەکو ئێستا خزمەتگوازرییەکانیان بۆ خەڵکی دەڤەرەکە دابیننەکردووە.

لەنێو شنگال خەڵک ئاوارەن، بۆ نموونە تەنها لەسەر چیای شنگال دوو هەزار 360 خێزان ماوەی چوار ساڵە ئاوارەن، هێشتا بەشی هەرەزۆری خەڵکی گوندەکانی تەل قەسەب، تەل بەنات، حاتمیە، کۆچۆ و شارۆچکەکانی گرد زەرک و گرد عزێر سەر بە قەزای بەعاج نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانیان.

ئەگەری سەرەکی نەگەڕانەوەی خەڵکی شنگال و دەوروبەری نەبوونی خزمەتگوزاری و مینڕێژکردنی خانووەکانی دەڤەرەکەیە، کە بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی شنگال گیانیانلەدەستداوە، بە تایبەتی خەڵکی شارۆچکەی گرد عزێر، تاوەکو ئێستا 30 کەس بەهۆی ئەو بۆمبە چێندراوانەوە گیانیانلەدەستداوە.

پەیامنێری رووداو دەشڵێت: “یەکێکی دیکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەگەڕانەوەی خەڵکی شنگال بۆ دەڤەرەکەیان، بوونی چەندین هێزی جیاوازە، لەنێو شنگال و دەوروبەری لەوانە هێزەکانی پێشمەرگە، پەکەکە، حەشدی شەعبی، خەڵکیش باوەڕی بەو هێزانە نەماوە”.

پەیامنێری رووداو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، حکومەتی عێراق بەڵێنی جێبەجێکردنی 63 پرۆژەی لە قەزای شنگال دابوو، بەڵام ماوەی ساڵێکە تەنها سێ پرۆژە کەوتوونە بواری جێبەجێکردنەوە، بەپرسانی خۆجێی شنگال، ئەوانەی ئێستا لە شنگال و لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دانراون، ئەوانیش گلەییان لە حکومەتی عێراق هەیە.

بەڕێوەبەری شارۆچکەی سنوونێ و قایمقامی شنگال ئەوانەی لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دانراون بۆ رووداو ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە حکومەتی عێراق تاوەکو ئێستا وەکو پێویست خزمەتگوزاری نەگەیاندووەتە دەڤەرەکە، رەنگە لە دوو هەفتەی داهاتوو بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری خەڵک خۆپیشاندان بکات.

لە کۆی 500 هەزار دانیشتووی شنگال و شارۆچکەکانی دەوروبەری 12%ـی گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا لە راپۆرتێکدا دەڵێت، زیاتر لە 100 هەزار کوردی ئێزدی روویان لە دەرەوەی وڵات کردووە.

ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە، کە رکابەی هێزە ئەمنییەکان لە شنگال، نەبوونی ئاو، کارەبا و خەرجییەکانی ئاوەدانکردنەوەی خانووەکان وایکردووە زۆربەی شنگالییەکان بە ئاوارەی بمێننەوە.

هەر لە راپۆرتێکەدا ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، شەڕی دژی داعش نزیکەی شەش ملیۆن کەس واتە 15%ـی دانیشتووانی عێراقی کردە ئاوارە و تاوەکو ئەیلوولی 2018ـش چوار ملیۆن عێراقی گەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان، بەڵام تەنیا 52 هەزار کەس کە دەکاتە 12%ـی دانیشتووانی شنگال گەڕاونەتەوە شار و شارۆچکە و گوندەکانیان.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، ژمارەیەکی زۆر بۆمب و مینی چێندراو لە شنگال ماون، خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک ئاو و کارەبا و چاودێری تەندروستی کەمن، خەرجی ئاوەدانکردنەوەی خانووەکان زۆرە، هێزی ئەمنی رکابەر لە ناوچەکەدان، ئەمەش وایکردووە خەڵکی ئامادە نەبن بگەڕێنەوە شوێنەکانیان.
رووداو لە یەکەم ساتی هێرشی داعش بۆ سەر شنگال لەڕێگەی تۆڕی پەیامنێرانییەوە لە چیای شنگال و مەزارگەی شەرەفەددین و نووسینگەکانی لە دەرەوەی وڵات، وەک میدیایەکی پرۆفیشناڵ، دەنگی کوردانی ئێزدی گەیاندە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی لە شنگال و ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستان، بووە هۆی ئەوەی بەهەزاران کەس لە کوردانی ئێزدی گیانیانلەدەستبدەن و هەزارانی دیکەش بێسەروشوێن بن.

رۆژی 3ـی ئابی 2014 چەکدارانی داعش هێرشیانکردەسەر شنگال و زیاتر لە شەش هەزار کوردی ئێزدی رفێندران، دواتر لە تشرینی دووەمی 2015 و بە بەشداریی زیاتر لە حەوت هەزار و 500 پێشمەرگە شنگال کۆنترۆڵکرایەوە.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi