پەکەکێ پتر ژ 250 کچ و کورێن ئێزدى برينه قەندیلى
باسنيوز:
بەڕێوەبەری ئاسایشی شنگال رای دەگەیەنێ، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پتر لە ٢٥٠ گەنجی کچ و کوڕی شنگال کە چەکداری کردبوون، رەوانەی قەندیلی کردوون، ھەندێک لەوانە لەو کەسانەن کە لە لایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە لە کارەساتی شنگالدا رفێندرابوون، پاشان پەکەکە چەکداری کردوون و بردوونی بۆ قەندیل.
قاسم سمۆ بەڕێوەبەری ئاسایشی شنگال بۆ (باس)ی روون کردەوە: “پەکەکە رفێندراوانی ئێزدی کاتێک لە سووریا رزگار دەبن، بەتایبەتی منداڵان و ھەرزەکاران، ئەو ناھێڵێ ئەو خەڵکە رزگاربووە بۆ نێو کەس و کاریان بگەڕێنەوە، بەڵکوو ئەو خەڵکەی لە دەستی تیرۆریستانی داعش رزگاریان دەبێت، ئەو بۆ قەندیل دەیانگوازێتەوە، بەبێ ئەوەی کەسوکاری ئەو رزگاربووانە ئاگەدار و رەزامەند بن.”
قاسم سمۆ ئەوەشی ئاشکرا کرد: “ئەو کچ و منداڵانەی لە دەستی داعش رزگار دەبن و دەکەونە ناوچەکانی ژێر دەستی پەکەکە لە سووریا، پەکەکە بەبێ ئەوەی پیشانی کەس و کاریان بدات، چەکیان پێ دەدات و بەرەو قەندیلیان دەبات، پێویستە پەکەکە دەست لەم رەفتارانە ھەڵگرێت و رێز لە بڕیاری خەڵکی شنگال و جڤاتی رۆحانی و ئێزدیان بگرێت و شنگال چۆڵ بکات.”
خدر ئەلیاس نوێنەری خەڵکی شنگال لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە (باس)ی راگەیاند: “شنگالییەکان باوەڕیان بە پەکەکە نەماوە، ئێستا ٣٧ ھەزار کەسی ئێزدی لە خانەسۆر لەبەر پەکەکە ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەو ھەرزەکار و گەنج و لاوانەی شنگال کە بوونەتە پەکەکە، ئێستا رۆژانە ژمارەیەکیان ریزەکانی پەکەکە جێ دەھێڵن و دەبنە پێشمەرگە.”
خدر ئەلیاس ئەوەشی گوت: “پەکەکە لەبری ئەوەی بیر لە ئاوەدانکردنەوەی شنگال بکاتەوە، دێت ئاڵۆزی و پەشێوی بۆ پتر وێرانکردنی شنگال دەنێتەوە، پەکەکە گەورەترین کۆمەڵگەی ئێزدیانی لە شنگال داگیر کردووە، خەڵک ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە خانەسۆر لەبەر مەترسی و ھەڕەشەی پەکەکە.”
ئەو ھەروەھا روونی کردەوە: “رەفتاری ناشیرینی پەکەکە لە شنگال خەڵکی شنگالی دڵگران کردووە، مخابن پەکەکە باوەڕی بە دیموکراسی نییە و کار بۆ داگیرکردنی شنگال و نانەوەی ئاڵۆزی لە دەڤەرەکەدا دەکات.”
خدر ئەلیاس ئەوەشی گوت: “خەڵکی شنگال باوەڕیان بە پەکەکە نەماوە، ئەو گەنجانەی شنگال کە بوونەتە پەکەکە، رۆژانە دەگەڕێنەوە و دەبنە پێشمەرگەی کوردستان، ھەموو خەڵک گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە بە تەنیا پێشمەرگە دەتوانێ ئارامی و ئاسایش لە شنگال دابین بکات.”
لای خۆیشەوە قاسم دەربۆ بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی پێشمەرگە لە فەرماندەیی شنگال بۆ (باس)ی روون کردەوە: “پتر لە ٢٠ رێکخراو ھاتبوونە سنوونێ و شنگال و ناوچەکانی دیکەی دەڤەری شنگال بۆ خزمەتکردنی ئێزدی و گەڕانەوەیان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام لەبەر ئاڵۆزییەکانی پەکەکە ھەموو ئەو رێکخراوانە خۆیان لە دەڤەرەکە کێشایەوە، بە تەنیا دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە دەڤەری شنگالدا ماوە و دێژە بە خزمەتکردنی ھاووڵاتیان دەدات.”
ئەو ئاشکراشی کرد: “لەبەر پەکەکە ھیچ رێکخراوێک ناوێرێ لە دەڤەرەکەدا بمێنێتەوە و شنگال ئاوەدان بکاتەوە، ھەتا پەکەکە لە شنگال بێت دەڤەرەکە ئاوەدان ناکرێتەوە و پلانی پەکەکەش ئەوەیە دەڤەرەکە پتر وێران و کاول بکەن.”
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی